هه‌ولێر: له‌ڕێگای پۆستی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌، ئه‌میری كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ستافی مه‌ڵبه‌ندی هه‌نده‌ران كۆده‌بێته‌وه‌

625

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2/10/2017 مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی مامۆستا حه‌سه‌ن بابه‌كر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی، له‌ڕێگای ڤیدیۆ مه‌سه‌نجه‌ره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرس‌و كارگێڕو ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌ندی 10ی هه‌نده‌رانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كۆبۆوه‌.

سه‌ره‌تا سامان ڕه‌باتی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌نده‌ران‌و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی، تیشكی خسته‌ سه‌ر كاروچالاكیی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌یان‌و داوای له‌ ئه‌میری كۆمه‌ڵ كرد ڕێنمایی پێویستیان ئاراسته‌ بكات.

پاشان مامۆستا عه‌لی باپیر وته‌یه‌كی پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بوان كردو داكۆكیی له‌سه‌ر گرنگیی دان به‌لایه‌نی ئیمانیی‌و عیباده‌تی ڕاست‌و درووست‌و خۆڕازاندنه‌وه‌ به‌ڕه‌وشتی به‌رزو جوان كرده‌وه‌و، به‌هێزكردنی لایه‌نی ڕووحیی‌و مه‌عنه‌ویی كه‌ به‌رهه‌می خواپه‌رستییه‌ به‌پێویست زانی.

پاشان ئه‌میری كۆمه‌ڵ تیشكی خسته‌سه‌ر دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی عێڕاق به‌گشتیی‌و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیی‌و، مامۆستا عه‌لی باپیر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پرسی سەربەخۆیی گه‌لی كورد لای كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ستراتیژەو به‌مافێكی ڕه‌وای ده‌زانین.

له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌میری كۆمه‌ڵ له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی كاروباری مه‌ڵبه‌نده‌كه‌یان، ژماره‌یه‌ك ڕێنمایی پێویستی ئاراسته‌ كردن‌و، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی به‌هه‌وڵ‌و ماندووبوونی ئێوه‌و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كاتی تری كۆمه‌ڵ هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌و قۆناغی باشی بڕیوه‌.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مامۆستا عه‌لی باپیر گوێ‌ی گرت له‌ تێبینیی‌و پێشنیارو سه‌رنجی ئاماده‌بوان‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دانه‌وه‌و سوپاسی هه‌موولایه‌كی كرد، كه‌ توانیویانه‌ له‌هه‌نده‌ران ئه‌ركه‌ حیزبییه‌كان جێ‌به‌جێ‌ بكه‌ن‌و ماندوونه‌ناسانه‌ كاره‌كانیان ڕا‌په‌ڕێنن.

 

Comments
Loading...