شه‌هید كێیه‌و چ پله‌و پایه‌یه‌كی هه‌یه‌؟

4,778

شه‌هید كێیه‌و چ پله‌و پایه‌یه‌كی هه‌یه‌؟

سه‌رگوزشته‌ی ئه‌م نامیلكه‌یه‌

خوێنه‌ری به‌ڕێز!

ئه‌م نامیلكه‌یه‌ كه‌ پێنجه‌مین نامیلكه‌یه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك نامیلكه‌ كه‌ له‌باره‌ی جه‌نگ و جیهاده‌وه‌ تا ئێستا چاپكراون و خوا یاربێ هی دیكه‌شیان به‌دوادادێن تاكو سه‌ره‌نجام له‌كتێبێكدا پێكه‌وه‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌، له‌ئه‌سڵ دا وتارێكی به‌نده‌یه‌ كه‌ له‌ڕۆژی: (6)ی (صفر)ی (1423)ك به‌رانبه‌ر(18/4/2002ز) له‌ ئێواره‌ كۆرێكدا بۆ برایانی موجاهیدی خۆشه‌ویستم له‌ هێزی سلێمانی تێكۆشه‌ر له‌ (بن په‌ڵك) دراوه‌و پاشان برای به‌رێزو دڵسۆزم كاك مه‌لا بیلال قه‌ڵادزه‌یی له‌كاسێته‌وه‌ هێناویه‌ته‌ سه‌رقاقه‌زو، دوایی خۆشم پێیدا چومه‌ته‌وه‌و چه‌ند شتێكم لێ زیاد كردووه‌و هه‌ندێك ورده‌كاریی زیاترم تێدا كردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی ئاماژه‌كردن به‌قسه‌و بیروڕای زانایان و ناو و به‌رگ و لاپه‌ره‌ی سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه‌.

شایانی باسیشه‌ كه‌پاش ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ت و تێوه‌ڕامان و سه‌رنج دانیان، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م نامیلكه‌یه‌م بابه‌تێكی به‌پێزی (د. محمد خیر هیكل) بووه‌ به‌ناوونیشانی: (الشَّهيدُ وأحكامُهُ واُسْرتُه مِنْ بَعدِهِ)، خوا پاداشتی بداته‌وه‌، بڕوانه: (الجهاد والقتال في السیاسة الشرعية)ج2ص 1997 تا 1227.‌

هه‌روه‌ها وه‌ك وه‌فایه‌ك به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌م كه‌كاتی خۆی ساڵی (1988ز)و له‌باره‌گای هێزی (حَمْزة) كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌گوندی (قه‌ڵاتووكان)ی بناری زنجیره‌ چیای قه‌ندیل بوو، به‌نده‌ وتارێكم به‌ناوونیشانی (شه‌هید كێ یه‌و چ پله‌و پایه‌یه‌كی له‌ئیسلامدا هه‌یه‌؟!) دا بوو، پاشان برایه‌كی[1] به‌ڕێز ئه‌و وتاره‌ی له‌كاسێته‌وه‌ هێنا بووه‌ سه‌رقاقه‌ز ئه‌و برایه‌مان كاك (مه‌لا حه‌سه‌نی شاقووڵی)یه‌ خوا پاداشتی بداته‌وه‌، جا هه‌رچه‌نده‌ من ئه‌و وتاره‌م نه‌كردۆته‌ بناغه‌ی ئه‌م نامیلكه‌یه‌، به‌ڵام كه‌م و زۆر سوودی لێبینراوه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م نامیلكه‌یه‌ بووه‌.

دیاره‌ پله‌و پایه‌ی به‌رزی شه‌هیدی (مَقامُ الشَّهادةِ الرفيع)یش شایسته‌یه‌و هه‌ڵده‌گرێ كه‌ چه‌ندان وتاری ئاوای له‌باره‌وه‌ بدرێ و چه‌ندان كتێبی له‌سه‌ر بنووسرێن، چونكه‌ به‌سه‌رنج دانی ئایه‌ته‌كانی قورئان و فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) زۆر به‌ڕوونی ده‌زانرێ كه‌ شه‌هیدان (شهداء) پله‌و پایه‌یه‌كی هێنده‌ به‌رزو ناوازه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌دوای پێغه‌مبه‌رانی خوا (صلى الله عليه وسلم)و ئیمان پته‌وان (صدیقین)ه‌وه‌ دێن، وه‌ك خوای دادگه‌رو به‌خشه‌ر فه‌رموویه‌تی: ( وَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَٰئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِم مِّنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ ۚ وَحَسُنَ أُولَٰئِكَ رَفِيقًا (69) ذَٰلِكَ الْفَضْلُ مِنَ اللَّهِ ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ عَلِيمًا ) (النساء: 69 ـ 70)

واته‌: وه‌ هه‌ركه‌سێك فه‌رمانبه‌ریی خواو پێغه‌مبه‌ر بكات ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانێك دان كه‌ خوا چاكه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون له‌ پێغه‌مبه‌ران و صیددیقان و شه‌هیدان و صاڵحان، وه‌ ئه‌وانه‌ چاكترین هاوه‌ڵن، ئه‌وه‌ش به‌خششێكه‌ له‌ خواوه‌یه‌و زانایی خواش به‌سه‌ (له‌و باره‌وه‌ كه ‌كێ شایسته‌ی ئه‌و چاكه‌و به‌خششه‌یه‌).

هه‌روه‌ها خوای كاربه‌جێ هه‌ر له‌باره‌ی پله‌و پایه‌ی به‌رزی شه‌هیدانه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَالَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ أُولَٰئِكَ هُمُ الصِّدِّيقُونَ ۖ وَالشُّهَدَاءُ عِندَ رَبِّهِمْ لَهُمْ أَجْرُهُمْ وَنُورُهُمْ)(الحدید: من الآية 19).

واته‌: وه‌ ئه‌وانه‌ی ئیمانیان به‌خواو به‌پێغه‌مبه‌ره‌كانی هێناوه‌ ئا ئه‌وانه‌ صیددیقانن، وه‌ شه‌هیدان له‌خزمه‌ت په‌روه‌ردگاریانن پاداشتی خۆیانیان هه‌یه‌و ڕۆشنایی تایبه‌تیان هه‌یه‌..

هیواداریشم كه‌ ئه‌م نامیلكه‌یه‌ بتوانێ به‌رچاو ڕوونی یه‌كی باش بۆ خوێنه‌ران له‌باره‌ی شه‌هیدانه‌وه‌ بڕه‌خسێنێ و پاڵنه‌رێكی به‌هێزتری شه‌یدایی شه‌هیدیی له‌دڵ و ده‌روونی موجاهیدان و جه‌نگاوه‌راندا وه‌دی بێنێ.

Comments
Loading...