كوردستان بۆ وێران بوو و چۆن ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه‌؟

2,707

كوردستان بۆ وێران بوو و چۆن ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه‌؟

 

پێشه‌كی

خوێنه‌ری به‌ڕێز!

له‌ ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ ئینسان جێ نشین (خلیفة)ی خوایه‌، له‌سه‌ر زه‌وی، وه‌ك خودای به‌رزو مه‌زن فه‌رموویه‌تی: (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً..) البقره‌/30. واته‌: وه‌ كاتێك په‌روه‌ردگارت به‌ فریشتانی فه‌رموو، بێگومان من جێنشینێك له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نێم..

ئنجا له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ فریشته‌ پاك وبێگه‌رده‌كان سه‌لامی خوایان لێ بێ ده‌یانزانی كه‌ ئه‌ركی جێنشینایه‌تی له‌سه‌ر زه‌وی، له‌به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دنیاو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یدا خۆی ده‌نوێنێ، وه‌ ده‌شیانزانی كه‌ ئینسان ده‌ماری تووڕه‌یی و هه‌واو ئاره‌زووی تێدایه‌و گومانیان وابوو، كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ به‌ئینسان به‌ڕێوه‌ ناچێ، له‌ وه‌ڵامی فه‌رمووده‌ی خوادا وه‌ك پرسیارو داواكردنی ڕوونكردنه‌وه‌ (الاستفسار) گوتیان: (أتَجْعَلُ فِيْها مَنْ يُفْسِدُ فِيْها وَيَسْفِكُ الدِّماءَ..؟!) ئايا له‌به‌رچی یه‌كێكی تێدا ده‌گێڕی –به‌جێنشین– كه‌ خراپه‌ی تێدا ده‌كات و خوێنێ ده‌ڕێژێ..؟!

به‌ڵام خوای زاناو كاربه‌جێ كه‌ ده‌یزانی ئینسان وێڕای تواناو هێزی خراپه‌كاری و تاوان، تواناو وزه‌ی چاكه‌كاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شی تێدایه‌، له‌وه‌ڵامیان دا فه‌رمووی: (إنِّي أَعْلَمُ مالا تَعْلَمُونَ) ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئێوه‌ نایزانن!

به‌ڵێ ئه‌ركی ئینسان له‌ ژیانی دنیایدا بریتیه‌ له‌جێنشینایه‌تی خواو ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی سه‌رزه‌وی به‌هۆی چه‌سپاندن وبه‌ڕێوه‌بردنی حوكم و به‌رنامه‌ی خواوه‌، وه‌ك له‌ سووڕه‌تی (هود)دا به‌ڕاشكاوی فه‌رموویه‌تی: (.. اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَٰهٍ غَيْرُهُ ۖ هُوَ أَنشَأَكُم مِّنَ الْأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا..) 61.

واته‌: .. خوا بپه‌رستن جگه‌ له‌وه‌ی هیچ په‌رستراوتان نین، ئه‌وه‌ كه‌ له‌ زه‌وی دروستی كردوون و ئێوه‌ی له‌وێدا گێڕاوه‌ به‌ ئاوه‌دان كه‌ره‌وه‌..

جا مادام حیكمه‌ت و هۆی دروست بوونی ئینسان و هاتنه‌دی ئه‌م ژیانه‌ دنیاییه‌ بریتی بێ له‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی زه‌وی و به‌ڕێوه‌بردنی حوكم و به‌رنامه‌ی خوا، مانای وایه‌ هه‌موو ده‌مێ دیتنی دیارده‌ی ئاوه‌دانی و خێروخۆشی و به‌خته‌وه‌ری له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا به‌گشتی و له‌ یه‌ك یه‌كی كۆمه‌ڵگایه‌كانی سه‌رزه‌ویدا به‌تایبه‌تی، به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی ساغ و سه‌لیمی مرۆڤایه‌تی و گه‌ل و تیره‌كانه‌و، به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ش دیترانی دیارده‌ی وێرانی و خراپه‌كاری و ژینتاڵی نیشانه‌و درووشمی نه‌ساغی و نه‌خۆشی و له‌گرێ ژه‌نه‌ چوون و له‌ڕێ ده‌رچوونیانه‌!

ده‌جا (كوردستان) به‌گشتی و به‌شه‌ كوردستانی سه‌ر به‌ عێڕاق به‌تایبه‌تی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پارچه‌كانی سه‌رزه‌وی و، دانیشتووانیشی یه‌كێكن له‌و نه‌ته‌وه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ مرۆڤایه‌تییان لێ پێكدێ، له‌م ڕۆژگاره‌دا زه‌قترین و بێڕه‌زاترین شێوه‌ی دیارده‌ی كاول بوون و وێرانكاری و ژینتاڵی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ.

ئنجا گومانی تێدا نیه‌ كه‌ هیچ دیارده‌یه‌كی ماددی مه‌عنه‌وی نیه‌ كه‌ هۆو بنه‌مایه‌كی تایبه‌تی نه‌بێ، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ هیچ شتێكی په‌یدابوو له‌خۆوه‌و به‌بێ هۆ په‌یدابێ و سه‌ر هه‌ڵ بدات.

