به‌ڵگه‌ شه‌رعییه‌كانی بنیاتنانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

2,457

زنجیره‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئاڵقه‌ی یه‌كه‌م

به‌ڵگه‌ شه‌رعییه‌كانی بنیاتنانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئه‌م زنجیره‌یه‌ بۆ؟!

خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزو خۆشه‌ویسته‌كان! ئه‌م زنجیره‌ ده‌رسه‌ كه‌ هه‌ر كامێكیان ئاڵقه‌یه‌ك پێك دێنێ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێژراون و پاشان نووسراون كه‌ هه‌م به‌رچاوی ئه‌ندام و موجاهیدانی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)مان ڕۆشن بكاته‌وه‌ له‌باره‌ی شه‌رعیی بوون و به‌گوێره‌ی شه‌رع به‌ڕێوه‌چوونی جه‌ماعه‌ته‌كه‌یان و، هه‌م وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌م ئیشكال و پرسیارانه‌ش بداته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی جۆراوجۆره‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌كرێن له‌باره‌ی: بنه‌ماو بنچینه‌ شه‌رعییه‌كانی له‌سه‌ر وه‌ستانی و، هێڵه ‌گشتییه‌كانی كارو چالاكیی و، سیاسه‌تی شه‌رعیی و ستراتیژی به‌ڕێوه‌چوونی…هتده‌وه‌.

دیاره ‌(كۆمه‌ڵی ئیسلامی)یش هه‌رچه‌نده‌ ئیجتیهادو بۆچوونه‌كانی خۆی له‌بواری كارو جیهادی ئیسلامیی دا به‌ڕاست و درووست ده‌زانێ و به‌دڵنیاییه‌وه‌و به‌ به‌رچاو ڕوونییه‌وه‌ ده‌ست به‌كار بووه‌، به‌ڵام خۆیشی به‌ پارێزراو (معصوم) له‌هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ نازانێ و پێی وانیه‌ كه ‌هه‌ق و ڕاستیی ته‌نها له‌سه‌روی تاپۆ كراوه‌، بۆیه‌ به‌سینگی فراوان و بگره‌ به‌سوپاس و پێزانینه‌وه‌ تێبینی و ڕه‌خنه‌و پێشنیاری دڵسۆزانه‌ی هه‌ركه‌سێك وه‌رده‌گرێ و خوایاربێ بۆ تێرو ته‌واوكردن و كامڵ كردنی كارو جیهاده‌كه‌ی به‌هره‌و سوودیشیان لێ وه‌رده‌گرێ.

دڵنیاشه‌ كه‌ كارو جیهادی ئیسلامیی له‌گه‌رمه‌ی ئێش و ژان و موعانات و گرفتارییه‌كاندا پێ ده‌گات و به‌رده‌گرێ، پێشینانیش گوتوویانه‌: (هیچ كه‌س له‌پڕ نه‌بووه‌ به‌كوڕ).

به‌هیوای ئه‌وه‌ كه‌ یه‌ك یه‌كی ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی جه‌ماعه‌تی ئیسلامیی به‌هۆی تێگه‌یشتن و شاره‌زابوونیان له‌م بنه‌ما شه‌رعییانه‌و هه‌زم كردنیان و پێوه‌ پابه‌ند بوونیانه‌وه‌ هه‌رچی زیاترو چاكتر شه‌رعیی بوون و ئیسلامیی بوونی كارو جیهادی جه‌ماعه‌ته‌كه‌یان ئیسپات بكه‌ن و، به‌ته‌ئكید له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا شایسته‌یی و لیاقه‌تی ئه‌وه‌ په‌یدا ده‌كه‌ن كه‌ ئامانجه‌ شه‌رعییه‌كان (المقاصد الشرعیة)ی خه‌ڵكی مسوڵمان دابین بكه‌ن و ئایین و به‌رنامه‌ی خوای دادگه‌رو باڵا ده‌ستیان بۆ به‌رپاو به‌سه‌ردا پیاده‌ بكه‌ن.

خوای به‌خشه‌ریش هیدایه‌ت و ڕێڕوونی خۆی بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ به ‌ئیخڵاصه‌وه‌ له‌پێناوی دا تێده‌كۆشێ كردۆته‌ شتێكی مسۆگه‌ر (وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ) العنكبوت ﴿٦٩﴾

  

29 ربیع الثاني 1422ك

20/7/2001 ز

ئه‌حمه‌داوا

  

چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست

1ـ سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌رسانه‌ كه‌ هه‌ركامێكیان ئاڵقه‌یه‌كی زنجیره‌ی: (بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) پێك دێنێ، له‌خولێكدا كه‌ بۆ زیاتر له‌سه‌د (100) كه‌س له‌ فه‌رمانده‌ی هێزو ئه‌ندامانی شورای هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی عه‌سكه‌رییه‌وه ‌([1]) كرابۆوه‌ بێژراون و پاشان له‌لایه‌ن چه‌ند برایه‌كی دڵسۆزه‌وه‌ له‌كاسێته‌وه‌ هێنراونه‌ سه‌ر قاقه‌ز.

بۆیه‌ له‌داڕشتنی ده‌رسه‌كاندا شێوازی قسه‌كردن و دواندن هه‌ستی پێ ده‌كرێ و پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێ.

2ـ به‌مه‌به‌ستی خۆپاراستن له‌نه‌خستنه‌ڕوو و په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌ماڵینی عه‌یب و عارو هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی هه‌ندێك كه‌س، گه‌ڵێك ڕاستیی گه‌وره‌مان نه‌خستوونه‌ڕوو، كه‌واته‌ با بزانرێ كه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌رسانه‌ماندا خاتری خه‌ڵكێك گیراوه‌و گه‌لێك به‌ڵگه‌و نموونه‌ كه‌ پێویست بووه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست و چاكتر سه‌لماندنی بهێنرێنه‌وه‌، نه‌هێنرانه‌وه‌.

