بنه‌ما شه‌رعییه‌كان و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن

6,148

بنه‌ما شه‌رعییه‌كان و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن

 

له‌ پێشه‌كی ئه‌م نامیلكه‌یه‌دا مامۆستا عه‌لی باپیر ده‌نوسێ و ده‌ڵێ:

 

بێگومان ئه‌سڵ له‌بوون (وجود)ی مسوڵماناندا كومه‌ڵ بوون (تجمّع)‌و یه‌كبوون (وحدة‌)‌و یه‌كگرتنیانه‌و، ئیسلام ئایین‌و به‌رنامه‌یه‌كه‌ چه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی به‌تاك ( فرد)ه‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌ند قات (أضعاف)ی ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌كۆمه‌ڵ (جماعة‌)ه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند ئه‌رك‌و فه‌رمانێكی به‌تاكیی (فَردي) ئه‌نجام بدرێن، ئه‌وه‌ بێگومان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌رك‌و فه‌رمانه‌كانی به‌ كۆمه‌ڵ‌و كاری هه‌ره‌وه‌رزیی نه‌بێ‌ جێبه‌جێ‌ ناكرێن، ئه‌مانه‌ش چه‌ند ڕاستییه‌كی ڕوون‌و بێ چه‌ندو چۆنن كه‌ له‌سه‌دان ئایه‌تی قوڕئان‌و فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلی الله علیه وسلم) داكۆكیان له‌سه‌ر كراوه‌.

 

به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر بێت‌و كۆمه‌ڵ بوون‌و یه‌كبوون‌و یه‌كگرتنی مسوڵمانان به‌و شێوه‌یه‌و چۆنیه‌تییه‌ ڕاست‌و شه‌رعییه‌ نه‌بێ كه‌ خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) دیارییان كردووه‌‌و فه‌رمانیان پێ كردووه‌‌و، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما شه‌رعییانه‌ (الأصول الشرعیة‌) بنیات نه‌نرێ‌و، به‌پێی ئه‌و بنچینه‌و یاسا شه‌رعییانه‌ (القواعد والأحكام الشرعیة‌) به‌ڕێوه‌نه‌برێ كه‌ له‌ قوڕئان‌و سوننه‌تدا خراونه‌ڕوو، ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌ مه‌به‌سته‌ شه‌رعییه‌كان (المقاصد الشرعیة)ی پێ ناهێنرێنه‌دی، بگره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ڕه‌چاونه‌كردنی بنه‌ما‌و بنچینه‌‌و یاسا شه‌رعییه‌كان‌و لێ لادانیان، شه‌رعیی بوون (شرعیة)ی خۆشی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌!

 

جا له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ له‌م قۆناغ‌و هه‌ل‌ومه‌رجه‌ی ئێساماندا سه‌رجه‌م برا‌و خوشكانی دڵسۆزو به‌په‌رۆشی نێو بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامییمان  به‌هۆی لادان (إنحراف)ی بزووتنه‌وه‌ -به‌تایبه‌ت له‌ئاستی قیاده‌داـ له‌

زۆربه‌ی بنه‌ما‌و بنچینه‌ شه‌رعییه‌كان، دووچاری دڵساردیی‌و نائومێدیی‌و بێزاریی بوونه‌و هه‌ر چاوه‌ڕێی دۆزینه‌وه‌ی ڕێچاره‌ (طریق حلّ)ێكن، به‌پێویستم زانیی كه‌ له‌دوو توێی ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕیه‌دا تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ما شه‌رعیی‌و هێڵه‌ گشتییانه‌ی كه‌ ده‌بێ كۆمه‌ڵ‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامیی ڕاست‌و ڕه‌سه‌ن له‌سه‌ریان بنیات بنرێ‌و به‌گوێره‌یان به‌ڕێوه‌ببرێ، به‌هیوای ئه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندام‌و موجاهیده‌ به‌ڕێزو دڵسۆزانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانی ڕاست كردنه‌وه‌و گۆڕانكاریییه‌كانی ڕیشه‌یی كۆمه‌ڵ‌و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كانن، تێكڕا‌و وێكڕا بوێرانه‌‌و ده‌ست گه‌رمانه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م بنه‌ما شه‌رعییانه‌و، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م هێڵه‌ گشتییانه‌دا ده‌ستبار بۆ یه‌كتر بگرن‌و، به‌ر له‌ داڕووخان‌و پووكانه‌وه‌ی زیاتر بزووتنه‌وه‌كه‌یان بگرن‌و، به‌هانده‌ری خوا له‌ خۆڕازی كردن‌و، به‌ندایه‌تیی (عبودیة‌)ی چاك بۆ خواكردن، بێ گوێدانه‌ لۆمه‌‌و سه‌ركۆنه‌ی خه‌ڵكی، شه‌رعییه‌ت‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كی تێر‌و ته‌واو بۆ كارو كاروانه‌ جیهادییه‌كه‌یان بگێڕنه‌وه‌، وه‌ك خوای به‌خشنده‌ له‌باره‌ی مسوڵمانانی هه‌ڵبژارده‌ی بووژێنه‌ره‌وه‌ی ئایینه‌كه‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: (…يُحِبُّهُمْ وَيُحِبُّونَهُ أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ يُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلَا يَخَافُونَ لَوْمَةَ لَائِمٍ…) المائدة: 54.

 

ئاشكراشه‌ كه‌ تاكه‌ ده‌سته‌به‌ركه‌ر (ضامِن)ی سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵی مسوڵمانان‌و ڕێ بۆ ته‌خت كرانی‌و یاریده‌ ده‌رانی له‌لایه‌ن خوای زاڵ‌و كاربه‌جێوه‌، پابه‌ندییانه‌ به‌ به‌رنامه‌‌و شه‌ریعه‌تی خواوه‌، كه‌ له‌ئیمان‌و عه‌قیده‌ی ڕاست‌و ساغ‌و چاك به‌ندایه‌تیی كردنیان بۆ خوادا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ك خوای به‌رز‌و مه‌زن فه‌رموویه‌تی: (وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ) آل عمران: 139.

 

وه‌ فه‌رموویه‌تی: (…إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ…) القتال:7.

وه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ)  العنكبوت: 69.

 

كۆتایی ئه‌م چه‌ند قسه‌یه‌ش به‌م ئایه‌ته‌ به‌هێز‌و پێزه‌ی خوای باڵا ده‌ست دێنم كه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ  وَسَتُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ) التوبة: 105.

 

برای دڵسۆزتان/ عه‌لی باپـیر

24صفر ـ 1422 به‌رامبه‌ر 17/5/2001

ئه‌حمه‌د ئاوا

چاپی یه‌كه‌م

 

Comments
Loading...