ڕێگای صاڵح بوون و به‌ره‌وخوا چوون

2,412

ڕێگای صاڵح بوون و به‌ره‌وخوا چوون

ته‌زكیه‌ی نه‌فس له‌به‌ر ڕۆشنایی قوڕئان و سوننه‌تدا

 

پێشه‌كیی چاپی سێیه‌م

خوێنه‌ری به‌ڕێز:

ئه‌م چاپی سێیه‌مه‌ی كتێبی “رێگای صاڵح بوون و به‌ره‌و خواچوون” كه‌ نزیكه‌ی یازده‌ (11) ساڵ پاش نووسران و چاپی یه‌كه‌میه‌تی، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مسوڵمانانی دنیا به‌گشتيی و مسوڵمانانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌سۆنگه‌ی شه‌ڕو خراپه‌ی ده‌روونیان و ڕه‌فتارو كرداری به‌دیان له‌لایه‌كه‌وه‌و پیلان و فێڵ و نه‌خشه‌ی شوومی دوژمن و ناحه‌زانیان له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گیرۆده‌و دووچاری چه‌ندان گیروگرفت و ده‌ردو نه‌خۆشی و گرفتاری و ناهه‌مواری بوون.

بۆیه‌ به‌په‌سندو بگره‌ به‌ پێویستیشم زانی كه‌ چاوێكی جیددی به‌م كتێبه‌دا بگێڕمه‌وه‌ و گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌و ڕیشه‌یی تێدا بكه‌م، كه ‌له‌ (ڕێ خۆشكردن)دا ئاماژه‌م پێ كردوه‌.

به‌ڵێ ئێمه‌ی مسوڵمان له‌ گه‌رمه‌ی كێشه‌و قه‌یرانه‌كانماندا زیاترو چاكتر تێ ده‌گه‌ین و دڵنیا ده‌بین كه‌ وه‌ك خوای زاناو تواناو كاربه‌جێ فه‌رموویه‌تی بۆ گۆڕین و چاكسازی و پاكسازی واقیع و بارودۆخی ناڕێك وپێك و شپرزو شێواومان هه‌رده‌بێ له‌ده‌روونی خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین و ئاوێك كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی لێڵ و قوڕاو بێت له‌ جۆگایه‌ك بۆت ڕوون نابێته‌وه‌و دیوارێكیش كه‌ له‌بناغه‌وه‌ لارو خوار بێت، له‌سه‌رێ ‌ڕا بۆت ڕاست نابێته‌وه‌:

(ان الله لایغیر مابقوم حتی یغیروا ما بأنفسهم..) (الرعد:11).

واته‌: خوا حاڵ و باڵ و واقیعی هیچ كۆمه‌ڵێك ناگۆڕێ هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ی دڵ و ده‌روونیان پێیه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌ نه‌یگۆڕن و چاكی نه‌كه‌ن.

به‌ڵێ به‌ڕاستی بنك و ڕیشه‌ی كرده‌وه‌و ڕه‌فتاره‌ خراپ و ناشه‌رعییه‌كانمان له‌دڵ و مێشك و ده‌روونماندایه‌، هه‌ربۆیه‌ش پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله عله‌ وسلم) فێری كردووین كه‌ بڵێین (نعوذ بالله من شرور أنفسنا ومن سیئات أعمالِنا..) وه‌ فاكته‌رو هۆكاری تێشكان و به‌زین و زه‌فه‌ر پێ برانیشمان له‌به‌رانبه‌ر دوژمنانماندا به‌ر له‌هه‌رشتێك هه‌ڵه‌و ناشه‌رعی و كرده‌وه‌و سیفه‌ته‌ خراپه‌كانمانن، وه‌ك خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی:

(وما أصابكم مِنْ مصیبةٍ‌ فبما كَسَبَتْ أیدیكم..) الشورى -30-

هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: (أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُم مُّصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُم مِّثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّىٰ هَٰذَا ۖ قُلْ هُوَ مِنْ عِندِ أَنفُسِكُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ( آل عمران (165.(

واته‌: ئایا كاتێك به‌ڵایه‌كتان تووش بوو (كه‌ تێشكانه‌ له‌جه‌نگی ئوحوددا) به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ گوتتان: ئه‌وه‌ چۆن و بۆچی و له‌كوێوه‌ بوو؟! له‌حاڵێكدا كه‌ ئێوه‌ش (له‌جه‌نگی به‌دردا) دووقاتی ئه‌وه‌تان به‌سه‌ر دوژمن هێنابوو، به‌ڵێ -ئه‌ی موحه‌ممه‌د- ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌فسی خۆتانه‌وه‌ بوو، بێگومان خوا له‌سه‌ر هه‌موو شتێك تواناداره‌.

هه‌روه‌ها خوای په‌روه‌ردگار هه‌ر له‌باره‌ی هۆی تێشكان و پاشه‌كشه‌كردنی ژماره‌یه‌ك له‌هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (صلی الله علیه‌ وسلم) له‌جه‌نگی ئوحوددا فه‌رموویه‌تی: ( إِنَّ الَّذِينَ تَوَلَّوْا مِنكُمْ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ إِنَّمَا اسْتَزَلَّهُمُ الشَّيْطَانُ بِبَعْضِ مَا كَسَبُوا ۖ وَلَقَدْ عَفَا اللَّهُ عَنْهُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ حَلِيمٌ) (آل عمران: 155).

واته‌: بێگومان ئه‌وانه‌تان كه‌ له‌ ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوو كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پشتیان هه‌ڵكردو ڕایان كرد، ئه‌وه‌ ته‌نیا له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ شه‌یتان به‌هۆی هه‌ندێك له‌گوناحه‌كانیانه‌وه‌ خلیسكاندنی، وه‌ بێگومان خوا لێیانی بوردوه‌، چونكه‌ خوا لێبورده‌و هێمنه‌.

جا خوا به‌كه‌ڕه‌می خۆی هیدایه‌تمان بدات كه‌ بتوانین ته‌زكیه‌ی نه‌فسمان بكه‌ین و له‌ڕیشه‌و بنكی سیفه‌ته‌ نزم و په‌سته‌كان (رذائل) پاكی بكه‌ینه‌وه‌و به‌بژار بڕێ ته‌قوا بژاری بكه‌ین و، خۆشمان به‌سیفه‌ته‌ به‌رزو جوانه‌كان بڕازێنینه‌وه‌، تاكو زه‌مینه‌ی به‌ره‌و خوا چوون و له‌خوا نزیك بوونه‌وه‌مان خۆشتر بكه‌ین و، له‌سایه‌ی صاڵح بوون و خۆپاك و چاك كردنیشمانه‌وه‌ سه‌رفرازی موتڵه‌ق و شه‌یطان پێ نه‌وێرانمان ( إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ…) (الاسراء:65) وه‌ له‌فێڵ و پیلانی دوژمنان پارێزران (وَإِن تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا لَا يَضُرُّكُمْ كَيْدُهُمْ شَيْئًا ۗ) (آل عمران: 120). بۆخۆمان دابین و مسۆگه‌ر بكه‌ین.

 

13/ ڕه‌جه‌ب/ 1421 كۆچی

به‌رامبه‌ر 11/10/2000 زایینی

(ئه‌حمه‌د ئاوا)

Comments
Loading...