حوكمی لادانی خه‌لیفه‌و كاربه‌ده‌ستانی مسوڵمان له‌كاتی لاریی و سته‌مكارییدا

3,358

زنجیره‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئاڵقه‌ی دووه‌م و سێیه‌م

حوكمی لادانی خه‌لیفه‌و كاربه‌ده‌ستانی مسوڵمان له‌كاتی لاریی و سته‌مكارییدا

ئه‌م نامیلكه‌یه‌

ئه‌م نامیلكه‌یه‌ كه‌ له‌دوو ئاڵقه‌ی دووه‌م و سێیه‌م پێكهاتووه‌ له‌باره‌ی بابه‌تێكی گه‌وره‌و گرنگ ده‌دوێ كه‌ بریتیه‌ له‌حوكم و چۆنیه‌تی هه‌ڵوێست نواندنی شه‌رعییانه‌ له‌به‌رانبه‌ر حوكمڕان و كاربه‌ده‌ستانی مسوڵمان له‌كاتی لادان و سه‌رپێچی و سته‌مكاریییاندا.

دیاره‌ به‌پێی بڕیاری پێشوو ده‌بووایه هه‌ركام له‌ده‌رسی دووه‌م و سێیه‌میش ئاڵقه‌و نامیلكه‌ی سه‌ربه‌خۆبن، به‌ڵام چونكه‌ هه‌ردووك ده‌رسه‌كه‌ تێك هه‌ڵكێش و ته‌واوكه‌ری یه‌كتربوون و له‌ژێر یه‌ك ناوونیشاندابوون له‌یه‌ك پچڕاندنیانم به‌گونجاو نه‌زانی و پێكه‌وه‌ كردمنه‌ نامیلكه‌یه‌ك.

جا هه‌رچی ده‌رسی دووه‌مه‌ كه‌ ئاڵقه‌ی دووه‌می زنجیره‌ی (بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)یه‌، له‌ڕۆژی (4/ره‌بیعی دووه‌می1422)ك به‌رانبه‌ر(24/6/2001)ز بێژراوه‌و پاشان كاك (ڕزگار عه‌بدوڵڵا هه‌ڵه‌بجه‌یی) هێناویه‌ته‌ سه‌رقاقه‌زو دواتریش كاك (مه‌لا بیلال پیرۆت) دووباره‌ نووسیویه‌ته‌وه‌و دایڕشتۆته‌وه‌و پاشان خۆیشم چاوێكم پێیدا خشاندۆته‌وه‌و ده‌ستكارییه‌كی كه‌می چه‌ند وشه‌و ڕسته‌یه‌كیم كردوه‌.

ده‌رسی سێیه‌م و ئاڵقه‌ی سێیه‌میش له‌ڕۆژی (5/ ره‌بیعی دووه‌می 1422)ك به‌رانبه‌ر(25/6/2001)ز گوتراوه‌ته‌وه‌و دواتر كاك (مه‌لا بلال پیرۆت قه‌ڵادزه‌یی)نووسیویه‌ته‌وه‌و دایڕشتۆته‌وه‌، پاشان خۆیشم چاوێكم پێیدا گێڕاوه‌ته‌وه‌.

شایانی باسیشه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی حوكم و چۆنیه‌تی لابردن و لادانی خه‌لیفه‌و حكمڕانانی مسوڵمانان له‌كاتی سه‌رپێچی و لاریی و سته‌مكارییدا مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ له‌كتێب و سه‌رچاوه‌كانی تایبه‌ت به ‌بابه‌ت و مه‌سه‌له‌كانی سیاسه‌تی شه‌رعییه‌وه‌ پانتایییه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان كراوه‌و له‌دوو توێ ی نامیلكه‌یه‌كی چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییدا ناگونجێ هه‌قی ته‌واوی خۆی بدرێتێ، به‌ڵام هه‌رچۆن بووه‌ هه‌وڵمداوه‌ به‌كورتی و گوشراوی كاكڵه‌و جه‌وهه‌ری گرنگی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و به‌ڵگه‌و ڕای به‌هێزتری زاناو پێشه‌وایانمان له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌دا بخه‌مه‌ڕوو و ئه‌و كتێب و سه‌رچاوانه‌ش دیاری ده‌كه‌م كه‌ پشتیان پێ ده‌به‌ستم بۆ ڕێ خۆشكردن و ئاسانكاری بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ بیه‌وێ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌وباره‌وه‌ بكات.

ئنجا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌هه‌ردوو ئاڵقه‌كه‌یه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌م و مژی ئه‌و گومان و تۆمه‌تانه‌ بێژراوه‌و نووسراوه‌ كه‌ له‌باره‌ی لادان (عَزْل)ی ڕابه‌ری (بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی) پێشووه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) كراون و ده‌كرێن، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌و مه‌سه‌له‌و ڕووداوه‌ش كه‌ شتێكی كاتیی و زوو تێپه‌ر (طاريء)ه‌، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ شایسته‌ی موتاڵاو سه‌رنج لێدان و گرنگی و بایه‌خ پێدرانه‌، چونكه‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌خه‌لیفه‌و حكومڕان و كاربه‌ده‌ستانی مسوڵمانان له‌كاتی سته‌م و لادان و خراپه‌كارییاندا یه‌كێكه‌ له‌ مه‌سه‌له‌و بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنگ و هه‌میشه‌ زیندووه‌كانی سیاسه‌تی شه‌رعیی و كارو خه‌باتی ئیسلامیی و، بۆ به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوونیش له‌وباره‌وه‌ پێویستیمان به‌شه‌رعزانییه‌كی قووڵ و فراوان و واقیع ناسییه‌كی وردو سه‌ر ڕاستانه‌ هه‌یه‌.

خواش به‌لوتف و كه‌ڕه‌می خۆی هیدایه‌تی چاكترمان بدات كه‌هه‌رچی زیاتر ملكه‌چی شه‌رعی بێ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی خوا بین و شوێنكه‌وتووی (هُدى) بین و له‌شه‌ڕو خراپه‌ی نه‌فس و (هَوى) پارێزراو و بێ به‌ڵابین، له‌هه‌موو هه‌ڵس وكه‌وت و جموجۆڵێكی تاكیی و كۆمه‌ڵییماندا، چونكه‌ بێگومان هه‌م پاداشت و ره‌زامه‌ندی خوا له‌دوارۆژداو هه‌م هێزو پێزو سه‌ركه‌وتنی دنیاش ته‌نهاو ته‌نها له‌و ڕێیه‌وه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێ

22ى جماد الأول 1422ك

12/8/2001

ئه‌حمه‌د ئاوا

         ‌

Comments
Loading...