بنچینه‌ گرنگه‌كانی هه‌ڵس و كه‌وتی شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌له‌گه‌ڵ ورده‌ بابه‌ته‌ خیلافییه‌كاندا

2,388

بنچینه‌ گرنگه‌كانی هه‌ڵس و كه‌وتی شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌

له‌گه‌ڵ ورده‌ بابه‌ته‌ خیلافییه‌كاندا

پێشه‌كی

الحمدالله والصلاة والسلام علی رسول الله محمد واله‌ ومن اهتدى بهداه

خوێنه‌ری به‌ڕێز!

بێگومان برایه‌تی و یه‌كڕێزی و یه‌كبوون و ته‌بایی مسوڵمانان یه‌كێكه‌ له‌وشته‌ هه‌ره‌ گرنگ و بنچینه‌ییانه‌ی كه‌ خوای په‌روه‌ردگارو پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌رمان (صلی الله علیه‌ وسلم) له‌قورئان و سوننه‌تدا زۆر جه‌ختیان له‌سه‌ركرده‌وه‌و مسوڵمانانیان بۆ هانداوه‌و، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌چه‌ندان جێگای قورئان و سوونه‌ت و به‌چه‌ند شێوه‌ مسوڵمانانیان ئاگادار كردۆته‌وه‌و ترساندوویانن له‌سه‌ره‌نجامی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی و جیاجیایی و په‌رته‌وازه‌یی، وه‌ هه‌ركه‌سێك ئاشنایی قورئان و سوننه‌ت هه‌بێ زۆر به‌ڕوونی بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ یه‌كبوون و برایه‌تی و ته‌بایی سیماو نیشانه‌و درووشمی ئه‌هلی ئیمان و (توحید)ه‌و، په‌رته‌وازه‌یی و جیاجیایی و لێك دابڕانیش نیشانه‌و درووشمی ئه‌هلی كوفرو شیرك و نیفاقه‌.

ئنجا ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جێگای سه‌رسوڕمان و عاجباتییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خواپه‌رستتییه‌ تایبه‌تییانه‌([1]) (العبادات المحضة)ی كه‌ برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و یه‌كبوونی خواپه‌رستان گه‌وره‌ترین به‌رهه‌می دنیاییانه‌، بكرێنه‌ زه‌مینه‌ی كێشه‌و بگره‌و به‌رده‌و مشت ومڕو شه‌ڕه‌ ده‌ندووكه‌و ببنه‌ مایه‌ی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی و په‌رته‌وازه‌یی و جیاجیایی یان به‌لای كه‌مه‌وه‌ بوغزو كینه‌و زه‌م و غه‌یبه‌ت!!

كه‌ له‌ ڕاستیدا بێجگه‌ له‌ كرچ و كاڵی و تێنه‌گه‌یشتن و پێنه‌گه‌یشتنی مسوڵمانان  هیچ هۆكارو فاكته‌رێكی دیكه‌ نیه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی ئه‌و حاڵه‌ت و دیارده‌ ناشه‌رعی و ناماقووڵه‌ دزێوه‌ زیانبه‌خشه‌، له‌سۆنگه‌ی هه‌بوونی جیاوازی (خلاف) له‌نێوان زانایان و پێشه‌وایان دا، له‌سه‌ر زۆر له‌ مه‌سه‌له‌ جوزئییه‌كانی خوا په‌رستییه‌ تایبه‌تییه‌كان، چونكه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌رجه‌م مسوڵمانان له‌ پایه‌و بنچینه‌ گرنگ و گه‌وره‌كانی ئایین و شه‌ریعه‌تدا یه‌كن و یه‌كده‌نگن و، مه‌سه‌له‌ جوزئییه‌ خیلافییه‌كانیش له‌ڕووی حیكمه‌ته‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵخراون بۆ فراوان بوونی ڕێی دینداری و خواپه‌رستی و ئاسان بوونی كاروچالاكییه‌كانی مسوڵمانان له‌ بارودۆخ و كات و شوێن و ژینگه‌ (بیئة)و حاڵه‌ته‌ جیاجیاكانی ژیان و گوزه‌رانی تاكی و كۆمه‌ڵییاندا.

