با لادان‌و تاوانی پەڕگیران، بەرانبەر بە ئیسلام نەمانخاتە دوو دڵیی‌و گومان2

4,654

 

لەبەر یەكهەڵوەشاندنی بیرۆكەی پەڕگیریی

زنجیرەی دووەم

با لادانو تاوانی پەڕگیران، بەرانبەر بە ئیسلام نەمانخاتە دوو دڵییو گومان

پـێـشـەكـی

ئیسلام وەك دوایین نوسخەی هیدایەتی خواو، دوا پەیامو بەرنامەی بۆ مرۆڤایەتیی، هات تاكو مرۆڤایەتیی لە تاریكاییەكانی نەفامێتیی دەربێنێ‌‌و بیخاتە نێو ڕووناكیی: ئیمانو خوا یەكگرتنو، ئازادییو، دادگەرییو، تەباییو، ڕەوشت بەرزیی، وەك خوای تاكو تەنیا فەرموویەتی:

بسم الله الرحمن الرحيم

الر ۚ كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ لِتُخْرِجَ النَّاسَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَىٰ صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ . اللَّهِ الَّذِي لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ۗ وَوَيْلٌ لِّلْكَافِرِينَ مِنْ عَذَابٍ شَدِيدٍ . إبراهيم -1,2-

واتە: بە ناوی خوای بەبەزەییو بەخشندە . ئەلیف، لام، ڕا (ئەمە) كتێبێكە بۆلای تۆمان دابەزاندوە، تاكو بەمۆڵەتی پەروەردگاریان خەڵكی لەتاریكاییەكان بەرەو ڕووناكیی دەربێنیو، بەرەو ڕاستە شەقامی (خوای) زاڵی ستایشكراویان بێنی. ئەو خوایەی كە خاوەنی هەرچییەكە كە لە ئاسمانەكانو زەوی دایەوە وای لە كافران لە سزای بەئێش!

هەڵبەتە ئەو ئامانجە بەرزو مەزنەش كە بۆی هاتبوو، لەڕۆژگاری پێغەمبەری خاتەم (محمد) “صلی الله علیه وسلم”و چوار جێنشینە سەر ڕاستەكانی “أبوبكر و عمر و عثمان و علی”دا، خوا لێیان ڕازی بێ“، بەباشترین شێوە، جێبەجێ بوو، بەڵام دواتر لەسەردەمی (معاویة بن أبي سفیان) بەملاوە، كەمو زۆر لادانو هەڵەوپەڵەی جۆراوجۆرو، دووركەوتنەوە لە ڕێبازی ڕاستو ڕەسەنی پێغەمبەری خوا “صلی الله علیه وسلم”و چوار خەلیفەكانی، ڕوویداو، لەئاكامی ئەوەشدا، وەك كاردانەوە  وێڕای چەند ڕاپەڕینێكی شەرعییانەی ڕەسەن، لەدژی ئەو لادانو ستەمو خراپەكارییەو، بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری كاری حوكمڕانییەك كە بەناوی ئیسلامی ڕاستو بێ گرێ‌‌و گۆڵەوە، دەكرا، ژمارەیەك تاقمو دەستەی پەڕگیرو تێپەڕێنەر سەریان هەڵدا، كە زانایانی ڕەسەنی ئیسلام بۆ ناساندنیانو جیاكردنەوەیان لە جەماوەری مسوڵمانان، چەند زاراوەیەكیان بۆ بەكارهێناون، وەك: (الفرق، أهل الأهواء، أهل البدع، الغُلاة) واتە: تاقمەكان، خاوەن ئارەزووەكان، بیدعەتچییەكان، تێپەڕێنەران.

شایانی باسیشە ئەو گرووپو تاقمە لادەرانە، لادانەكانیان جۆراوجۆربوون:

1-     هەبووە لەڕووی حوكمو سیاسەتەوە لایداوە، كە حوكمڕانەكان بوونو حوكمی ئیسلامییان لە ڕاوێژ (شوری)ەوە، گۆڕیوە بۆ میراتییو بنەماڵەیی.

2-     وە هەبووە لەڕووی عەقیدەییو فیكرییەوە،لایداوە، وەك: خەواریجو موڕجیئەو موعتەزیلەو جەهمییەو موجەسسیمەو… هتد.

3-     وە هەبووە لە ڕووی خواپەرستییو دینداریی تایبەتییەوە، لایداوە، وەك زۆرێك لەوانەی بەناوی (زهدو تصوُّف)ەوە ناسراون.

4-     وە هەبووە لەزۆر ڕووەوە لایداوە، وەك شیعە، بە هەموو گرووپو تاقمە زۆرو جۆراوجۆرەكانیانەوە..

ئنجا زاناو پێشەوایانمان هەر لەوكاتەوە، كە لادان ڕوویداوە، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوەو هەوڵی پاكسازییو چاكسازییو ڕاستكردنەوەیان لە كۆمەڵگاكانیاندا داوەو، لەلایەكەوە ڕەخنەی توندیان لە حوكمڕانە لادەرو ستەمكارەكان گرتوەو (كا)و (دان)ی قسەو هەڵسو كەوتەكانیان بەبێژینگی شەریعەت لەیەك جیاكردۆتەوە.

