به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

6,023
  • 872
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    872
    Shares

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بسم الله الرحمن الرحیم

( ذَلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ)

جەماوەری مسوڵمانی بەڕێزی كوردستان!

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە هەموولایەك دەكەم، جەژنتان موبارەك بێ‌‌و هەمیشە ساغ‌و شادو سەربەرزبن‌و، خوا طاعەتی خوشك‌و برا حاجییەكانمانی قبووڵ كردبێ‌‌و، بەسەلامەتیی بگەڕێنەوە.

بەڕێزان!

ئەم بۆنە موبارەكە بەدەرفەت دەزانم لەبارەی بارودۆخی ئێستامانەوە چەند قسەیەك بكەم:

یەكەم:

شتێكی ڕوون‌و بێ‌ چەندو چوونە كە زۆربەی هەرە زۆری خەڵك‌و جەماوەرەكەمان “جگە لە كەمینەیەكی بەهرەمەند لەم بارودۆخە خراپە” بێزاریی‌و نائومێدییەكی زۆر باڵی ڕەشی بەسەر دڵ‌و دەروونیاندا كێشاوەو، شتێكی زۆر بێ‌ جێ‌‌و مەترسیدارە، بڕیار بەدەستان، ئەو ڕاستییە نادیدە بگرن‌و، هەوڵی نەهێشتنی هۆكارەكانی نەدەن.

دووەم:

بێگومان دیوارێك بناغەكەی لاربێ‌ دەبێ‌ لەوێوەشەوە ڕاست بكرێتەوەو، كاتی ئەوە هاتوە “بگرە درەنگیش بووە” كە بڕیار بەدەست‌و هەمووشت لەبەردەستانی ئەم وڵاتە، دان بەم واقیعەدا بێنن كە شێوەی ئیدارەدانی خەڵك‌و وڵاتیان هەڵەو پەڵەی ڕیشەیی‌و گەورەی تێدابوون‌و، هەموولایەك زۆر باجی بێڕەزایان داون‌و ناگونجێ‌ چیدیكە ئاوا بەردەوام بین‌و، ئەگەر بمانەوێ‌ زیاتر زیانبار نەبین‌و سەرەنجام سەرمان بەفەتارەت نەچێ‌، پێویستە هەرچی زووترە كۆتایی بەم شێوە بەڕێوەبردنە خراپ‌و سەقەتە بهێنرێ‌، كە: 1- نادامەزراوەیی‌و، 2- پێشێلكردنی یاساو، 3- قۆرخكاریی‌و، 4- گەندەڵیی لەسەر تاكو خوارو، 5- ستەم‌و چینایەتیی، چەند سیمایەكی زەقنی.

سێ‌یەم:

ئەگەر خوا نەكردە بڕیار بەدەستانی وڵاتیش، ئامادەی ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیان‌و خۆگۆڕین نەبن‌و بیانەوێ‌ لەسەر بەزمی پێشووی چارەگە سەدەییان بەردەوام بن: شەرع‌و عەقڵ‌و واقیع لەسەر تاك تاكی خەڵك‌و جەماوەری پێویست دەكەن كە لەسەر چارەنووسی نادیاری خۆیان‌و نەوەكانیان وەدەنگ بێن‌و، هەموو شێوازێكی شەرعییانەو شارستانییانە بگرنەبەر بۆ كۆتایی پێهێنانی ئەو جۆرە ئیدارەدانەی وڵات، كە دیزایینەكەی وادانراوە كەمینەیەك ببنە ملیاردێرو پڕبن‌و، زۆرینەی خەڵك‌و كۆمەڵگاش هەژارو نەدارو لات بكەون‌و قڕبن!

چوارەم:

بەهیوای ئەوەی بەهەوڵ‌و هیممەتی هەموولایەك دڵسۆزانە فریای خۆمان بكەوین‌و، كۆمەڵگایەكەمان لەم واقیعە ناهەموارو دژوارە دەرباز بكەین‌و، گرێ‌ی دەستانمان لـێ‌ نەكەوێتە ددانان‌و، وڵاتەكەمان وا لـێ‌ بكەین كە وەك خوای دادگەر فەرموویەتی: (…كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ…) دادگەریی تێیدا چەسپاو بێ‌‌و، خێرو بێرەكەی هی هەمووان بێ‌‌و، هەموولایەك: بوون‌و كەڕامەت‌و ئازادیی‌و مافەكانمان دەستەبەر بكەین‌و، ئاشكراشە دادگەریی‌و یەكسانیی بناغەی تەبایی‌و یەكڕیزییە.

دووبارە جەژنی هەموولایەك پیرۆز بێ‌‌و، خوای بەبەزەیی‌و میهرەبان دەرووی خێرمان لـێ‌ بكاتەوە

عـەلـی بـاپـیـر

9 ذو الحجە/1439كـ

20/8/2018ز

هەولێر


  • 872
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    872
    Shares
Comments
Loading...