روونكردنه‌وه‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كان و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

2,701
  • 1
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    1
    Share

روونكردنه‌وه‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كان و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

ئه‌م كتێبـه‌‌و چـه‌ند قسـه‌یه‌كی پێویسـت

به‌ڕێـزان!

به‌پێویستی ده‌زانم له‌باره‌ی چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدان‌و په‌یدابوونی ئه‌م كتێبه‌وه‌ چه‌ند شتێك روون بكه‌مه‌وه‌:

یه‌كه‌م: بێگومان هیچ (كۆمه‌ڵ)‌و (رێكخراو)ێكی سیاسیی جیددیی، به‌بێ‌ هه‌بوونی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌یه‌كی فیكریی‌و سیاسیی، كه‌ بناغه‌ی فیكریی‌و ئامانجه‌كانی‌و شێوازو رێبازو ئامڕازه‌كانی كاری روون بكاته‌وه‌، ناگونجێ‌ هه‌بێ‌‌و، ئه‌گه‌ر هه‌شبێ‌ دره‌نگ یان زوو به‌هۆی بێ‌ به‌رنامه‌یی یه‌وه‌، په‌كی ده‌كه‌وێ‌‌و دووچاری شكست‌و هه‌ڵوه‌شان ده‌بێ‌.

هه‌ربۆیه‌ش ئێمه‌ كاتی خۆی دوای ئه‌وه‌ی له‌نێو (بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی)دا سه‌باره‌ت به‌ چاككردن‌و راستكردنه‌وه‌ی (بزووتنه‌وه‌كه‌)وه‌، دووچاری نائومێدیی بووین‌و به‌ بنبه‌ست گه‌یشتین‌و، سه‌ره‌نجام بڕیاری راگه‌یاندنی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)مان دا، یه‌كه‌مین كارێك كه‌ پێ‌ی هه‌ڵساین ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌نده‌ پاش بیركردنه‌وه‌و چاو به‌ رابردوودا گێڕانه‌وه‌و تێوه‌ڕامانی ئه‌زموونی خۆمان به‌تایبه‌ت‌و (لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانی جیهان) به‌گشتی‌و، پاشان پاڕانه‌وه‌و ئیستیخاره‌، بیست‌و پێنج خاڵم نووسین به‌ ناوونیشانی: (بنه‌ما شـه‌رعییه‌كان و هێڵـه‌ گشـتییه‌كانی كۆمه‌ڵێـكی ئیسـلامیی ره‌سه‌ن) كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستم له‌: (كۆمه‌ڵێكی ئیسلامیی ره‌سه‌ن)، ئه‌و (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)یه‌ بوو، كه‌ عه‌زممان له‌سه‌ر راگه‌یاندنی جه‌زم كردبوو.

دووه‌م: ئینجا به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش راگه‌یه‌نرانی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)، ئه‌و بیست‌و پێنج (بنه‌ما شه‌رعیی‌و هێڵه‌ گشتیی)یانه‌، له‌شێوه‌ی نامیلكه‌یه‌كدا چاپ‌و بڵاوكرانه‌وه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌نده‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌وسای (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)دا خوێندرایه‌وه‌‌و وتووێژی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر كرا‌و تێبینی‌و پێشنیاری ئاماده‌بووانی له‌سه‌ر خرایه‌ڕوو‌و به‌ یه‌كده‌نگیی، یان زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئاماده‌بووان په‌سندكرا‌و وه‌ك بناغه‌ی فیكریی‌و سیاسیی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) ته‌به‌ننیی كرا.

سێیه‌م: له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بیست‌و پێنج خاڵه‌ زۆر به‌ كورتیی‌و گوشراویی نووسرابوون، پێویستییان به‌ روونكرانه‌وه‌‌و شیكرانه‌وه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ هه‌ل‌و ده‌رفه‌تێكی گونجاو ده‌گه‌ڕام، كه‌ شه‌رح‌و شیكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر بنووسم، جا ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی (2003)دا ده‌ستم كرد به‌ نوووسینی (روونكردنه‌وه‌)یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و (بنه‌ما شه‌رعیی‌و هێڵه‌ گشتیی)یانه‌و، حه‌وت بنه‌مام لێ‌ ته‌واوكردن، كه‌ ئه‌وكاته‌ به‌ نۆزده‌ (19) ئالقه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ)( )دا بڵاوكرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستگیركرانم له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌، به‌راوری (10/7/2003)دا، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نیوه‌چڵا ما‌و په‌كی خرا.