وە لەلایەكی دیكەشەوە: سەرجەم بیروڕاو هەڵسو كەوتەكانی گرووپو تاقمە لادەرەكانیان، لەبەر ڕۆشنایی عەقڵو وەحییدا هەڵسەنگاندوەو، هەقو ناهەقیانیان خستۆتەڕوو.

ئنجا بەندەش وەك شوێنكەوتووێكی ئەو زاناو پێشەوایانەمان -خواپاداشتیان بداتەوە- لەساڵانی ڕابردوودا لە كۆمەڵێك بەرهەممدا ڕەخنەم لەو بیرۆكە نامۆیانە گرتوە، كە هاتوونەتە نێو مسوڵمانان، وەك: ئیلحادو ماددیگەراییو، ماركسیزمو كۆمۆنیزمو، ناسیۆنالیزمو، سیكۆلاریزم…

ئێستاش لەم ڕۆژگارەدا- كە پەڕگیرییو تێپەڕاندن لەنێو مسوڵماناندا بۆتە دیاردەیەكو، دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردوە، بەپێویستم دەزانی كە ماوەیەك لەكاتی خۆم بۆ لێكۆڵینەوەو تێوەڕامان لەو بابەتەو، پاشان نووسین لەبارەیەوە، تەرخان بكەم، وەك بەرگریی لە ئیسلامێك كە ئامانجی هەرە گەورەو بەرزی لەژیانی بەشەردا بەگشتی: چەسپاندنی دادگەرییو لابردنی هەموو شێوەیەكی ستەمو خراپەو ئاشووبە، وەك خوا فەرموویەتی: (لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ ۖ ….) -25- الحديد، واتە: بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرانی خۆمانمان بە موعجیزەو بەڵگە ڕوونەكانەوە ناردوونو، كتێبو تەرازووشمان لەگەڵ ناردوونە خوارێ، تاكو خەڵك بە دادگەریی بەڕێوەبچن..

وە ئامانجی بەرزی لەژیانی تاكەكاندا، ئەوەیە كە بیانخاتە سەر ڕاستە شەقامو، حاڵەتی هاوسەنگییوڕێكییان بۆ بێنێتەدی، وەك خوای دادگەر فەرموویەتی:  (إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ.  لِمَن شَاءَ مِنكُمْ أَن يَسْتَقِيمَ) -28,27- التكوير، واتە: ئەم قوڕئانە تەنیا بیرخەرەوەیە بۆ جیهانییان، بۆ هەركامێك لەئێوە كە بیەوێ ڕاستو ڕێك بێ.

هەڵبەتە ئیسلامیش تۆمەتبار نیە، تاكو پێویستیی بەبەرگریی لێكردن  بێ، بەڵام بڵێین چی! كارەكەی منیش هەرچەندە بەڕواڵەت بەرگریی لێكردنی ئیسلامە، بەڵام لەڕاستییدا بریتیە لە: ڕەواندنەوەو لادانی تەمو مژی، ئەو بیروڕاو ڕەفتارە كرچو كاڵو پڕ هەڵەو پەڵەی پەڕگیرو تێپەڕێنەرانەیەی، كە وەك تۆزو خۆڵ لەسیمای گەشو جوانی ئیسلام ئاڵاوە، كە دیارە ئەویش ئەركی گەورەو گرنگی زانایانی میراتگری پێغەمبەری خاتەمە “صلی الله علیه وسلم” وەك فەرموویەتی: {يَحْمِل هذا الدِّين مِنْ كُلِّ خَلَفٍ عُدولُهُ: يَنْفون عنه تحريقَ الغالين، وانتحال المبْطلين، وتأويل الجاهلين} واتە: ئەم ئایینە باشترینی هەر پاشینێكی چاك هەڵیدەگرن: ئنجا لادانی تێپەڕێنەرانو، لافلێدانی ساختانو، تەئویلكردنی نەزانانی، لێ دووردەخەنەوە.

هیواداریشم ئەم بەرهەمەم- كە وەك هەموو یان زۆربەی هەرەزۆری بەرهەمەكانم بەخوێنراوو بیستراوەوە- پاش ڕاوێژكردنو، داوای چاكە لە خواكردن هاتۆتەدی، ئەو ئامانجەی بۆی نووسراوە، بەباشترین شێوە بیپێكێ.

شایانی باسیشە ئەم زنجیرەیەش –وەك زنجیرەی پێشوو- پێشتر، بە دە (10) ئاڵقە لە پەیجی تایبەتی خۆمدا لە فەیسبووك، بەم ناو ونیشانە: (www.facebook.com/alibapir)، بڵاوكراوەتەوە.

 

والسلام علینا وعلی عباد الله الصالحین

14 ربیع الثاني 1436 ك

3 شوباط 2015ز

هەولێر

 

Comments
Loading...