جا له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ سوپاس بۆ خوای به‌خشه‌رو دادگه‌ر له‌مێژه‌ هه‌ر له‌بیری ئه‌وه‌دام كه‌ چۆن چۆنی مسوڵمانان تێكڕاو وێكڕا بێدارببنه‌وه‌و، له‌ژێر چه‌ترو سێبه‌ری شه‌ریعه‌تی فراوان و ئاسانی خوادا كۆببنه‌وه‌و، له‌ كۆڵ ڕێچكه‌ی خوارو بیردۆزه‌ی ناله‌بارو پیاوی بێ بار ببنه‌وه‌، زۆرجار كه‌ دیتوومه‌ یان بیستوومه‌ دوو مسوڵمان یان دوو ده‌سته‌و كۆمه‌ڵه‌ مسوڵمان له‌سه‌ر ئه‌و ورده‌ بابه‌ته‌ شه‌رعییانه‌ی كه‌ خوای كاربه‌جێ به‌ ئانقه‌ست و له‌ڕووی حیكمه‌ت و ڕه‌چاوكردنی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی مسوڵمانانه‌وه‌ وای لێ كردوون شێوه‌یه‌ك زیاتر هه‌ڵبگرن و به‌جۆرێك زیاتر جێ به‌جێ بكرێن، بۆته‌ ده‌مه‌قاڵی و مشت ومڕیان و له‌یه‌ك هه‌ڵبه‌زیونه‌وه‌، زۆر دڵته‌نگ و ناڕه‌حه‌ت بوووم و په‌رۆش و به‌زه‌ییم به‌رانبه‌ر به‌وه‌زعی ئیسلام و مسوڵمانان هاتۆته‌ جۆش و خرۆش، ئاخر بۆچی و چۆن ده‌بێ مسوڵمانێك كه‌ تێكڕاو وێكڕا ته‌نیا خوایه‌ك ده‌په‌رستن و شوێن پێی تاقه‌ پێشه‌وایه‌ك هه‌ڵده‌گرن و بۆیه‌ك به‌رنامه‌و ڕێباز گیان له‌سه‌ر ده‌ستن و ڕوو به‌یه‌ك قیبله‌ ڕاده‌وه‌ستن و له‌ئاقار هه‌رمه‌سه‌له‌و بابه‌تێكی گرنگی عه‌قیده‌یی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا خاوه‌نی یه‌ك جۆره‌ هه‌ڵوێستن، له‌سه‌ر هه‌ندێك ورده‌ بابه‌تی وا كه‌ ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ڕایه‌ له‌یه‌كتر جیاوازه‌كانیان ئه‌گه‌ر یه‌كسان و وه‌ك یه‌كیش نه‌بن هه‌ر چاكترو چاك یان به‌هێزترو به‌هێز یان به‌هێزو بێ هێزن، پێكه‌وه‌ بیكه‌نه‌ كێشه‌و هه‌راو دووچاری تێك گیران و پاشان بوغزوكینه‌و هه‌ندێك جاریش ناكۆكی و دوو به‌ره‌كی و په‌رته‌وازه‌یی ببن؟!!