جا به‌نده‌ لێره‌دا وه‌ك جێ به‌جێكردنی ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ ئه‌ركی سه‌رشانی به‌رانبه‌ر به‌رنامه‌كه‌ی و، وه‌ك ده‌ربڕین و سه‌لماندنی ئه‌مه‌ك و وه‌فاو په‌رۆش و به‌ته‌نگه‌وه‌بوون سه‌باره‌ت به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی، ویستی كه‌ زۆر به‌كورتی و گوشراوی له‌ دووتوێی ئه‌م نامیلكه‌یه‌دا له‌چه‌ند خاڵێكدا هۆو بنه‌مایه‌كانی وێرانی و كاولكرانی كوردستان و ژینتاڵی و بێ حاڵی دانیشتووانی بتوێژێته‌وه‌و، پاشانیش هه‌ر به‌كورتی ڕێگه‌و چۆنیه‌تی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی كوردستانی وێران و، بووژاندنه‌وه‌ی كوردی بێ شوان بخاته‌ڕوو.

هیواداریشم تێكڕای گه‌له‌ چه‌وساوه‌و ماندووه‌كه‌م به‌هه‌موو به‌ش و چین وتوێژه‌كانییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ خولیاو كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئازادی و ڕزگاری كوردو كوردستانیان له‌ كه‌لـله‌دایه‌و، خۆیان به‌ شۆڕشگێڕو مشوورخۆری گه‌له‌كه‌مان ده‌زانن، زۆر به‌هێدی و ئارامی و به‌ویژدان و به‌دڵێكی بێ خڵته‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌و، ڕێگه‌ به‌هه‌ست و نه‌ست و ده‌مارگیری حیزبایه‌تی نه‌ده‌ن، كه‌ به‌چه‌نگه‌ خۆڵی (به‌دوگومانی)و (به‌س خۆدیتن) گۆمی ڕوونی زه‌ینیان قوڕاو بكات و، تێگه‌یشتن و لێ حاڵی بوونی مه‌نتیقییانه‌یان له‌ده‌ست بدات و، گیرۆده‌ی تێڕوانین و هه‌ڵوێستی به‌ بوغزو غه‌ره‌زو سه‌ركێڵانه‌ی ئیشك و بێ تامیان بكات.

وه‌ هیوادارم كه‌ قه‌ناعه‌ت هێنانی پێش بیركردنه‌وه‌ وا له‌هیچ كه‌س نه‌كات، كه‌ خۆی بكاته‌ داركه‌ری شه‌وێ و، به‌پێخواسی به‌نێوبكه‌وێ و، هه‌رله‌خۆوه‌ خه‌ونی خراپ ببینێ و، راست و چه‌پ (×)ی نه‌ویستن به‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییانه‌دا بێنێ، كه‌ له‌ بیروبۆچوون و ڕێره‌و (اتجاه‌)ی چه‌وت و هه‌ڵه‌ی ویدا ڕوو به‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ خوا له‌سه‌رڕا ئاگاداره‌ له‌ نووسینی ئه‌م نامیلكه‌یه‌و هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكه‌شمدا بێجگه‌ له‌ خوا له‌خۆ ڕازی كردن به‌هۆی لابردنی چاوپێچكی سه‌ر چاوی گه‌له‌كه‌م و ده‌ست گرتنی و ڕێڕوونی كردنی به‌ره‌و ڕێبازو به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ عیززه‌ت و سه‌ربه‌رزی و خێرو خۆشی و به‌خته‌وه‌ری دنیاو دوا ڕۆژانی له‌گره‌و دایه‌، هیچ نیازو مه‌به‌ستێكی دیكه‌م له‌دڵدا نیه‌و، جگه‌ له‌بیروبۆچوونی چه‌وت وهه‌ڵه‌و ڕێچكه‌و كوێره‌ ڕێی خوارو خێچ و ڕه‌نج به‌زایه‌ده‌رو به‌ئامانج نه‌گه‌یه‌نه‌‌ریش شه‌ڕو ده‌عوام له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سدا نیه‌، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئومێدم وایه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ جارجار (تاڵیی)و (ڕه‌قیی) ئه‌و ڕاستییانه‌ی ده‌یانخه‌مه‌ڕوو دڵی هه‌ندێك كه‌سیش تێكه‌ڵ بێنن و ئازار بده‌ن، دڵسۆزی و نیاز پاكی و گه‌ل دۆستیم شه‌فاعه‌تم بۆ بكه‌ن و داوای گه‌ردن ئازاییم بۆ له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن.

قووڵه‌ هه‌رمێ / به‌شه‌ كوردستانی سه‌ر به‌عێڕاق

17/ذو القعده‌/ 1409 ك

18/حوزه‌يرانى/1989 ز

 

Comments
Loading...