مسوڵمانی كامڵ 1

2,688

مسوڵمانی كامڵ

به‌شی یه‌كه‌م

بیرو باوه‌ڕی مسولمان

1- بنچینه‌كانی بڕوا 2-بیرو بۆچوون 3-هه‌ڵوێست

 

پێشه‌كی

 

الحمد الله وكفی وصلاته‌ وسلامه‌ علی عباده‌ الذین اصطفی خصوصا خاتم الأنبياء محمد وآله الكرام وصحبه الأوفياء.

مسوڵمانانی به‌ڕێزو خۆشه‌ویست!

ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی واقیعی ئه‌مڕۆی ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ری كۆتایی “صلی الله علیه‌ وسلم” وئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ بده‌ین كه‌مسوڵمانانیان تێدایه‌و له‌سه‌ر ئیسلام حیساب ده‌كرێن، ده‌بینین كه‌ ده‌رباره‌ی (مسوڵمانه‌تی)و مه‌عنای وشه‌ی (مسوڵمان) چه‌ندان بیروبۆچون هه‌ن كه‌ كه‌م و زۆر هه‌ڵه‌وكه‌م وكووڕییان تێدایه‌([1]بۆ وێنه‌:

هه‌ندێكیان پێیان وایه‌ (مسوڵمان) ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ پێنج درووشمه‌كانی ئایین (شایه‌تمان، نوێژ، رۆژوو، زه‌كات، حه‌ج) به‌جێ دێنێ و ئاوێ بێنه‌و ده‌ستان بشۆ!

وه‌هه‌ندێكیان وا ده‌زانن (مسوڵمان) بابایه‌ كه‌ بڵێ: خواو پێغه‌مبه‌ران ده‌ناسم و بڕوام به‌ كه‌لام و كتێبیان هه‌یه‌و، ده‌زانم كه‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خیش هه‌ن… به‌ڵام پابه‌ندی و ڕه‌فتارو به‌ڕێوه‌چوون به‌پێی ئیسلام ئه‌وه شتێكی تایبه‌تی و شه‌خشییه‌و گرنگ نیه‌!

ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هه‌ن پێیان وایه‌ (مسوڵمان) ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌دایك وبابێكی مسوڵمان په‌یدابووبێ و له‌كاتی ناونووس دا به‌مسوڵمان نووسرابێ، ئیدی بیروباوه‌ڕو ڕه‌وشت و ره‌فتارو خه‌تی سیاسی چییه‌و چۆنه‌و سه‌ر به ‌چ ڕێچكه‌و حیزب و تاقمێكه‌، ئه‌وه‌ شتێك نیه‌، چونكه‌ مسوڵمانه‌تی له‌دایك و بابه‌وه‌ به‌هۆی جینی سه‌ر([2]) كڕۆمۆسۆمه‌كانه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ رۆڵه‌!!

ئنجا هه‌ر له‌نێو ئه‌وسێ جۆره‌ خه‌ڵكه‌دا كه‌ به‌عه‌وام و ڕه‌شۆكی حیساب ده‌كرێن كۆمه‌ڵێك –یان راست تر بڵێین چه‌ند ده‌سته‌و كۆمه‌ڵێك– هه‌ن كه ‌به‌لای خۆیانه‌وه‌ مسوڵمانی دانسته‌و تایبه‌تین و خۆیان پێ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی تر جیایه‌و واده‌زانن (مسوڵمان) به‌س ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ سه‌ربه‌یه‌كێك له‌ لق و رێبازه‌كانی (تصوف) بێت و، په‌یمان و به‌ڵێنی شێخێكی له‌گه‌رده‌ن دابێ و، گه‌وره‌ترین ئه‌ركی زیكرو ویردو دوعاو خۆ سافكردنه‌وه‌ بێت و، به‌رزترین ئامانجیشی ئه‌وه‌بێ كه ‌صۆفی و ده‌روێشی باش بێت و كارێك نه‌كات كه‌ حه‌زره‌تی شێخ یان ته‌نانه‌ت كوڕو كوڕه‌زای جه‌نابی شێخ لێی بڕه‌نجێ و، هه‌تا ده‌شتوانێ له ‌سیاسه‌ت و حیزبایه‌تییه‌وه‌ دووربێ، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان([3])!!

