چـه‌ند بـابه‌تێكی سـیاسـی هاوچه‌رخ له‌به‌ر ڕۆشنایی عه‌قڵاو وه‌حی دا

479
  • 27
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    27
    Shares

چـه‌ند بـابه‌تێكی سـیاسـی هاوچه‌رخ له‌به‌ر ڕۆشنایی عه‌قڵاو وه‌حی دا

پێشـه‌كی

الحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله وآله المهتدين بهداه

خوێنه‌ری به‌ڕێـز!

ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستت بریتیه‌ له‌ كۆی چوار بابه‌تی سیاسی گرنگ كه‌ له‌ ڕۆژگاری ئێستاماندا باس‌و خواس مشت‌ومڕی گه‌رمیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ‌، كه‌ بریتیـن له‌:

1- ته‌بایی‌و پێكه‌وه‌ ژیان.

2- هاوپه‌یـمانێتی .

3- به‌شداریی كردن له‌ په‌رله‌ماندا.

4- به‌شداریی كردن له‌ حكوومه‌تدا.

شایانی باسیشه‌ هه‌ركام له‌م چوار بابه‌ته‌ یه‌كی له‌ دوو ئاڵقه‌ی به‌رنامه‌ی(سه‌رنج)دا له‌ كه‌ناڵی ئاسـمانیی په‌یام پێشكه‌ش كراون – جگه‌ له‌ (هاوپه‌یـمانێتی) كه‌ ته‌نیا ئاڵقه‌یه‌كی بۆ ته‌رخان كرابوو – ئنجا پاش هێنرانه‌ سه‌ر كاغه‌زو چاوپێدا گێرانه‌وه‌ی خۆم، به‌م شێوه‌یه‌ی لێهاتوه‌.

جا هه‌رچه‌نده‌ من هه‌وڵم داوه‌ كه‌ هه‌ركام له‌و بابه‌تانه‌ له‌ مه‌حه‌كی عه‌قڵ‌وشه‌رع بده‌م‌و به‌پوختی‌و گوشراویی ئه‌وه‌ی به‌رێك‌و راست‌و بێ‌ گرێ‌‌و گۆڵی ده‌زانم له‌باره‌یه‌وه‌ بیڵێم، به‌ڵام بێگومان ناڵێم هه‌رچی پێویست بووه‌ بگوترێ‌ له‌باره‌ی هه‌ركامیانه‌وه‌ توانیومه‌ بیخه‌مه‌ دوو توێی ئه‌م كتێبه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ركام له‌م بابه‌تانه‌ هه‌ڵده‌گرێ‌ كتێب‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆو تایبه‌تی له‌باره‌وه‌ بنووسرێ‌، به‌ڵام وه‌ك گوتراوه‌: (مالايدرك كُلَّه لايترك بَعْضُهَ) ئه‌وه‌ی هه‌موویشی جێ‌به‌جێ‌ ناكرێ‌، واز له‌هه‌ندێكیشی ناهێنرێ‌.

هیواداریشم ئه‌م بڕه‌ توێژینه‌وه‌یه‌ پوخت‌و گوشراوه‌ به‌ته‌واوی نیشانه‌ی خۆی بپێكێ‌‌و به‌رچاوی ته‌ماوی گه‌لێك كه‌س ڕۆشن بكاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی ڕاست‌و ڕێك‌و شه‌رعییانه‌و ژیرانه‌، له‌به‌رانبه‌ر هه‌ركام له‌و چوار بابه‌ته‌ هه‌ستیارو گرنگه‌دا، كه‌ وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا له‌م ڕۆژگاره‌دا چ له‌ كۆمه‌ڵگای خۆمان‌و چ له‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگایه‌كانی دیكه‌ی مسولمَاناندا قسه‌و باس‌و بگره‌و به‌رده‌ی زۆریان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ‌‌و گه‌لێك جاران به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ مسوڵمانان‌و ته‌وژمی ئیسلامیی دووچاری كێشه‌‌و گرفت‌و دووبه‌ره‌كی بوون!

