هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیداو چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ ئه‌ندام و موجاهیدانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

3,130

هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیداو چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ ئه‌ندام و موجاهیدانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئه‌م نامیلكه‌یه‌

خوێنه‌ری به‌ڕێزو خۆشه‌ویست!

ئه‌م نامیلكه‌یه‌ی به‌رده‌ستت ده‌قی ئه‌و وتاره‌یه‌ كه‌به‌نده‌ له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی: (13ی ربیعی یه‌كه‌می/1422)كۆچی، به‌رانبه‌ر به‌ (5/6/2001) زایینی، ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌ دڵسۆزو فیداكاره‌كانی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)م كرد له‌باره‌گای تایبه‌تی خۆم له‌ (ئه‌حمه‌داوا).

پاشان برایه‌كی به‌ڕێزی ڕاگه‌یاندن كاك (ڕزگار عبدالله) له‌كاسێته‌وه دایڕشتۆته‌وه‌ به‌نووسین و دواتریش برای به‌ڕێزم كاك (موحه‌ممه‌د سه‌نگاوی) به‌مه‌به‌ستی (تخریج) كردنی هه‌ندێك له‌فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) كه‌ له‌ وتاره‌كه‌دا هاتبوون و (تخریج) نه‌كرابوون، یان به‌ته‌واوی (تخریج) نه‌كرابوون پێیدا چۆوه‌و، دواتر خۆیشم به‌په‌له‌ چاوێكم پێدا خشانده‌وه‌.‌

جا زۆر سوپاسی كاك (ڕزگار عبدالله)و مامۆستا (موحه‌ممه‌د سه‌نگاوی) ده‌كه‌م و خوا پاداشتیان بداته‌وه‌و هیواداریشم سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و موجاهیدانی (جه‌ماعه‌ت)مان به‌وردی ئه‌م ئامۆژگارییانه‌ بخوێننه‌وه‌و جێبه‌جێی بكه‌ن، خوا بكات هه‌موو لایه‌كمان و به‌وردو درشتی جه‌ماعه‌تی ئیسلامیمانه‌وه‌ بتوانین كارێك بكه‌ین له‌بواری هه‌ڵس و كه‌وت و ڕه‌فتارو ئاكار له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵگاماندا، كه‌ به‌هیچ جۆرێك هیچ كه‌سێك نه‌توانێ ڕه‌خنه‌و گله‌یی شه‌رعیی لێمان هه‌بێت و، بێگومان له‌ ڕه‌خنه‌و گازه‌نده‌و پڕوپاگه‌نده‌ی ناشه‌رعییانه‌و غه‌ره‌زاویش بێ باكین، چونكه‌ هیچ كه‌س ناتوانێ له‌وه‌ سه‌لامه‌ت بێت.

ئاشكراشه‌ كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی پابه‌ندییمان به‌قورئان و سوننه‌ته‌وه‌و مل كه‌چیمان بۆ بڕیاره‌كانی شه‌رع و ڕاست و ساغبوونمان له‌گه‌ڵ خوادا، ده‌توانین خۆمان له‌خو و خده‌ پیس و به‌ده‌كان بژار بكه‌ین و به‌ڕه‌وشت و ئه‌ده‌ب و ئاكاره‌ به‌رزو په‌سه‌نده‌كان بڕازێنینه‌وه‌، به‌كورتی:

له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی چاك بوون به‌رهه‌م و زاده‌ی له‌گه‌ڵ خوادا ڕاست و ساغ بوونه‌، هه‌ربۆیه‌ش (عبدالقادر)ی گه‌یلانی ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ دینداریی و مسوڵمانێتی له‌دوو وشه‌دا كورت كردۆته‌وه‌و گوتوویه‌تی: (صِدْقُ مع الحَقِّ وخُلُقٌ مع الخَلْق).

پێموایه‌ شێخ (عبدالقادر)یش ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌م ئایه‌ته‌ به‌هێزو پێزه‌و هاووێنه‌كانی هه‌ڵهێنجاوه‌، كه‌ ده‌فه‌رموێ:

(وَمَنْ أَحْسَنُ دِينًا مِمَّنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لِلَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ…) النساء:125.

سا خوایه‌ به‌لوتفی خۆت هیدایه‌تمان بده‌ كه‌ به‌هۆی ئیخڵاص و گه‌ردن كه‌چیمان بۆ خۆت و چاكه‌كاریی و خۆشڕه‌فتاریمان له‌گه‌ڵ به‌نده‌كانتدا ببینه‌ خاوه‌نی چاكترین جۆری دینداری كردن (احْسن ديناً)و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ سه‌ر به‌رزو به‌خته‌وه‌ری دنیاو دواڕۆژمان بكه‌.

 

جومعه‌/ 8ی ربیع الثاني/ 1422

29/6/2001

ئه‌حمه‌د ئاوا

 

 

 

Comments
Loading...