عەلی باپیر: خەڵک چاوەڕێی کاراکردنەوەی دامەزراوەکان بوو نەک بارگرژی سەربازی

575

لڤین:
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بۆئەوەدەکات خەریک بوو شەڕێ نەگریسی یەکتر کوشتن جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە خەڵکی کوردستان چاوەڕیی تەبایی و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان بوو نەک دروستکردنی بارگرژی سەربازی.

عەلی باپیر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، جەماوەری کوردستان چاوەڕێن بڕیاربەدەستان ئەو بارگرژییەی سیاسییەی کە هەیە کۆتایی پێبهێنن،هەموو لایەنەکان لە کەشێکی تەباییدا بۆچارەسەری کێشەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان کۆببنەوە، نەک بارگرژی سەربازیش بخەنە سەر بارگرژی سیاسی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی هاتووە ” به‌ ئه‌زموونی ڕابردوومان، وه‌ك ڕۆژی ڕوون دیاره‌ كه‌ هه‌میشه‌ خوێنی ڕژاوی كوردان، له‌شه‌ڕی یه‌كدی كوژییدا، ئاوێك بووه‌ ڕژاوه‌ته‌ ئاشگێڕی دوژمنانه‌وه‌! پێم سه‌یره‌ پاش وێرانكردنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه ‌و، تاڵان كردنی ‌و به‌تاڵان برانی مرۆڤه‌كانی، كه‌ڵه‌كه‌ كردنی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌ جۆراوجۆرانه‌ “كه‌ ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێ‌: پازده‌ جۆرن!” له‌پای چی؟! ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌ بۆ پێش كاولكرانی شه‌نگال باش بوو!”.

دەقی نوسینەکەی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی:.

شه‌ڕی یه‌كدی كوژیی كردن هه‌ر نه‌بڕایه‌وه‌؟!

دوێنێ‌: 3/3/2017ز خه‌ریك بوو جارێكی دیكه‌ شه‌ڕی نه‌گریسی یه‌كدیی كوژیی له‌ده‌ڤه‌ری شه‌نگال سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ زۆر به‌كورتیی ده‌ڵێم:

یه‌ك:
خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری كوردستان چاوه‌ڕێن بڕیار به‌ده‌ستان، ئه‌و بارگرژییه‌ سیاسییه‌ی هه‌شه‌، كۆتایی پێ‌بێ‌‌و، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كه‌شێكی پڕته‌باییدا، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان‌و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان، پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، نه‌ك بارگرژیی سه‌ربازییش بكه‌نه‌ سه‌رباری بارگرژیی سیاسیی!

دوو:
به‌ئه‌زموونی ڕابردوومان: وه‌ك ڕۆژی ڕوون دیاره‌ كه‌ هه‌میشه‌ خوێنی ڕژاوی كوردان، له‌شه‌ڕی یه‌كدی كوژییدا، ئاوێك بووه‌ ڕژاوه‌ته‌ ئاشگێڕی دوژمنانه‌وه‌!

سـێ‌:
پێم سه‌یره‌ پاش وێران كردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌و، تاڵان كردنی‌و به‌تاڵان برانی مرۆڤه‌كانی، كه‌ڵه‌كه‌ كردنی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌ جۆراوجۆرانه‌ “كه‌ ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێ‌: پازده‌ جۆرن!” له‌پای چی؟! ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌ بۆ پێش كاولكرانی شه‌نگال باش بوو!

چوار:
خوای میهره‌بان فه‌رموویه‌تی: (وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا) النساء -29-، واته‌: وه‌ خۆتان مه‌كوژن بێگومان خوا به‌رانبه‌رتان میهره‌بانه‌، كه‌ بێگومان ئه‌و ئایه‌ته‌ موباڕه‌كه‌، خۆكوژیی به‌كۆمه‌ڵ ده‌گرێـه‌وه‌و، مه‌به‌ست پێ‌ی شه‌ڕو كوشتاری نێوخۆیه‌.
ئنجا ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌، ئێمه‌ش وه‌ڵامی خوای میهره‌بان بده‌ینه‌وه‌و، په‌ند له‌ڕابردوو وه‌ربگرین‌و چیدی نه‌بینه‌ په‌ندی خه‌ڵكی؟!

عــه‌لــی بـاپـیـر

5/6/١٤٣٨ك
4/3/2017ز

Comments
Loading...