به‌ڵام پاش ئازادكرانم له‌ ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌رواری (28/4/2005) له‌ زیندان‌و گه‌ڕانه‌وه‌م، چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن برایانێكی دڵسۆزه‌وه‌ داوام لێكرا، كه‌ ئه‌و كار‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واوبكه‌م و، منیش له‌به‌ر دستگیراویی‌و سه‌رقاڵیی نه‌مده‌په‌رژا‌و كاتی گونجاوم ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت و، نه‌شمده‌ویست له‌به‌ر كه‌م كاتیی به‌ ناته‌واویی ئه‌نجامی بده‌م‌و هه‌ڵیپڕووزێنم.

چواره‌م: هه‌تا سه‌ره‌نجام‌و دوای داكۆكیی كردنی زۆری برایه‌كی دڵسۆز‌و به‌ڵێن دانی كه‌ ئه‌گه‌ر بێت‌و من ئاماده‌بم به‌ چه‌ند ده‌رس‌و موحازه‌ره‌یه‌ك ئه‌و بنه‌ما‌و هێڵه‌ گشتییانه‌ شه‌رح‌و شیبكه‌مه‌وه‌، هه‌م به‌رده‌وام ژماره‌یـه‌ك له‌ ئـه‌ندامان كۆبكاته‌وه‌ بۆ گوتنه‌وه‌ی ده‌رسه‌كه‌و، هه‌م دواییش خۆی ده‌رسه‌كان بنووسێته‌وه‌و تایپ بكـات، ئیدی ئه‌وه‌بوو كـه‌ لـه‌ شه‌وی: (یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌) به‌رامبه‌ر: (16 له‌سه‌ر 17/5/2010) ناوی خـوامان لێهێنا‌و سه‌رله‌نوێ‌ له‌ بنه‌مای یه‌كه‌مه‌وه‌ تێهه‌ڵچوومه‌وه‌ به‌ راڤه‌كردن‌و روونكردنه‌وه‌ی (بنه‌ما شه‌رعییه‌كان‌و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)، له‌ شازده‌ (16) ده‌رسی هه‌فتانه‌دا كۆی بیست‌و پێنج بنه‌مایه‌كه‌م راڤه‌كرد.

پاش ته‌واوبوونی ده‌رسه‌كان له‌ شه‌وی: (سێشه‌ممه‌ له‌سه‌ر چوارشه‌ممه‌) به‌رامبه‌ر: (24 له‌سه‌ر 25/8/2010) و، نووسرانه‌وه‌و تایپكرانیان له‌لایه‌ن ئه‌و برا دڵسۆزه‌وه‌، به‌ به‌رده‌وامیی له‌ رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ)دا بڵاوده‌كرانه‌وه‌، سه‌ره‌نجام هه‌مووی له‌ سی‌و شه‌ش (36) ئاڵقه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌.

دیاره‌ له‌و كاته‌وه‌ش ئه‌و برا دڵسۆزه‌م راسپارد كه‌ ئه‌وجار خه‌ریكی ئاماده‌كردنی خودی بیست‌و پێنج بنه‌ما‌و هێڵه‌ گشتییه‌كان بێ‌، كه‌ له‌ دووتوێی نامیلكه‌یه‌كدا جارێكی دیكه‌ چاپ‌و بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها (روونكردنه‌وه‌)كه‌ش ئاماده‌بكات كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێكدا، ئه‌ویش چاپ‌و بڵاوبكه‌ینه‌وه‌.

پێنجه‌م: شایانی باسیشه‌ كه‌ من له‌ میانه‌ی روونكردنه‌وه‌‌و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیست‌و پێنج بنه‌ما‌و هێڵه‌ گشتییانه‌دا، جارێكی دیكه‌ چاوم به‌ ده‌قی (بنه‌ما شه‌رعییه‌كان‌و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)دا گێڕاوه‌ته‌وه‌‌و سووكه‌ ده‌ستكارییه‌كی ژماره‌یه‌كیانم كردوه‌، به‌ڵام به‌بێ‌ گۆڕینی جه‌وهه‌ر‌و نێوه‌ڕۆكی یه‌كه‌مجاریان، وه‌ زۆربه‌شیانم به‌ به‌ڵگه‌ شه‌رعییه‌كان (ده‌قه‌كانی قوڕئان‌و سوننه‌ت) ده‌وڵه‌مه‌ندتر‌و به‌هێزتر كردوه‌ و، هه‌وڵیشمان داوه‌ كه‌ هیچ ده‌قێكی سوننه‌ت ئه‌گه‌ر راست (صحیح) یان لانی كه‌م باش (حسن) نه‌بێ‌، پشتی پێ‌ نه‌به‌ستین‌و به‌ به‌ڵگه‌ی نه‌هێنینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ من وه‌ك عاده‌تی خۆم به‌ پله‌ی یه‌كه‌م هه‌ر پشتم به‌ ئایه‌ته‌ به‌هێز‌و پێزه‌كانی (قوڕئان)ی به‌رز‌و مه‌زن به‌ستوه‌، كه‌ هیچ مسوڵمانێك ناتوانێ‌ مشتومڕی له‌باره‌ی هیچ ئایه‌تێكه‌وه‌ هه‌بێت، له‌ڕووی پاڵپشت (سَنَدْ)ه‌وه‌، چونكه‌ (قوڕئان) هه‌مووی به‌شێوه‌ی (تَۆاتُرْ) به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوه‌.

