مامۆستا عه‌لی باپیر: کێ زیاتر خەڵکی لەگەڵدایەو گوزارشت دەکات لە تورکمانەکان و لە خەمی ئەواندایە مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن…

3,211

مامۆستا عه‌لی باپیر: کێ زیاتر خەڵکی لەگەڵدایەو گوزارشت دەکات لە تورکمانەکان و لە خەمی ئەواندایە مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن…

 

هه‌فته‌نامه‌ی (ته‌با)ی ئاژانسی میدیایی توركمان چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیی له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ئه‌نجامداو تیایدا قسه‌وباس له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرسی ناوخۆی هه‌رێمی كه‌ردستان و عێڕاق به‌گشتیی و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌هه‌ردوو زمانی توركمانیی و كوردیی كرا، له‌وانه‌:

 

  1. هۆکاری زیادکردنی رێژەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکانی کۆمەڵ بۆ چێ دەگەڕێننەوە؟

  2. بۆچی کۆمەڵی ئیسلامیی تا ئێستا بڕیاری خۆی یەکلا نەکردۆتەوە. هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامیی چۆن دەبێت؟

 

  1. سەردانەکەی پارتی هیچ دڵنیاییەکتان پێدرا کە ٤ ساڵی داهاتووی حکوومەت وەکو چوار ساڵی رابردوو نابێت؟ لەم بارەیەوە گفتوگۆتان  کرد؟

 

  1. سەردانەکەی پارتی هیچ دڵنیاییەکتان پێدرا کە ٤ ساڵی داهاتووی حکوومەت وەکو چوار ساڵی رابردوو نابێت؟ لەم بارەیەوە گفتوگۆتان  کرد؟

 

  1. كۆمەڵی ئیسلامیی وەکو لایەنێکی سیاسیی چۆن سەیری ئەوە دەکات کە یەکێک لە پۆستی جێگری ٣ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بدرێت بە تورکمان؟

 

  1. پرسی شیلادزێ چۆن چارەسەر دەکرێت؟ پێویستە کام لایەن هەستێت بە چارەسەر کردنی ئەو پرسە؟

 

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌و‌ چه‌ندین پرسیاری دیكه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌ستت ده‌كه‌وێ:

=======================================‌

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی تەبا لەبارەی بڕیارەکانییان لە ماوەی کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەشداری کردنی تورکمان لە کابینەی حکوومەت، ئۆپەراسیۆنەکانی سەرسنوور کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵێک پرسی جیاواز، دایەوە

له هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلوولدا تەواوی حیزبەکان گۆڕانکارییان بەسەر رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانیاندا هات. بەشێک لە حیزبەکان ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کرد و کۆمەڵی ئیسلامی بە پێچەوانەی ئەوان ژمارەی کورسییەکانی زیادی کرد. ئایا هۆکاری زیادکردنی رێژەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکانی کۆمەڵ بۆ چێ دەگەڕێننەوە؟

بسم الله الرحمن الرحیم ئەم هەڵبژاردنەی دوایی کە کرا لە ٣٠ ئەیلوول بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئێمە کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەری هەبوو. یەکێک لەوانە بەشداری کردنی کەمی خەڵک. بەپێی هەندێک بۆچوون و بەدواداچوون ڕەنگە لە سەدا ٤٠ خەڵک بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن کردبێت و لە سەدا ٦٠ خەڵک نەچووبێتە سەر سندووقی دەنگدان. ئەمەیان نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر کۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت و ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕ و متمانەیەکی ئەوتۆیان نەمابێت بە کۆی دۆخە سیاسییەکە بە حکوومەت و پەرلەمانەوە و هەموو دامودەزگاکانەوە. بەم هۆیەوە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵات چاو بەخۆداچوونەوەیەکی چاک بکەن. وە ئەوە لەخۆیان بپرسن بۆچی خەڵک وا نائومێد و بێزار بووە و نەچێتە لای سندووقی دەنگدان و رای خۆی دەرببڕێ بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆی دیاری بکات