ئه‌م چوار جۆره‌ بیرو بۆچونانه‌ ده‌رباره‌ی مه‌عنای مسوڵمان و مسوڵمانه‌تی وه‌ك خه‌ڵكی عه‌وام و ڕه‌شۆكی –دیاره‌ مه‌به‌ست عه‌وام و ڕه‌شۆكییه‌ له‌ڕووی بێ ئاگایی و نه‌شاره‌زایی به‌ئیسلام ئه‌گه‌رنا ره‌نگه‌ هه‌یانبێ سیاسه‌تمه‌دارێكی زل و خاوه‌ن شه‌هاده‌و پله‌یه‌كی خوێنده‌واری به‌رزبێت–، له‌نێو ڕیزی ئیسلامییه‌كانیشدا دیسان كه‌م و زۆر هه‌ڵه‌و ناته‌واوی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌عنای وشه‌ی (مسوڵمان)و مسوڵمانه‌تی بۆ وێنه‌:

هه‌ندێكیان واده‌زانن مسوڵمانه‌تی و دینداری به‌س ئه‌وه‌یه‌ كه ‌ئه‌وان له‌دووتوێی به‌رهه‌م و كتێبی چه‌ند زانایه‌كدا ده‌بینن و، غه‌یری ئه‌وان هیچ كه‌س له‌ئیسلام نه‌گه‌یشتوه‌و هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ مسوڵمان بێ، ده‌بێ حه‌تمه‌ن له‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌ڵهێنجێ و به‌س شوێن پێی ئه‌وان هه‌ڵبگرێ!

هه‌شیانه‌ مه‌سه‌له‌ی پابه‌ندبوون به‌ (قورئان و سوننه‌ت)یان كردۆته‌ ویردی سه‌رزمان و ده‌یانه‌وێ به‌ناوی پابه‌ندبوون به‌ قورئان و سوننه‌ته‌وه‌ -كه‌ خۆی له‌خۆیدا شتێكی ڕاست و به‌جێیه‌و هیچ كه‌س ناتوانێ خۆی به‌ مسوڵمان بزانێ و نكووڵی لێ بكات– مسوڵمانان له‌وهه‌موو كه‌له‌پوورو خه‌زێنه‌ پڕگه‌وهه‌رو مروارییه‌ی زانایانی پێشینمان بێ بێبه‌ش بكه‌ن!

به‌ڵام عه‌لی كوری ئه‌بو تالیب، رضی الله عنه‌ گوته‌نی: (كلمة حق أريد بها باطل).

هه‌ندێكیشیان له‌ئه‌نجامی كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ری ڕؤژئاواو فه‌لسه‌فه‌و بیردۆزه‌كانییه‌وه‌، وه‌ك دیموكراسیه‌ت و لیبڕالیه‌ت، قاڵبی جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان بۆ مرۆڤی مسوڵمان داتاشیوه‌ كه ‌زۆر دوورو نامۆیه‌ به‌ڕووحی قورئان و سوننه‌ت و ئه‌وجۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ هاوسه‌نگ و تێڕو ته‌واوه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه‌ وسلم هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ ده‌كردو پێی ده‌گه‌یاندن.

  به‌ڵێ خوێنه‌ری سه‌نگین و شیرین!

هه‌موو ئه‌م جۆره‌ بیروبۆچوونه‌ سه‌یرو هه‌ڵه‌و جیایانه‌ له‌نێو مسوڵماناندا سه‌باره‌ت به‌وشه‌ی (مسوڵمان) هه‌ن و باون، بۆیه‌ به‌پێویستمزانی له‌دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دا پێناسه‌ی ئینسانی مسوڵمان بكه‌م، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك خوای دادگه‌ر فه‌رموویه‌تی: (لِّيَهْلِكَ مَنْ هَلَكَ عَن بَيِّنَةٍ وَيَحْيَىٰ مَنْ حَيَّ عَن بَيِّنَةٍ ۗ) الانفال 42.

ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌تا ئێستا خۆی به‌ مسوڵمان زانیوه‌ به‌ڵام به‌ناو مسوڵمانن یان نیوه‌ مسوڵمان یان مسوڵمانێكی كرچ و كاڵ بووه‌ خۆی بناسێ و، بزانێ (مسوڵمان) كێیه‌و مسوڵمانه‌تی چۆن ده‌بێ؟؟ وه‌ ئه‌وه‌ش كه‌ سوپاس بۆخوا مسوڵمانی تێرو ته‌واو و ڕاست و ڕه‌سه‌ن بووه‌ سوپاس و ستایشی خوای میهره‌بانی له‌سه‌ر بكات و هه‌وڵیش بدات زیاترو چاكتر به‌پله‌كانی ئیمان و ئیسلام و ئیحساندا سه‌ربكه‌وێ و به‌رزبێته‌وه‌، چونكه‌ بێگومان (كامڵ بوون) شتێكی گوێره‌یی (نسبي)یه‌و حاڵه‌تێك نیه‌ به‌یه‌ك هه‌نگاوو یه‌ك ته‌كان بێته‌دی، به‌ڵكو پێویستی به‌هه‌وڵ و كۆشش و ته‌قه‌ڵڵای شێلگیرو به‌رده‌وام هه‌یه‌.