ئه‌وه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چۆن و به‌چ شه‌رع و عه‌قڵ و ویژدانێك ده‌بێ كه‌سانێك كه‌ به‌حیساب سه‌رگه‌رمی بووژاندنه‌وه‌ی ئایین و هیدایه‌تدانی كۆمه‌ڵگاو هێنانه‌وه‌ی حوكمی خوان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی مسوڵمانی چه‌واشه‌كراو یان ناحاڵی و نه‌شاره‌زادا له‌سه‌ر ئه‌و ورده‌ بابه‌تانه‌ بیكه‌نه‌ هه‌راو كێشه‌و به‌زم و ڕه‌زم و نه‌زانانه‌و ناشێیانه‌ هێنده‌ سه‌ختگیری له‌سه‌ر هه‌ندێك جۆرو شێوه‌ی ئه‌و خواپه‌رستییانه‌ بكه‌ن –به‌تایبه‌ت ئه‌و جۆرو شێوانه‌ كه‌ خه‌ڵكی پێیان نائاشنان و پێیانه‌وه‌ ڕانه‌هاتوون و به‌چاوی نامۆیی سه‌یریان ده‌كه‌ن– كه‌ زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵێك پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌زانانه‌ی بێ غه‌ره‌زانه‌ یان زۆر زانانه‌ی ژهراوییانه‌ خۆش بێ، كه‌ له‌ دژی ڕه‌وتی ئیسلامی بڵاوبكرێنه‌وه‌و له‌پێش خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر ببێزرێنرێ و ده‌هۆڵ بۆ ئیسلامییه‌كان لێ بدرێ كه‌: ئه‌وانه‌ ئایینێكی تازه‌یان هێناوه‌ جیا له‌وه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ری بووین؟!!

جا سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌فه‌ت و ناسۆرو دڵته‌نگی و به‌زه‌یی و په‌رۆش و دڵ پێ سووتانه‌ هانی دام و پاڵی پێوه‌نام كه‌ كورته‌ باسێك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته‌ نا شه‌رعییه‌ مه‌ترسیدارو زیانبه‌خشه‌ بنووسم و له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارو هه‌ڵس و كه‌وته‌ هه‌ڵانه‌ له‌ته‌ك ئه‌و مه‌سه‌له‌ خیلافییانه‌دا زیاتر له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌شوێن كه‌وتووی پێشبینی چاكمان (سلفنا الصالح)و زانایانی پایه‌به‌رزی وه‌ك –(ابن تیمة)و (ابن حزم) – خوا لێیان خۆش بێ- ده‌زانن به‌په‌سه‌ندم زانی له‌به‌ر تیشكی قوڕئان و سوونه‌ت و جۆری تێگه‌یشتنی پێشینی چاكمان له‌ قوڕئان و سوننه‌ت، به‌تایبه‌ت (ابن تیمة)ی حه‌ڕڕانی و(ابن حزم)ی ئه‌نده‌لوسی كه‌ بیروڕاو هه‌ڵوێستی ڕاست و دروستی زۆربه‌ی پێشه‌واو زانایانی پێشینیان بۆ پاراستوین و تۆمار كردووین، باسه‌كه‌م بخه‌مه‌ڕوو.

به‌هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ توانیبێتم له‌م كورته‌ باسه‌دا تاڕادده‌یه‌كی باش نوخته‌ بخه‌مه‌سه‌ر پیت، بۆ چۆنیه‌تی ڕه‌فتاركردن و هه‌ڵس و كه‌وت كردنی شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره‌ مه‌سه‌لانه‌دا كه‌ جیاوازی (اختلاف) تێیاندا هه‌ڵقوڵاوی خودی ده‌قه‌ شه‌رعییه‌كان و جیاوازی عه‌قڵ و ئه‌زموون و ژینگه‌و حاڵ و باڵی جیاجیای مسوڵمانانه‌و، شتێكی زۆر سروشتی و ئاساییه‌و، زاناو پێشه‌وایانیشمان به‌درێژایی مێژوو وه‌ك شتێكی ئاسایی و ساده‌ هه‌ڵس وكه‌وتیان له‌ته‌كدا كردوه‌و قه‌ت ڕێیان نه‌داوه‌ بكرێته‌ زه‌مینه‌ی كێشه‌و هه‌راو نێوان تێكچوون و دۆست زویر بوون و دوژمن و ناحه‌ز پێ خۆشبوون، وه‌ك به‌داخه‌وه‌ له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێمه‌دا به‌زه‌قی ده‌بینرێ، له‌ئاكامی چاك و قووڵ له‌ئایین حاڵی نه‌بوونی مسوڵمانان یان سینه‌ پیس بوون و ته‌زكیه‌ نه‌بوونی دڵ و ده‌روونیاندا.