تێبینی دووەممان لەسەر هەڵبژاردن ئەوەبوو کە لەلایەن هەردوو حیزبی حوکمڕانەوە ساختەکارییەکی زۆر کرا. من لەخۆمەوە ئەو قسەیە ناکەم بەڵام بە دانپێنانی هەردوو لایەنی حیزبی دەسەڵاتدار لەسەر یەکدی کە پەیوەندییان بەمنەوە کردووە. یەکێکیان پەیوەندی بەمنەوە کردووە و وتوویەتی مامۆستا فیلان حیزب ساختەکاریی زۆر ئەنجام داوە و ئەوی دیکەشیان پەیوەندی بەمنەوە کردووە بە هەمان شێوە وتوویەتی مامۆستا فیلان حیزب ساختەکاری زۆری ئەنجام داوە. لە ئەنجامدا ئەگەر قسەی هەردووکیان کۆبکەینەوە، هەردوو حیزب تەزویر و ساختەیان کردووە. بەڵگەی جوزئیش زۆرە لەسەر ئەم بابەتە ئەمەش نیشانەیەکی گەورەی پرسیاردەخاتە سەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە سەبارەت بە هەردوو حیزبی حوکمڕانەوە.

سێیەمیان، کەمکڕدنی دەنگەکانی لایەنە سیاسییەکان، رەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو خەڵکە نەچوون بۆ دەنگدان. ئەو خەڵکانەش بریتین لەوانەی کە لەم دۆخە بێزارن و نائومێدن وە رەخنەیان هەیە لەو دۆخەی ئێستا کە تیایداین. ئەم لایەنانە ئەو لایەنانەن کە لە دەسەڵاتدا نەبوون و بەهرەمەند نەبوون لە دەسەڵات و خۆیان بە بەشخوراو دەزانن. ئینجا ئەو لایەنانە ئێمەین یەکگرتووە و خەڵکی دیکەیە.

ئێوە باستان لەوە کرد کە دەنگی ئێمە زیادی کردبێت، ئێمە بەقەدەر خۆمان و بە قەدەر هەڵوێستی خۆمان دەنگمان بەم شێوەیە زیادی نەکردووە. بەڵی بەبەراورد لەگەڵ گۆڕان کە کورسییەکانیان بووە بە نیوە و یەکگرتوو لە نیوەش دابەزیوە بە بزووتنەوەوە، کورسی ئێمە لە شەشەوە بووەتە ٧. لە چاو ئەوان راستە زیادی کردووە بەڵام لە چاو خۆمان ئێمە پێمان وایە کە حەجم و قەبارەی راستەقینەی ئێمە هی ٧ کورسی نییە.

بەڵام کاتێک خەڵکێکی کەم دەچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆشاییەک دروست دەبێت و هەردوو حیزبی حکومڕان ئەو بۆشاییە بە دەنگی ساختە و بە دەنگی تەزویر پڕ دەکەنەوە. بێگومان ئەوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئێمەومانان. ئێمە تەزویرمان بۆ ناکرێت و بڕواشمان بە تەزویر نییە. بە هەر حاڵ کۆمەڵی ئیسلامی پێویستی دەکرد کورسییەکانی زۆر لەمە زیاتر زیادی بکردبایە. چونکە پێمانوایە ئێمە باجمان داوە لەسەر هەندێک لە هەڵوێستەکانی خۆمان، پێشمانوایە سەرڕاستانە لەگەڵ مەبدەء و پرەنسیبەکانی خۆمان رۆیشتووین. پێشمان ناخۆشبووە کە دەنگی خەڵکی دیکەش کەمی کردووە. ئەوانیش پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە کە دەنگەکانییان بۆچی کەمی کردووە، وێرای تەزویر چونکە تەزویرەکە لە دژی هەموو لایەک بووە و لە قازانجی حیزبی حوکمڕان بووە. پێویستە پارتی و یەکێتیش زۆر بە جددی بەخۆیاندا بچنەوە کە بزانن بۆچی وایان لە خەڵک کردووە کە لە سەدا ٦٠ی خەڵک بڕوای نەبێت بە دۆخی سیاسیی و هەڵبژاردن بۆ ئەوەی بێت و شاهێدی بدات بۆ ئەوەی نوێنەرێک بۆخۆی دیاری بکات

لەمیانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا بەشێک لە حیزبەکان رایانگەیاند کە بەشداری لە حکوومەت ناکەن و بەشێکیشیان بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ حیزبی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن. ئایا بۆچی کۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا بڕیاری خۆی یەکلا نەکردۆتەوە. هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەبێت؟

کۆمەڵی ئیسلامی هەرلەسەرەتاوە نەیوت بەشداری حکوومەت ناکەین بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەشداری حکوومەت بکەین و ئەگەریشی هەیە بەشدار نەبین. ئێمە جاری دیکەش وتوومانە و ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە بۆ کابینەی نۆیەم کە لە پەرلەمان پارتی وەکو گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێت، سەیری بەرنامەکەیان دەکەین. سەیری چۆنییەتی داواکردنیان بۆ بەشداری ئێمە چۆنە و دەیانەوێت ئێمە چۆن بەشداری بکەین. سەیری ئەوەش دەکەین کە پێگەی ئێمە چی دەبێت لەم حکوومەتە، دوای ئەوە بڕیار دەدەین ئایا ئەو داوەتنامەیە قبووڵ بکەین یاخود بەشدار نەبین.

ئێمە تا ئێستا یەکلاییمان نەکردۆتەوە. هەر لە سەرەتاوە نەمانوت بەشدار دەبین یاخود بەشدار نابین. بەڵام ئەوە مانای ئەوەش نادات کە بە هەموو شێوەیەک بەشدار دەبین. راستییەکەی ئێمە کاتێک بەشدار دەبین کە قەناعەتمان وابێت ئەو حکوومەتە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، ئەو حکوومەتە دەتوانێت پاکسازی و چاکسازی بکات، دەتوانێت سنوورێک دابنێت بۆ ئەو هەموو گەندەڵی و قۆرخکارییەی کە لە رابردوودا هەبووە و ئێمە چەند جار وتوومانە و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە، شتێکی زۆر نەشیاوە لە ڕووی شەرعییەوە، لە رووی مەنتقییەوە و لە ڕووی پرانسیبەکانی مافی مرۆڤەوە لە نێو ٤-٥ ملیۆن خەڵکی دانیشتووی هەرێمی کوردستاندا کەمینەیەک لەحیزب و خزم ببنە ملیاردێر. سەروەت و سامانێکی زۆر ئەستوور و بێڕەزا وەسەریەک بنێن و خەڵکێکی زۆری رەش و ڕووتیش هەبێت چوار دیوارێکی نەبێت تێیدا ژیانی بەرێتە سەر و بەرگ و پۆشاک و خواردنێکی باشی هەبێت. کەسانێک نەخۆش بن و پارەیان نەبێت خۆیان چارەسەر بکەن کەچی کەسانێکیش لە حیزب و خزم ببنە ملیاردێر و سەروەت و سامانێکی زۆر زۆر زیاد لەخۆیان وەسەریەک بنێن کە لێرە جێگەی نەبێتەوە ببینە بانکەکانی دەرەوەی وڵات یاخود لە دەرەوەی وڵات بیخەنە پڕۆژەوە.

من پار سەردانێکی ئەڵمانیام کرد و لە بەرلین خەڵکانێک کە لەوێن وتیان مامۆستا وەرە با شوێنێکت پێنیشان بدەین کە هۆتێکێکی زۆر گەورەیە وهی فڵان کەسە لە فڵان حیزبدا و بەهایەکەی نزیکەی ملیارێک دۆلارە. ئینجا وەرە با لە گەڕەکێک خانووێکت پیشان بدەین کە بایی پارەیەکی زەخمە و ئەویش هی فیلان بەپرسە. هەموو ئەو شتانە بە پارەی ئەم وڵاتە و داهاتی ئەم وڵاتە دەکڕدرێت. ئەگەر ئێمە سنورێک بۆ ئەو رەفتارانە دانەنێن و حکوومەت هەوڵ نەدات چاکسازی بکات ئەگەر پلە پلەش بێت، بەرنامەکەشمان بە دڵ نەبێت و پێگەی خۆشمان بەدڵ نەبێت بەشدار نابین. کاتێک بەشدار دەبین کە بتوانین لە راستکردنەوەی باری حکوومەت و وەڵامدانەوەی ئەندازەیەک لە کێشەکانی خەڵک بەشدار بین.