هه‌ڵبه‌ته‌ كێشمه‌كێش كردن‌و شه‌ڕه‌قسه‌‌و بگره‌‌و به‌رده‌ی مسوڵمانانیش له‌وبابه‌ت‌و مه‌سه‌لانه‌دا كه‌ وه‌حی نوخته‌ی تێدا نه‌خستوونه‌ سه‌رپیت‌و جێگای ئیجتهاد‌و ڕاجیاییان تێدایه‌، به‌ تایبه‌ت له‌بواری حوكم‌و سیاسه‌تدا كه‌بابه‌تێكی هه‌ره‌گرنگ‌و زیندووی بواری هه‌ڵس‌و كه‌وت‌و عاده‌ته‌كان (المعاملات والعادات)ه‌، كه‌ بناغه‌ تێیاندا ڕه‌وایی (إِباحة‌) وده‌ستكراوه‌ییه‌، شتێكی ئاسایی‌و چاوه‌ڕوانكراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ نائاسایی‌و نه‌گونجاوه‌‌و له‌ مسوڵمانان ناوه‌شێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌‌و تێكگیران‌و مشت‌ومڕه‌كانیان نه‌گێڕنه‌وه‌ بۆته‌رازووی شه‌ریعه‌ت، كه‌ له‌ عه‌قڵی سه‌لیم‌و وه‌حی ڕاستدا خۆی ده‌نوێنێ‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ خوای زانا شاره‌زا به‌وه‌ فه‌رمانی پێكردوون، وه‌ك فه‌رموویه‌تی: (وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِن شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ ۚ ذَٰلِكُمُ اللَّهُ رَبِّي عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ)الشورى-10-.

واته‌: وه‌ له‌ هه‌رشتێكدا كه‌وتنه‌ ڕاجیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ دادوه‌ریی تێداكردنی بۆلای خوایه‌، ئائه‌و خوایه‌تان په‌روه‌ردگارمه‌ پشت هه‌ر به‌و ده‌به‌ستم‌و ته‌نیا بۆلای ویش ده‌گه‌رێمه‌وه‌.

هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: (…فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ۚ ذَٰلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) -59-.

واته‌: … وه‌ هه‌ركات له‌شتێكدا كه‌وتنه‌ ناكۆكییه‌وه‌ بیگێڕنه‌وه‌ لای خواو پێغه‌مبه‌ر، ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌خواو ڕۆژی دوایی هێناوه‌، ئه‌وه‌ باشتره‌‌و سه‌ره‌نجامیشی چاكتره‌.

 خواش به‌به‌زه‌یی‌و كه‌ڕه‌می بێ‌ سنووری خۆی یارمه‌تی‌و هیدایه‌تی هه‌موولایه‌كمان بدات كه‌ به‌بێ‌ به‌رچاوڕوونی هه‌نگاو نه‌نێین‌و، هه‌ركات كه‌وتینه‌ ڕاجیایی‌و كێشه‌‌و مڕیشه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆلای قوڕئان‌و سوننه‌ت‌و كێشان‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاجیاییه‌كانمان به‌ته‌رازووی شه‌ریعه‌ت له‌سه‌رشان سووك‌و ئاسان بێ‌‌و، پاشان ده‌ست هه‌ڵَگرتنیشمان له‌و قه‌ناعه‌ت‌و بیروڕایانه‌ی كه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ‌ هه‌ڵه‌ن، پێ‌ وه‌ك ئاو خواردنه‌وه‌ وابێ‌، چونكه‌ بێگومان دان به‌هه‌ڵه‌ی خۆدا هێنان چاكه‌یه‌ (الأعتراف بالخطأ فضيلة)، وه‌ دان به‌هه‌ڵه‌دا هێنان‌و زوو ده‌ستبه‌ردار بوونی، باج‌و مه‌سره‌فی یه‌كجار كه‌مه‌!

دیاره‌ هه‌رچی له‌م كتێبه‌و سه‌رجه‌م كتێب‌و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌شمدا گوتوومه‌‌و ده‌یڵێم، جگه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ ڕاسته‌ مانای ئایه‌ت‌و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌رنصلی الله علیه وسلم، بریتین له‌ بۆچوون‌و تێگه‌یشتنی به‌نده‌‌و ئێستا به‌ڕاست‌و دروستیان ده‌زانم، یان به‌ڕاستتریان ده‌زانم‌و، سوپاسی هه‌ر به‌رێزێك ده‌كه‌م كه‌ به‌به‌ڵگه‌ بۆم بسه‌لمێنێ‌ به‌هه‌ڵه‌دا چووم‌و خوا پشتیوان بێ‌ به‌سینگ فراوانیی‌و ئاسانییه‌وه‌ لێی وه‌رده‌گرم‌و عه‌قڵ‌و زانیاریی خۆمیان پێ‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو به‌هره‌مه‌ند ده‌كه‌م.

سبحانك اللهم وبحمدك، أشهدأن لاالله الاّأنت، أستغفرك وأتوب الیك

 هه‌ولێـر

15ی ره‌بیعی دووه‌می 1431ی كۆچی

31 ی مایسی 2010ی زایینی

 

 


  • 27
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    27
    Shares
Comments
Loading...