وه‌ به‌هیوای ئه‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌هلی ئیمان و ئه‌هلی مزگه‌وت به‌هیچ ڕه‌نگێك ڕێ به‌خۆیان نه‌ده‌ن كه‌ خۆبه‌خۆو له‌نێو خۆیاندا هه‌راو گێچه‌ڵی لابه‌لاو بێ مه‌عنا به‌رپا بكه‌ن، له‌سه‌ر به‌لاداخستن و هه‌ڵبڕین و حه‌سم كردنی ئه‌وجۆره‌ باس و بابه‌تانه‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژوو نه‌گونجاوه‌ حه‌سم بكرێن و به‌لادا بخرێن، به‌كه‌ڵه‌ زاناو پێشه‌وایانی وه‌ك چوار سه‌رمه‌زه‌به‌كان و غه‌یری ئه‌وانیش، وه‌ ئه‌گه‌ر گریمان گونجاش حه‌سم بكرێن و یه‌كێك له‌و ڕایانه‌ په‌سه‌ندبكرێ و هه‌ڵببژێررێ و ئه‌وانی تر فڕێ بدرێن، دیسان هیچ شتێكی گه‌وره‌و گرنگ له‌ژیانی مسوڵماناندا ڕوو نادات و گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخ و واقیعه‌ ناشه‌رعییه‌یاندا نایه‌ت كه‌ له‌سۆنگه‌ی له‌ئارادا نه‌بوونی شه‌ریعه‌تی خواو حوكم نه‌كردنی ئایینی خوا مسوڵمانان سه‌رجه‌م گوناحبارو عه‌یبدارن!

كه‌واته‌: با به‌س بێت سه‌رقاڵ بوون به‌شه‌ڕی لاوه‌كی و بێ مه‌عناوه‌ له‌نێو خۆو له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگاداو، با له‌بواری مه‌سه‌له‌ شه‌رعییه‌ خیلافییه‌كاندا به‌گیانی برایه‌تی و سه‌ماحه‌ت و سینگ فراوانییه‌وه‌ پێكه‌وه ‌ڕه‌فتاربكه‌ین، ئه‌و گیانی برایه‌تی و سه‌ماحه‌ته‌ی كه‌ زاناو پێشه‌وایانی پێشینمان هه‌ڵس و كه‌وتیان پێ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كردوه‌، بۆ وێنه‌: شافیعی ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ له‌وباره‌وه‌ ئه‌و بنچینه‌ زێڕینه‌ (القاعدة الذهبیة)ی بۆ داناوین كه‌ ده‌ڵێ (قولي صواب يحتمل الخطأ وقول غيري خطأ يحتمل الصواب).

واته‌: (قسه‌و ڕای خۆم پێ ڕاسته‌ به‌ڵام ده‌گونجێ هه‌ڵه‌ش بێ، وه‌ قسه‌وڕای به‌رانبه‌ره‌كه‌مم پێ هه‌ڵه‌یه‌ به‌ڵام ڕێی تێده‌چێ ڕاستیش بێ).

ده‌با هه‌وڵ بده‌ین به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكه‌ مسوڵمانه‌كه‌ماندا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ جوزئییه‌ خیلافییانه‌ دووچاری تێكگیران نه‌بین و، ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ یه‌ك هه‌ڵده‌به‌زینه‌وه‌و یه‌كتر ده‌ره‌نجێنین با له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گرنگ و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دینداری و مسوڵمانه‌تی بێت له‌بواره‌كانی ئیمان و عه‌قیده‌و عیباده‌ت و ئه‌خلاق و حه‌ڵاڵ و حه‌رام و… هتددا…!

