هه‌ولێر: كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی به‌ڕێوه‌چوو

3,479

هه‌ولێر: كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/3/2019 به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیـر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی به‌ست.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌پرسی گرێدانی كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، كه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ده‌بێ هه‌رچوارساڵ جارێ ببه‌سترێ.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ وته‌ی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ده‌ستیپێكرد، كه‌ له‌ ده‌ستپێكی وته‌كه‌یدا سوپاسی هه‌موانی كرد له‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ به‌رپرسان‌و ته‌واوی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ له‌ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كان، كه‌ دڵسۆزانه‌و به‌رپرسیارانه‌ چوار ساڵی سه‌ختیان به‌ڕێكردو به‌پشتیوانی خوای گه‌وره‌ توانیان زۆر كۆسپ‌و هه‌وراز تێپه‌ڕێنن.

پاشان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ كۆنگره‌ وه‌سیله‌یه‌ نه‌ك ئامانج‌و له‌وپێناوه‌دا كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت تا له‌باشه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر هه‌نگاوبنێت‌و ده‌بێ بزانین بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ خۆمان ئاماده ‌ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ناوچه‌كه‌و جیهان ڕوو له‌ گۆڕانكاری بكات.

پاشان مامۆستا عه‌لی باپیر به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پێویسته‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌كۆنگره‌دا بایه‌خی ته‌واو به‌كاروپرۆژه‌ی ئیسلامیی بدات‌و ده‌بێ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ڕووی گوتاری فكریی‌و سیاسیی‌و بانگخوازییه‌وه‌ ڕوون‌و ئاشكرابێ.

هاوكات له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ به‌تێروته‌سه‌لی باسیان له‌هه‌نگاوه‌ گرنگ‌و پێویسته‌كانی پێش به‌ستنی كۆنگره‌كردو هه‌ركه‌س له‌لایه‌نی خۆیه‌وه‌ ڕاوبۆچوونی خۆی ده‌ربڕیی‌و له‌كۆتایدا بڕیاردرا له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی‌و كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ئه‌نجام بدرێت بۆ ڕاوێژو و ڕاگۆڕینه‌وه‌ی زیاتر له‌پێناو ئاماده‌سازیی ته‌واو بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو.

 

ڤیدیۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌:

 

Comments
Loading...