شێخ ئه‌بو به‌صیرو هه‌ڵسه‌نگاندنێكی شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌ی فه‌توانامه‌كه‌ی

2,448

زنجیره‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئاڵقه‌ی چواره‌م

شێخ ئه‌بو به‌صیرو هه‌ڵسه‌نگاندنێكی شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌ی فه‌توانامه‌كه‌ی

ئه‌م ئاڵقه‌یه‌

ئه‌م ئاڵقه‌ی چواره‌مه‌ی زنجیره‌ی (بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) ده‌رسی چواره‌مه‌و وه‌ك پێشتر گوتوومانه‌ له‌ خولێكی تایبه‌ت به‌فه‌رمانده‌و كادیره‌ عه‌سكه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامییداو له‌رۆژی (6ى ره‌بيعی دووه‌می 1422)ی كۆچی به‌رانبه‌ر به‌ (26/6/2001)ی زایینیدا گوتراوه‌ته‌وه‌و پاشان برایه‌كی به‌ڕێز له‌كاسێته‌وه‌ هێناویه‌ته‌ سه‌رقاقه‌زو دواتریش كاك (مه‌لا بلال پیرۆت قه‌ڵادزه‌یی) پێیدا چۆته‌وه‌و سه‌رله‌نوێ نووسیویه‌ته‌وه‌و دایڕشتۆته‌وه‌و دوایی خۆیشم وه‌ك ده‌رسه‌كانی دیكه‌ چاوم پێیدا خشاندۆته‌وه‌و به‌پێی پێویست و بۆلوان ده‌ستكاری چه‌ند وشه‌و ڕسته‌یه‌كیم كردوه‌.

خواش به‌ به‌خششی بێ سنووری خۆی پاداشتی سه‌رجه‌م ئه‌و برا دڵسۆزانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ به‌م به‌رهه‌مه‌و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی به‌نده‌شه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ماندوو بوون و ده‌بن و مشووری پارێزران و كۆكردنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یان ده‌خۆن و، خۆشم هه‌رهێنده‌م پێ ده‌كرێ سوپاس و پێزانینمیان بۆ ده‌رببڕم و بۆیان له‌خوای به‌خشه‌ر بپاڕێمه‌وه‌ كه‌ پاداشتی هه‌ره‌ چاكیان بداته‌وه‌و هه‌میشه‌ ساغ و شادو سه‌ر به‌رزو سه‌رفرازیان بكات.

شایانی باسیشه‌ كه‌ ئه‌و فه‌توانامه‌یه‌ی كه‌ به‌نده‌ له‌م ده‌رسی چواره‌مه‌دا به‌ربه‌رچم داوه‌ته‌وه‌، كه‌سانێكی دڵنه‌خۆش و كه‌م شاره‌زاو هۆش ماوه‌یه‌ك كردبوویان به‌كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی بانگه‌شه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی ناحه‌زانه‌ له‌دژی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی به‌گشتی و به‌نده‌ش به‌تایبه‌ت، به‌ڵام خوا پشتیوان بێ پاش بیستنی ئه‌م ده‌رسه‌ یان خوێندنه‌وه‌ی زۆر چاك ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌وجۆره‌ فه‌توانامه‌و قسه‌و باسانه‌ زۆر له‌وه‌ گچكه‌ترن كه ‌ته‌نانه‌ت تۆسقاڵێكیش له‌قه‌ڵای مه‌حكه‌می شه‌رعیی بوونی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی بڕووشێنن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بگوترێ كه ‌كاك (أبو بصير) له‌م فه‌توانامه‌یدا دووچاری چه‌ندان هه‌ڵه‌ی زه‌ق بووه‌ كه‌ ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین و به‌داخه‌وه‌ ناوبراو له‌و فه‌توانامه‌یه‌یدا به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی په‌له ‌په‌ل و كه‌م و وردبوونه‌وه‌و لێ نه‌كۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵچوون (إنفعال)ی زۆر پێوه‌ دیاره‌.

وه‌ ده‌بێ وه‌ك ئه‌مانه‌تی عیلمی ئه‌وه‌ش بلێم كه‌ ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند برایه‌كی ئه‌هلی عیلم له‌ئه‌ندامانی (كۆمه‌ڵ)و دڵسۆزانی به‌نده‌، به‌ته‌له‌فۆن و فاكس دواندوویانه‌و حه‌قیقه‌ت و واقیعی شته‌كانیان بۆ ڕوون كردۆته‌وه‌، زۆر سه‌غڵه‌ت (مُحْرجْ)بووه‌و، ئۆباڵه‌كه‌ی خستۆته‌ ملی كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌هوویان بردوه‌و زانیاری هه‌ڵه‌یان داوه‌تێ!

پاشانیش كه‌ داوایان لێ كردوه‌ به‌رپه‌رچی فه‌توانامه‌كه‌ی خۆی بداته‌وه‌، عوزری هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ویستوویه‌تی به‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵه‌كه‌ی قه‌ره‌بوو (تعویض) بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌رچی له‌ئه‌نته‌رنێتدا بوویه‌تی له‌باره‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستانه‌وه‌ هه‌مووی سڕیوه‌ته‌وه‌!

هیواداریشم هه‌م شێخ (ابو بصیر)و هه‌م خه‌ڵكی تریش له‌وجۆره‌ ڕووداوانه‌ په‌ندو عیبره‌ت وه‌ربگرن و، هه‌م برا ئیسلامییه‌ كورده‌كانیشمان چی تر په‌ندی (گڵی دوور ده‌رمانه‌)یان به‌سه‌ردا نه‌چه‌سپێ و، هه‌م برا ئیسلامییه‌ عاره‌ب و تورك و فارس و ئه‌فغانی و چی و چییه‌كانیشمان پێیان وانه‌بێ كه‌ برا كورده‌ مسوڵمانه‌كانیان هه‌ر چونكه‌ كیان و ده‌وڵه‌تی دان پێداهێنراوی خۆیانیان نیه‌! له‌ئیسلام و دینیشدا نه‌شاره‌زاو كۆڵه‌وارن و، بادڵنیاو به‌رچاو ڕوون بن كه‌ ئه‌م هۆشیاری و ڕابوونه‌ ئیسلامیی و كاروانه‌ جیهادییه‌ی كوردستان هه‌ر له‌خۆوه‌ سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه‌و كه‌سانێكی چاوساغ و مشوورخۆری هه‌رهه‌ن كه‌ سه‌رقافڵه‌ێتی ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن!

Comments
Loading...