چونكه‌ بێگومان ئێمه‌ شوێن كه‌وتووی به‌رنامه‌و ڕێبازی پێغه‌مبه‌رانین (صلی الله علیه‌ وسلم) ئه‌وانیش ته‌نیا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌ل و كۆمه‌ڵگایه‌كانیاندا دووچاری تێكگیران بوونه‌، وه‌ بێگومان كاتێكیش ئێمه‌ له‌وبواره‌ سه‌ره‌كی و مه‌سه‌له‌ بناغه‌یی و مه‌زنانه‌دا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاو ده‌وروبه‌رماندا ده‌گه‌ینه‌ قۆناغی حه‌سم و به‌لاداخستن، ئه‌وه‌ به‌ته‌ئكید گۆڕانكاری ڕیشه‌یی و ڕاسته‌قینه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا دێت، ئه‌گه‌رنا ناوی خۆ زڕاندن و ده‌نگ و دوو بڵاوكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ جوزئی و بیروڕا جیاجیاكانی زانایان هیچ له‌وه‌زع ناگۆڕێ –مه‌گه‌ر به‌ره‌و خراپتر– چونكه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ وه‌ك پێشتریش باسمان كرد هه‌ر بریتییه‌ له‌گه‌ڵ خۆدا خه‌ریك بوون بگره‌ خۆخواردنه‌وه‌و گه‌نده‌ڵ و پووچه‌ڵ بوون و، مێژووش بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ مسوڵمانان له‌ ڕۆژگاری ده‌سه‌ڵاتدارێتی عه‌بباسییه‌كاندا له‌ كاتێكدا كه‌ ته‌ته‌رو مه‌غۆل له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌و خاچپه‌رسته‌كان له‌ ڕۆژئاواوه‌ هێرشیان كرده ‌سه‌ر ئوممه‌تی ئیسلامی و كیان و قه‌واره‌ی ئیسلامی، هه‌ر سه‌رگه‌رمی ئه‌و جۆره‌ باس و بابه‌ته‌ لاوه‌كییانه‌ بوون!، ئیدی ئه‌وان هه‌ر له‌ومشت و مڕه‌ لاوه‌كی و بێ مه‌عنایانه‌ دابوون هه‌تا ده‌وریان گیراو ووڵاتیان داگیركراو هه‌ر هێنده‌ به‌خۆیان زانی كه‌ سه‌رجه‌میان و به‌هه‌موو بیرو بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ دیل و زه‌لیل و ژێرده‌ست و په‌ستن!!.

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێم:

با هیچ كه‌س به‌هه‌ڵه‌ وا له‌م قسانه‌ حاڵی نه‌بێت كه‌ من ڕام وایه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌كرێ و له‌نێو ڕاو بۆچوونه‌كانی زانایاندا هه‌ڵسه‌نگاندن و ته‌ته‌ڵه‌و بێژنگ نه‌بێ! با هه‌بێ به‌ڵام له‌كاتی خۆیداورله‌شوێنی خۆیداو له‌گه‌ڵ ئه‌هلی خۆیداو به‌ئه‌ندازه‌ی كه‌ پێویست بكات و، بازۆریش وریا بین له‌سه‌ر حیسابی باس و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانی دین و ژینمان نه‌بێ.

(10)ی موحه‌ڕڕه‌می 1420 ك

26ی نیسانی 1999ی ز

هه‌ڵه‌بجه‌

([1]) مه‌به‌ست له‌خواپه‌رستییه‌ تایبه‌تییه‌كان كه‌ شه‌رعزانه‌كان (الفقهاء) به‌ (العبادات المحضة) پێناسه‌یان كردوون ئه‌و جۆره‌ خواپه‌رستییانه‌ن كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندییان به‌نێوانی خواو به‌نده‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك هه‌ركام له‌نوێژ، زه‌كات، ڕۆژوو، حه‌ج، زیكرو دووعا…هتد.

 

Comments
Loading...