هەڵوەشاندنەوەی بیروڕاو ڕەفتارە پەڕگیرانەكانی ڕێكخراوی (داعش)1

4,881

لەبەر یەكهەڵوەشاندنی بیرۆكەی پەڕگیریی

زنجیرەی یه‌كه‌م

هەڵوەشاندنەوەی بیروڕاو ڕەفتارە پەڕگیرانەكانی ڕێكخراوی (داعش)


پێشەكی
چاپی دووەم

الحمدلله وصلاته وسلامه على عباده الذين اصطفى


لەكاتێكدا ئەم پێشەكییە دەنووسم كە “وەك دوو سێ‌ ساڵ لەمەو بەر پێشبینیم كردبوو” ڕێكخراوی بەناو (دەوڵەتی ئیسلامیی) ناسراو بە (داعش) لەهەر كام لە سوریاو عێراق تەواو شپرزە كراوەو، پانتاییەكی كەمی لەو سەرزەمینەی لەسەرەتاوە بەدەستیەوە بوو “لەو دوو وڵاتەدا” بەدەستەوە ماوەو، كەوتۆتە ڕۆژانی كۆتایی تەمەنی.

هەڵبەتە جگە لەو چارەنووسەش بۆ (داعش) چاوەڕێ نەدەكرا، چونكە هەمیشە پەڕگیریی‌و سەركێشیی، تەمەنی كورتەو زۆر بڕناكات، ئەوەی زۆر بخوڕێ‌ كەم دەبڕێ‌، ڕێكخراوێك لەكەس ڕازیی نەبێ‌‌و، هیچ كەس لێی ڕازیی نەبێ‌‌و، بیركردنەوەو ڕەفتاری پێچەوانەی شەریعەت بێ‌‌و، لەگەڵ عەقڵ‌و مەنتقیدا دژ بوەستێ‌، هەر ئەوە سەرەنجامی دەبێ‌.

شایانی باسیشە ئەم كتێبەو دوو هاوەڵەكەی دیكەشی :


1ـ {با لادان‌و تاوانی پەڕگیران، بەرامبەر بەئیسلام نەمانخاتە دوو دڵیی‌و گومان}.


2ـ {پەڕگیریی: پێناسەی، نیشانەكانی پەڕگیران، هۆكارەكانی پەڕگیریی، شوێنەوارو دەرهاوێشتەكانی، چارەسەری}.


پاش تەرجەمەكردنیان بۆ زمانی عەڕەبیی لە دوو توێی كتێبێكدا، هەتا ئێستا دووجاران چاپ كراوە، یەكەمیان لە (بەریتانیا/ لەندەن)  بەناوونیشانی :

(نقض فكرة التطرف).

دووەمیشیان لە میصر/ قاهیرە، بەناوونیشانی:

(نقْضُ التطرف ودحض أفكار المتطرفين).

هەروەها هەرسێكیان بەجیاجیا تەرجەمەی زمانی فارسیش كراون.

لە خوای باڵادەست‌و  میهرەبانیش دەپاڕێمەوە: دەرووی خێر لە مسوڵمانان بكاتەوەو هیدایەتیان بدات كە زیاترلە  ئایینەكەیان تێبگەن‌و تێیدا پێبگەن، چونكە بێگومان: وێڕای بارودۆخی سیاسیی‌و ئابووریی‌و كۆمەڵایەتیی‌و ناهەموارو پڕ ستەمی كۆمەڵگاكانی مسوڵمانان، پیلان‌و فێڵی زلهێزان‌و ڕژێمە وابەستەو دابەستەكانیان‌و، دامودەزگا هەواڵگرییەكانیان، كرچ‌و كاڵیی‌و تێنەگەیشتوویی‌و پێنەگەیشتوویی مسوڵمانانیش بە گشتیی‌و بەتایبەت زۆرێك لە چینی گەنج‌و تازە پێگەیشتوویان، ڕۆڵێكی گەورەی گێڕاوەو دەگێڕێ‌ لە پەیدابوون‌و تەشەنەكردنی دەستەو تاقمە پەڕگیرو لادەرەكانی، وەك (داعش)و هاو وێنەكانیدا.

دیارە لە بەرنامەشدا هەیە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا، ئەو سێ‌ كتێبە كە كۆی بیست‌و دوو (22) وتاربوون‌و، بە زنجیرە لەلاپەرەی تایبەتیی بەندەدا: (www.facebook.com/ali bapir) بڵاوكراونەوە، لە دووتوێی كتێبێكدا بەناوونیشانی:
(هەڵوەشانەوەی بیری پەڕگیریی) چاپ‌و بڵاوبكەینەوە.

 

والسلام علینا وعلی عبادالله الصالحین

18/رەمەزان/1438ك

13حوزەیرانی/2017ز

هەولێر

 

Comments
Loading...