شه‌شه‌م: هیواداریشم كه‌ ئه‌مجاره‌ (بنه‌ما شه‌رعییه‌كان‌و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌م: (روونكردنه‌وه‌)یه‌ روون‌و شیكراونه‌وه‌ و، راڤه‌یه‌كی تاڕادده‌یه‌ك تێروته‌سه‌لیان له‌باره‌وه‌ كراوه‌، له‌ جاران زیاتر‌و چاكتر جێگای سوود‌و به‌هره‌ی خوشك‌و برایانمان بن و، له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌ گرنگیی‌و بایه‌خ پێدانێكی شایسته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵا بكرێ‌، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م بیست‌و پێنج (بنه‌ما شه‌رعیی‌و هێڵه‌ گشتیی)یانه‌‌و (روونكردنه‌وه‌)كه‌یاندایه‌، له‌ڕووی: راست‌و دروست تێگه‌یشتنی (ئیسلام) و، رێك‌و ره‌وان‌و به‌رچاوڕوونانه‌ ئه‌نجامدانی كار‌و چالاكی ئیسلامییه‌وه‌، له‌ كه‌م شوێن چنگ ده‌كه‌وێ‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ زاده‌‌و به‌رهه‌می زیاتر له‌ سی (30) ساڵ تێفكرین‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی (قوڕئان)‌و (سوننه‌ت) و، ئه‌زموونی تێكۆشان‌و هه‌وڵدانه‌ له‌پێناوی (ئیسلام)دا!

حه‌وته‌م: به‌پێـی فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ری خوا: صلی الله علیه ه‌سلم لا ێشْكُرُ اللَّهَ مَنْ ڵا ێشْكُرُ النَّاسَ} رواه أبو داود: (4811) واللفظ له، والتـرمذي: (1954)، وقال الألباني وشعیب الأرنؤط: صحیح. واته‌: (هه‌ر كه‌سێك سوپاسی خه‌ڵك نه‌كات، سوپاسی خواشی نه‌كردوه‌)، به‌ پێویستی ده‌زانم پڕ به‌دڵا سوپاسی ئه‌و برا به‌ڕێز‌و دڵسۆزه‌ بكه‌م، كه‌ ئه‌ركی نووسینه‌وه‌و تایپكردن‌و رێكخستنی ئه‌م زنجیره‌ ده‌رسه‌ی وه‌ئه‌ستۆگرت‌و، زه‌حمه‌تێكی زۆریشی به‌ ده‌رخستن (تخریج)ی (فه‌رمایشت)ه‌كان‌و زیاتر رێك‌و پێك كردنی هه‌ركام له‌ نامیلكه‌‌و كتێبه‌كه‌شه‌وه‌ كێشا، به‌ڵام حه‌زی نه‌كرد ناوی بێنم، خوا صلى الله عليه وسلم به‌ باشترین شێوه‌ پاداشتی بداته‌وه‌و بیكاته‌ توێشووی سه‌فه‌ری قیامه‌تی و، وێنه‌شی زۆر بێ‌، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر لێبڕان‌و ماندووبوونی ئه‌و نه‌بووایه‌، زۆر زه‌حمه‌ت بوو ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وا به‌ زوویی ئه‌نجام درابایه‌.

شایانی باسیشه‌ كه‌ ئه‌م (روونكردنه‌وه‌ی بنه‌ما شه‌رعییه‌كان‌و هێڵه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) هه‌رچه‌نده‌ به‌ناوی (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)یه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ به‌گشتی بۆ (ته‌ووژمی ئیسلامیی) مایه‌ی كه‌ڵك‌و سووده‌ و، ته‌نیا تایبه‌ت نیه‌ به‌ (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی)یه‌وه‌.

هیواداریشم كه‌ براو خوشكانمان به‌ خستنه‌ڕووی تێبینی‌و سه‌رنج‌و ره‌خنه‌كانیان ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ مه‌تن‌و شه‌رحه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو به‌هێزوپێزتر بكه‌ن، پێشه‌كیش سوپاسیان ده‌كه‌م.

سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ ۆبِحَمْدِكَ، أَشْهَدُ أَنْ ڵا إِڵهَ إِلاَّ أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ ۆأَتُوبُ إِڵیْكَ

عه‌لی باپیر

19ی شه‌عبانی 1432ك

20ی ته‌ممووزی 2011ز

هه‌ولێر


  • 1
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    1
    Share
Comments
Loading...