ئینسان هه‌تا گیان له‌به‌ر به‌ده‌نیدا بێت و هه‌ناسه‌ بدات ده‌توانێ ڕۆژ به‌ڕۆژێ و تاو بۆ تاوێ به‌په‌یژه‌ی به‌ره‌و خوا چوون و كامڵ بووندا سه‌ربكه‌وێ هه‌ربۆیه‌ش خوای كاربه‌جێ و زانا به‌پێغه‌مبه‌ری پێشه‌واو پایه‌ به‌رزمانی فه‌رمووه‌: (واعبد رَّبك حَتَىَ يأتيك اليقين) الحجر (99).

هه‌روه‌ها بۆیه‌ له‌دوای ته‌مه‌نی موباره‌كیدا پێی فه‌رموو: (…فَسَبَّح بحمد ربَّك واستغْفِرهُ انَه كان توَاباً) النصر (3).

تاكو بۆ هه‌موو ئینسانه‌كان روون بێته‌وه‌ كه‌ ته‌واویی ڕه‌ها (الكمال المطلق) به‌س ئی خوایه‌و، ئینسانه‌كان له هه‌ر پله‌وپایه‌كی به‌رزی به‌ندایه‌تی و خواپه‌رستی و كامڵیدا بن ته‌نانه‌ت دوایین پێغه‌مبه‌ری خواش صلی الله علیه‌ وسلم كه‌ گه‌وره‌ترین ئینسان و هه‌ڵبژارده‌ی پێغه‌مبه‌ران علیهم الصلاة السلام ده‌بێ له‌ئاقار خوای په‌روه‌ردگاریاندا هه‌رهه‌ست به‌كه‌م و كووڕی و وه‌ك پێویست نه‌بوونیان بكه‌ن.

دیاره‌ هه‌ر ئه‌م جۆره‌ هه‌ست و نه‌ست و قه‌ناعه‌ته‌شه‌ كه‌ دبێته‌ دینه‌مۆی هه‌میشه‌ جووڵان و كردو كۆشیان بۆ هه‌رچی زیاتر پێگه‌یشتن و كامڵ بوون و به‌ره‌و خوای به‌رزو مه‌زن و بێ وێنه‌چوون.

به‌ڵێ ئه‌م حاڵه‌تی خۆ به‌كه‌م زانین و له‌خۆ ڕازی نه‌بوون و گله‌یی له‌خۆ هه‌بوونه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خوادا بناغه‌و بزوێنه‌ری كامڵ بوون و پێگه‌یشتنی ئینسانی دیندارو مسوڵمانه‌، هه‌ربۆیه‌ش خوای كاربه‌جێ له‌به‌رزترین و پیرۆزترین حاڵه‌تدا كه‌ شه‌وڕۆو پێهه‌ڵاچوون (الاسرء والمعراج)ه‌ وه‌سفی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامانی به‌وشه‌ی به‌نده‌ (عبد) كردوه‌:

(سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْآيَاتِنَا …) الأسراء﴿١﴾ .

جا خوا به‌لوتف و كه‌ره‌م و به‌خششی خۆی هیدایه‌تی هه‌موولایه‌كمان بدات كه‌ به‌هه‌موو پله‌كانی په‌یژه‌ی به‌ندایه‌تی و خوا په‌رستیدا سه‌ركه‌وین هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ له‌ ته‌رازووی قوڕئان و سوننه‌تدا به‌ به‌نده‌یه‌كی وه‌فادارو كامڵی خوای په‌روه‌ردگار ده‌خوێندرێینه‌وه‌و له‌ڕۆژی دواییدا له‌ڕێزی كۆمه‌ڵی خوا (حزب الله‌)و كاروانی پێغه‌مبه‌راندا صلی الله علیه‌ وسلم كۆده‌كرێینه‌وه‌ له‌ ئینسانه‌ سپله‌و بێ ئه‌مه‌ك و ده‌غه‌ڵه‌كان جیا ده‌كرێینه‌وه‌.

3/9/1996

شاره‌زوور/ ئه‌حمه‌داوا

 (1) دیاره‌ هه‌میشه‌و دایم كه‌سانێك هه‌ر هه‌بوون و ده‌بن كه ‌وه‌ك پێویست شاره‌زای ئایین و به‌رنامه‌ی خوابن و دووچاری ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵانه‌ نه‌بن.

 (2) جینی سه‌ر كڕۆمۆسۆمه‌كان (ناقلات الورائة) ئه‌وشتانه‌ن كه‌ سیفه‌ته‌كانی دایك وباب بۆ وه‌چه‌كه‌یان ده‌گوازنه‌وه‌.

([3])له‌كتێبی (رێگای صاڵح بوون…)دا مه‌سه‌له‌ی ته‌زكیه‌و تصوف توێژراوه‌ته‌وه‌.

 

Comments
Loading...