3ـ هه‌رچه‌نده‌ پێم وایه ‌(جه‌ماعه‌ت) به‌شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی پشتگیریی سه‌رجه‌م ئه‌وقسه‌و بیرو بۆچوونانه‌ ده‌كات كه‌ له‌م ده‌رسانه‌دا خراونه‌ڕوو، به‌ڵام هه‌تا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ و (تَبْني)یان ده‌كات هه‌ر به‌هی به‌نده‌ داده‌نرێن و به‌س خۆی لێیان به‌رپرسیاره‌و پێویسته‌ هه‌ركه‌سێكیش ڕه‌خنه‌و گله‌یی و تێ بینییه‌كی له‌سه‌ریان هه‌بێ ته‌نها ئاراسته‌ی نووسه‌ری بكات.

4ـ گه‌لێك له‌و باس و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م ده‌رسانه‌دا هاتوون توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌ڵده‌گرن و له‌م ده‌رسانه‌دا زیاتر هه‌وڵ دراوه‌ مه‌سه‌له‌كان به‌كورتی و پوختی بخرێنه‌ڕوو، بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ وردترو ڕوونتر له‌بۆچوونی به‌نده‌ تێ بگات پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی و به‌م ده‌رسانه‌ وازنه‌هێنێ، بۆ وێنه‌:

له‌بواری عه‌قیده‌و ئیماندا بگه‌رێته‌وه‌ بۆ: (زنجیره‌ ده‌رسه‌كانی ئیمان و عه‌قیده‌ی ئیسلامیی له‌به‌ر تیشكی قورئان و سوننه‌تدا) كه‌ په‌نجا (50) ده‌رسی یه‌ك سه‌عات یه‌ك سه‌عاتییه‌و به‌كاسێتی ته‌سجیل و ڤیدیۆش تۆماركراون و خراونه‌‌ سه‌ر قاقه‌زو ئاماده‌ی چاپیش كراون.

5ـ به‌نده‌ چ له‌م ده‌رسانه‌م و چ هه‌ر كتێب و وتارو به‌رهه‌مێكی دیكه‌شمدا هه‌ر هه‌ڵه‌و ناشه‌رعییه‌كم گوتبێ([2])، كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ بسه‌لمێنرێ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌وه‌ به‌زیندوویی و مردوویی لێی په‌شیمانم و زۆریش مه‌منوونی هه‌ركه‌سێك ده‌بم كه‌دڵسۆزانه‌ بیخاته‌ به‌رچاوم و، بۆم ڕاست بكاته‌وه‌، دیاره‌ مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌قسه‌و نووسینه‌كانم به‌گومان بم، به‌ڵام مه‌به‌ستم رێگای تۆمه‌ت به‌ستن و بیانووبڕێنه‌ له‌كه‌سانێك كه ‌به‌هه‌ق و ناهه‌ق قسه‌ی جۆراوجۆر ده‌پڕژێنن و هه‌رجاره‌ مه‌سه‌له‌و بابه‌تێك ده‌ورووژێنن.

([1]) ئه‌وخوله‌ له‌مزگه‌وتی (ئه‌حمه‌داوا) كرایه‌وه‌ له‌ (23/6/2001)تا (27/6)ی خایاند.

[2] زۆرم پێ سه‌یر بوو كه‌بیستم هه‌ندێك برا ـخوالێیان ببورێ ـ گوتبوویان: فڵانه‌كه‌س (واته‌به‌نده‌) وشه‌یه‌كی (كفر)ی گوتوه‌! چونكه‌ له‌وتارێكدا گوتوویه‌تی: (ئه‌گه‌ر مه‌ڵائیكه‌تی ئاسمانیش زوڵم له‌گه‌لی كوردبكات ئێمه‌ لێی قبووڵناكه‌ین)، جا من ئێستا ئه‌و قسه‌یه‌م له‌یاده‌ كه‌چۆن چۆنی و له‌چ (سیاق)ێك دا گوتوومه‌، به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم كه‌ كه‌سانێك قسه‌ی وا به‌(كفر) دابنێن دیاره‌ زۆر بێ ئاگاو نه‌شاره‌زان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و قسه‌یه‌ی من بگونجێ (ظلم) پاڵ بدرێته‌ لای مه‌لائیكان، ده‌بێ به‌پێی ئایه‌تی: (…لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ) الزمر: (65)یش بگونجێ هاوبه‌ش بۆ خوا دانان (الإشراك باالله) پاڵ بدرێته‌ لای پێغه‌مبه‌رمان محمد (صلى الله عليه وسلم)،!! هه‌رچه‌نده‌ له‌ (سیاق)ی ئه‌و وتاره‌دا من مه‌به‌ستم فریشته‌كان نه‌بوون و مه‌به‌ستم ئه‌وه‌بوه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌رچه‌نده‌ زۆر پیاو چاك و مسوڵمانیش بێت، ئه‌گه‌ر گریمان مه‌به‌ست پێی مه‌لائیكه‌ش بێ هه‌رهیچی تێدا نیه‌، چونكه‌ مادام (ئه‌گه‌رــ لئن)ی چووه‌ سه‌ر هیچ حوكمێكی له‌سه‌ر بنیات نانرێ و مه‌به‌ست له‌وجۆره‌ قسانه‌ش (مبالغة)یه‌و هیچی تر.

 

Comments
Loading...