پەڕگیریی پێناسەی، نیشانەكانی پەڕگیران، هۆكارەكانی پەڕگیریی شوێنەوارو دەرهاوێشتەكانی، چارەسەریپێشەكی 3

4,494

لەبەریەكهەڵوەشاندنی بیرۆكەی پەڕگیریی

زنجیرەی سێ‌یەم

پەڕگیریی

پێناسەی، نیشانەكانی پەڕگیران، هۆكارەكانی پەڕگیریی

شوێنەوارو دەرهاوێشتەكانی، چارەسەریپێشەكی

خوێنەری بەڕێزو سەنگین!

ئەم كتێبەی بەردەستت لە لێكۆڵینەوەیەكی –تا ڕاددەیەك- چڕو پڕە، لەبارەی دیاردەیەكەوە كە لەهەر كۆمەڵگایەكدا سەرهەڵبدات، لـێ‌ی دەبێتە خۆركە‌و مۆرانەو، سەری بەفەتارەت دەدات، ئەویش بریتیە لە پەڕگیریی‌و تێپەڕاندن.

ئنجا هەرچەندە وشەكانی: پەڕگیریی‌و تێپەڕاندن مانایەكانیان گشتییە، بەڵام لەبەكارهێنانی مسوڵماناندا، چەمك‌و واتایان، دیارییكراوە، كە مەبەست پێیان: ئەو پەڕگرتن‌و تێپەڕاندنە لەئیسلامداو، لادانە لە شەریعەت‌و، سەركێشیی‌و زێدەڕۆیی تێدا كردنیەتی، وەك خوای كاربەجێ‌ بەپێغەمبەری خاتەم (محمد) “صلی الله علیە وسلم”ی فەرمووە: (فَاسْتَقِمْ كَمَا أُمِرْتَ وَمَن تَابَ مَعَكَ وَلَا تَطْغَوْا إِنَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ) هود: ١١٢ واتە: دەجا وەك فەرمانت پێكراوە: خۆت‌و ئەوانەی لەگەڵت گەڕاونەوە (بۆلای خوا) ڕێك وەستاوبن‌و، سەركێشیی مەكەن، بێگومان ئەو (خوا) بینەری ئەوەیە كە دەیكەن.

دیارە جوانیی‌و ڕەونەقی مسوڵمانەتیی‌و دیندارییش، لەوەدایە كە خاوەنەكەی تێیدا هاوسەنگ‌و ڕێك (مُتَّزِن و مُعْتَدِل) بێ‌، هەر بۆیەش خوای بەرزو مەزن فەرموویەتی: (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا لِّتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ وَيَكُونَ الرَّسُولُ عَلَيْكُمْ شَهِيدًا …) البقرة: –١٤٣-، واتە: وەبەو شێوەیە ئێوەمان گێڕاوە بە كۆمەڵێكی میانجیی، تاكو ئێوە بەسەر خەڵكەوە شایەدبن‌و، پێغەمبەریش بەسەرتانەوە شایەدبێ‌…

پێغەمبەری خواش “صلی الله علیە وسلم” وشەی: (وسطاً) بە (عَدْل) تەفسیر كردوەو فەرموویەتی: (الوسط:العَدْل) ، كەبێگومان مەبەست لە (عدل) لێرەدا حاڵەتی هاوسەنگیی‌و خەتی نێوەڕاست گرتن‌و، خۆدوورگرتنە لە هەركام لە كەمتەرخەمیی‌و زێدەڕۆیی، چونكە لەزۆربەی سیفەت‌و كردەواندا هەركام لە: كورتهێنان‌و تێپەڕاندن خراپن‌و، هەق‌وچاكە دەكەوێتە نێوانیانە وە، هەرلێرەشەوەیە كە زانایان گوتوویانە: (كِلاطرفي  الأمرمذموم) ئەملاولای شتێك ناپەسندن، بۆ وێنە:

  1. بەخشندەیی دەكەوێتە نێوان: ڕژدیی‌و دەستبڵاوییەوە.

  2. ئازایەتیی لەنێوان:ترسنۆكیی‌و هەڵەشەیی دایە.

  3. خۆپارێزیی‌و داوێن پاكیی لەنێوان: بێ‌ ئارەزوویی‌و ئارەزووبازیی دایە.

  4. لێزانیی‌و كارامەیی لەنێوان: كەودەنیی‌و فێڵبازیی دایە.

  5. نەفسبەرزیی لەنێوان: سووكیی‌و خۆبەزلگریی دایە.

ئەمانە چەند نوونەیەك بوون لەبواری ڕەوشت‌و ئاكاداردا، ئنجا لەهەموو بوارەكانی دیكەشدا هەروایەو، بەزۆریی ڕاستیی‌و هەق لەنێوەڕاستدایەو، هەمیشە كورتهێنان لەوەی شەریعەت گوتوویەتی، یان لێ‌ تێپەڕاندن‌و زێدەڕۆیی تێداكردنی، هەردووكیان خراپن.

هیواداریشم ئەم بەرهەم ببێتە مایەی بەرچاو ڕوونبوونەوەی مسوڵمانان‌و، گێڕانەوەو پاراستنیان لەنەخۆشیی‌و دەردی كوشندەی پەڕگیریی‌و سەختگیریی، كەمایەی فەوتانی مرۆڤەو، بۆ كۆمەڵگاش خۆركەیەكی بێڕەزایەو، سەرەنجامیش پەڕگیران پاش زیان گەیاندن بەخۆیان‌و ئایینە هاوسەنگەكەیان‌و كۆمەڵگاكەیان، تەمەنیان كورتەو زۆر بڕناكەن‌و لەبەین دەچن.

15/رەجەب/1436كـ

4/مایس/2015ز

هەولێر

Comments
Loading...