لەدوایین سەردانەکەی پارتی هیچ دڵنیاییەکتان پێدرا کە ٤ ساڵی داهاتووی حکوومەت وەکو چوار ساڵی رابردوو نابێت؟ لەم بارەیەوە گفتوگۆتان  کرد؟

تا ئێستا بە راشکاوی لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ ئێمە نەکراوە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش تا ئێستا تەنها شاندی حیزبی چووە، دوای ئەوەی کە لە پەرلەمان رادەسپێردرێن و شاندێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێکدەهێندرێت، ئەوان دەبێ باسی چۆنییەتی حکوومەتی داهاتوو و پێکهێنانی حکوومەت بکەن. هەرکاتێک ئەوان هاتن و قسەی خۆیان کرد، ئەوکات ئێمەش قسەی خۆمان دەکەین. بەڵام ئەمجارە کە شاندی پارتی هاتن، جەنابی کاک فازل میرانی بۆ خۆش کردنەوەی پەیوەندییەکان هاتبوون، هەرچەندە ئەوە سەرەی سێیەم و چوارەم بوو ئەوان بێن و سوپاسیشیان دەکەن. بەڵام وتیان ئێمە هاتووین زەمینە خۆشبکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان باش بکەین، گرێ و گرفتەکان لابەرین. هاتووین جەختیش لەسەر ئەوە بکەینەوە ئەوەی کە دەوترێت گوایە پارتی ڤیتۆی هەیە لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی کە بەشداری حکوومەت بێت ئەسڵ و ئەساسی نییە. دواییش پەیوەندییان پێوەکردووین کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی ئێمەن. ئێمەش دیارە چ وەکو سەردان کردنەوەی حیزبی و چ وەکو هەڵوێستمان لە پرسی بەشداری کردن لە حکوومەت، ئێمەش وتمان با بەرچاومان روونبێت ئەو شاندەی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت رادەسپێردرێن بێن و بۆ پێکهێنانی حکوومەت قسەمان لەگەڵ بکەن، ئێمە عادەتمان وایە ئێمە بەبەرچاوڕوونی بریار دەدەین، ئەو کاتە بڕیار دەدەین.

كۆمەڵی ئیسلامی وەکو لایەنێکی سیاسی چۆن سەیری ئەوە دەکات کە یەکێک لە پۆستی جێگری ٣ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بدرێت بە تورکمان؟

با ئەوە بە جەنابت و بە خوێنەرانی رابگەیەنم، قەناعەتمان بەوە هەیە کە پێکهاتەی تورکمان پێکهاتەیەکی رەسەن و ریشەدارە لەم وڵاتەدا و جێی هەموو رێز و حورمەتێکن. پێویستە بەپێی قەبارە و کاریگەری خۆیان لە هەموو پێگەکاندا مافیان پارێزراو بێت و ئەوانیش بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت

ئەم وڵاتە هی هەموو لایەکە. من زۆر جار کە باسکراوە و وتراوە حکوومەتی کوردی، وتوومە ئەو وشەیە بەکار مەهێنن، بڵین حکوومەتی کوردستان چونکە هەر کورد لەم وڵاتە نین. تورکمان، کریستیان و عەرەبیشی لێن. ئەم وڵاتە تەنها بۆ کوردان نییە بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەیە کە تێیدا دەژین. من وەکو مەبدەئێکی گشتی دەڵێم  پێویستە تورکمان دەرفەتی پێبدرێت کە تەعبیر بکات لە واقیع و حەجم و قەبارەی راستەقینەی خۆیان

من زۆر رەخنەم لەوە هەیە کە مامەڵە دەکرێت لەگەڵ کەسایەتییەکی تورکماندا کە تەنها گوزارشت لە خۆی یاخود لە چەند کەسێک دەکات. من ئەوەم بە بڕیار بەدەستانی ئەم وڵاتەش وتووە، بۆ ئەم هەرێمە وا باشە مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەوانەی کە خەڵکی تورکمانیان لەگەڵدایە، ئەگەر جەبهەی تورکمانییە یاخود هەر لایەنێک و کەسایەتییەکە. کێ زیاتر خەڵکی لەگەڵدایە و گوزارشت دەکات لە تورکمانەکان و لە خەمی ئەواندایە مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن. نەک مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە تەعبیر دەکات لەخۆی و بە ئاسانی بەدەستەوە دێت بەڵام خەڵکی لە پشتەوە نییە. لەگەڵ ئەوانە مامەڵە بکەن کە بە ئاسانی بەدەستەوە نەیەن بەڵام خەڵکی لە پشتەوە بێت و ماف و داواکاری هەبێت

ئەوەی خەڵکی لەپشتەوە بێت بە ئیمتیازاتی شەخسی قەناعەت ناکات، دەڵێ من خەڵکم هەیە و داوای مافی خەڵکەکەی دەکات. لەگەڵ ئەمانەدا مامەڵە بکرێت.من ئێستا بەپیویستی نازانم هەندێک شت لێرەوە ورد بکەمەوە. کاک ئەرشەد ساڵحی دەزانێت، کاک ئایدن و برادەرانی جەبهەی تورکمانی دەزانن کە هەندێک شتم بۆ باسکردوون، من رەخنەم هەبووە زۆرجار لە هەندێک لە کۆبوونەوەکاندا بینیومە کەسێک هاتووە کە کەسایەتییەکەی گوزارشت لە هەندێک کەس دەکات هەر چەندە من رێزم هەیە بۆ هەموو کەسێک. کەسایەتی دیکە هەیە گوزارشت لە خەڵکی زۆری تورکمان دەکات بەڵام رەنگە بە دڵی تۆ قسە نەکات. بۆچی ئەوە بە نادیدە دەگیرێت؟ با ئەوە بێننە پێش، قسە لەگەڵ ئەودا بکەن با قسەکانیشی بە دڵی تۆ نەبێت و با هەڵوێستەکانیشی بە دڵێ تۆ نەبێت. بەڵام گوزارشت دەکات لە پێکهاتەکەی خۆی، ئەوانە دەبێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. جا ئەوە بە نسبەتی تورکمان، کریستیان و یەزیدیش بە هەمان شێوەیە

پێویستە ئێمە مامەڵە بکەین لەگەڵ ئەوانەی کە گوزارشت دەکەن لە نەتەوە و پێکهاتەی خۆیان. نەک هەر کەسێک بە دڵی ئێمە بوو بە تەنیاش بێت، ئێمە بەرزی بکەینەوە لەسەر حیسابی خەڵکێکی دیکە کە خەڵکیشی لەگەڵدایە بەڵام رەنگە بە دڵێ تۆ نەبێت و نەتەوێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکەیت. من بەگشتی بۆچوونم بەمجۆرەیە، من پێموایە هەموو ئەوانەی کە لەم وڵاتەدان بە قەبارەی خۆیان پێویستە مافیان پێبدرێت. نەوەکو ٢-٣ کەسیان دیاری بکرێت یاخود حزبێکی کارتۆنی گەورە بکرێت و بە ناوی نەتەوەیەک قسەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوە کارێکی هەڵەیە

پرسی شیلادزێ چۆن چارەسەر دەکرێت؟ پێویستە کام لایەن هەستێت بە چارەسەر کردنی ئەو پرسە؟

پێموایە ئەو پرسە پرسێکی ئاڵۆزە. ئەو پرسە پەیوەستە بە تورکیا و دەوڵەتی عێراقەوە. بەڵام بە تەئکید حکوومەتی ناوەندی بەشێکە لە عێراق بۆیە ئەویش بەرپرسیارە. من لێرە ئەوەندە دەڵێم بێگومان پاراستنی ماڵ و سامان و بەرژەوەندی گوندنیشینەکان، جا چ لە دەڤەری بادینان چ لە دامێنی چیای قەندیل چ لە هەر شوێنێک بەرپرسیارییەتییەکە لە ئەستۆی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. بەڵام پاراستنی سنوور و سەروەری عێراق لە ئەستۆی حکوومەتی ناوەندیدایە. بۆیە ئەو پرسە ئەرکێکی دووسەرەیە .

حکوومەتی تورکیاش دەبێت ئەو پرسیارەی ئاراستە بکرێت کە بۆچی وا دەکات و پاساوی چییە. پێویستە ئەو گرفت و کێشانە لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بکرێت بێ ئەوەی ئەم خەڵکە چیدیکە لەبەر دەست و پێیاندا نەچێت. چیدی موڵک و ماڵی خەڵک وێران نەبێت. چێدیکە خەڵک بێزار نەبێت و بێزاری و توڕەییەکەی بەو شێوەیە بتەقێتەوە کە لە شیلادزێ بینیمان. دەبێت دەوڵەتی تورکیاش چاوبەخۆیدا بخشێنێتەوە. ئایا هیچ میکانیزمێکی دیکە نییە ئەو کێشەی خۆی لەگەڵ پەکەکە و نەیارەکانی پێ چارەسەر بکات لە بری ئەوەی هەڵکوتێتە سەر سنوورەکانی عێراق و گوندەکانی هەرێمی کوردستان؟ ئەویش دەبێت چاو بەخۆیدا بخشێنێتەوە

حکوومەتی ناوەندیش دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە جددی بێتە سەر خەت. لە ڕاستیدا پاراستنی  سنوورەکان لە ئەرکی حکوومەتی ناوەندییە و حکوومەتی هەرێمیش بە تەئکید دەبێت هەڵوێستی هەبێت و فشار لە حکوومەتی ناوەندی بکات یاخود راستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا قسەبکات. گرنگ ئەوەیە بەرگری بکرێت لە گیان و سامان و موڵک و ماڵی ئەو گوندنیشینانە کە بەداخەوە لە ئەنجامی پێشبڕکێ و گوریسپچرێنەی نێوان پارتی و یەکێتی خەڵکێکی زۆر کرایە موڵکی خۆڵ و گوندەکان چۆڵ کران. ئێستا دەبینین کە بەرهەمی خۆماڵیمان بەو شێوەیە نییە و هەرێمی کوردستان بووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای تورکیا و ئێران و سووریا و وڵاتانی دەوروبەر. ئەوەندە گوند و گوندنیشینانەی کە ماون بەو شێوەیە جارێک ئێران زەختی لەسەر بکات و جارێک تورکیا زەختی لەسەر بکات و جارێک پەکەکە بەشێک لە خاکەکە بۆخۆی داببڕێت و لە خەڵکی دیکەی قەدەغە بکات، بەڕاستی شتێکی زۆر ترسناکە و کێشەیەکی گەورەیە پێوستە بە جددی لە پەرلەمانی کوردستان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی و لەگەڵ تورکیاش قسەی لێبکرێت. ئێمە لە جیاتی ئەوەی ئەو گوندانەی لێمان چۆڵکراوە بیبوژێنەوە و بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێت و خەڵکێکی زۆر وەکو دەستی کار لەوێ کار بکات، نەک بێنە شار و بە هەر ناونیشانێک بێت مووچەیەکیان پێبدرێت و نەتوانین زەوی و زاری سەر سنوورەکان بەهۆی ئاشووبەوە بەکار بهێنین، پێویستە چارەسەرێکی جددی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ.

هەواڵ: عەلی عەنتەر
فۆتۆ: چۆبان تەیمور

بۆ گوێ گرتن له‌ ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ كلیك بكه‌ن:

 

بۆ بینینی چاوپێكه‌وتنه‌مه‌ به‌ ڤیدیۆ سه‌ردانی لینكی خواره‌وه‌ بكه‌ن:

 

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ڕۆژنامه‌ی ناوبراو به‌ (pdf) وه‌ربگره‌:

 

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ سایتی ئاژانسی میدیایی توركمان كلیك بكه‌

 

Comments
Loading...