ته‌فسیری قوڕئانی به‌رزو به‌پێز

1,681
  • 49
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    49
    Shares

ته‌فسیری قوڕئانی به‌رزو به‌پێز

 

مامۆستا عه‌لی باپیر له‌پێشه‌كی ئه‌م ته‌فسیره‌دا ده‌ڵێ:
پێشكی
الْحَمْدُ للهِ نَحْمَدُهُ ۆنَسْــتَعِینُهُ، ۆنَسْـتَغْفِرُهُ، ۆنَعُوژُ بالِلَّهِ مِنْ شرُوڕ أَنْفُسِــنَا، ۆمِنْ سَیئَاتِ أَعْمَالِنَا، مَنْ ێهْده اللهُ فَڵا مُچِــلَّ ڵهُ، ۆمَنْ یُچلِلْ فَڵا هَادِێ ڵهُ، ۆأَشْهَدُ أَن ڵا إڵهَ إلاّ اللهُ ۆحْدَهُ ڵا شَڕیكَ ڵهُ، ۆأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ ۆرَسولُهُ.
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنتُم مُّسْلِمُونَ -102- آل عمران.
يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاءً ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا -1- النساء.
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا . يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا -71،70- الأحزاب
أمَّا بَعْدُ: فإنَّ أَصْدَقَ الحَديث كَلامُ الله وَخَيْرَ الْهَدِي هدْيُ مُحَمَّد “صلى الله عليه وسلم” وَشرَّ الأُمُورِ مُحْدَثاتُها، وَكُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَة، وَكُـلَّ بِدْعَةٍ ضَــلاَلَةٌ، وَكُلَّ ضَــلاَلَةِ فِي النَّـار.
خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزو خۆشه‌ویسـته‌كان!
هیچ گومانی تێدانیه‌ – بۆ مرۆڤی بڕوادار – كه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی له‌ خزمه‌ت دوایین كتێبی خوا (قوڕئان)دا به‌سه‌رده‌برێ، جا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی له‌ خزمه‌تدابووندا بێ‌؛ خوێندنه‌وه‌، تێفكرین‌و ڕامان، فێركردن، كارپێكردن … هتد، به‌باشترین جێگرتن جێگا ده‌گرێ‌‌و خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ دنیاو دواڕۆژدا لێی به‌هره‌مه‌نده‌.
منیش كه‌ – وه‌ك باسكردنی چاكه‌ی خوا (التحدّث بنعمة‌ الله) ده‌یخه‌مه‌ڕوو- له‌وه‌تی فامم كردۆته‌وه‌، خوای به‌به‌زه‌یی‌و به‌خشه‌ر چاكه‌ی له‌گه‌ڵ كردووم‌و، به‌ فه‌رمایشتی به‌رزو بێ‌ وێنه‌ی خۆیه‌وه‌ سه‌رگه‌رمی كردوومو، به‌ر له‌ ته‌مه‌نی بیسـت ساڵیی یه‌وه‌ هیدایه‌تی داوم، كه‌ قوڕئانی به‌ڕێزو پێز له‌به‌ر بكه‌م‌و، سه‌رقـاڵیی خوێندنه‌وه‌ی ته‌فسیره‌كانی قوڕئان‌و تێوه‌ڕامانی ئایه‌ته‌ پڕ به‌ره‌كه‌ته‌كانی‌و، لێوردبوونه‌وه‌یان بم.
هه‌ر بۆیه‌ش تێكڕای كتێب‌و نامیلكه‌و وتارو ده‌رسه‌كانم، كه‌م‌و زۆر له‌به‌ر ڕۆشنایی قوڕئان دابوون، كه‌ دیاره‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش شتێكی سروشتییه‌؛ ئاخر ئایا ئیسلام بێجگه‌ له‌ قوڕئان پاشان سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر “صلى الله عليه وسلم”، كه‌ ئه‌ویش هه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌ی قوڕئان‌و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردن‌و كارپێكردنیه‌تی، شتێكی دیكه‌یه‌؟! بێگومان نه‌خێر.
ئنجا له‌مێژ ساڵیش بوو كه‌ براو خوشكانێكی دڵسـۆزی نزیك‌و ئاشنام، داوایان لێده‌كردم كه‌ ده‌ست بكه‌م به‌ دانانی ته‌فسیرو لێكدانه‌وه‌یه‌كی قوڕئان، هه‌تا له‌ ڕه‌مه‌زانی ساڵی (1428)دا هاته‌ دڵمه‌وه‌، كه‌ ناوی خوای لێبهێنم‌و ده‌ست به‌و كاره‌ گه‌وره‌و گرنگه‌ بكه‌م، به‌ڵكو ورده‌ ورده‌ به‌پێی بوارو ده‌رفه‌ت، هه‌رساڵه‌ هه‌ندێكی لـێ‌ ئه‌نجام بده‌م، له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵیی زۆرو جۆراو جۆریشـدا، هه‌تا ده‌رفه‌تێكی وام بۆ ده‌ڕه‌خسـێ‌ كه‌ بتوانم خێرایی تێدا بكه‌م‌و خۆمی بۆ یه‌كلایی (متفرِّغ) بكه‌مه‌وه‌و، خوا پشتیوان بێ‌ ته‌واوی بكه‌م، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن به‌به‌ریه‌وه‌ مابێ‌.
سه‌رچاوه‌ی دانانی ئه‌م ته‌فسیرو لێكدانه‌وه‌یه‌شـــم وێڕای سه‌رنجدانی زۆربه‌ی ئه‌و ته‌فسیرانه‌ی كه‌ باون‌و ده‌ستم پێیان گه‌یشـتوه‌، بریتیه‌ له‌ وردبوونه‌وه‌و تێوه‌ڕامانی خۆم له‌ خودی قوڕئان، چونكه‌ بێگومان قوڕئان هه‌ندێكی هه‌ندێكی ڕوون ده‌كاته‌وه‌: (القرآن يُفَسِّـر بَعضُهُ بَعْضَـاً)، پاشان سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا  “صلى الله عليه وسلم”، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خواش ڕوونكه‌ره‌وه‌ (مُبَیِّن)ی قوڕئانه‌، وه‌ك خوا “صلى الله عليه وسلم” فه‌رموویه‌تی: وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ -44- النحل، واته‌: وه‌ زیكرمان بۆ لای تۆ ناردۆته‌ خوار تاكـــو ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی نێرراوه‌ته‌ خوار، بۆیان ڕوون بكه‌یه‌وه‌، وه‌ به‌ڵكو خۆشیان بیـربكه‌نه‌وه‌.
ئومێدیشم وایه‌ – به‌ یارمه‌تی خوای به‌خشـه‌ر “عز وجل” شایسته‌یی ئه‌وه‌م هه‌بێ‌ ته‌فسـیرو لێكدانه‌وه‌یه‌كی وا بۆ قوڕئان پێشكه‌ش به‌ مسـوڵمانانی كوردستان بكه‌م، كه‌ له‌ قوڕئان بوه‌شێته‌وه‌و مایه‌ی به‌هره‌و سوودی خوێنه‌ران بێ‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ زیاتر له‌ سی (30) ساڵه‌ له‌گه‌ڵ قوڕئانی به‌رزو مه‌زن‌و ته‌فسیره‌كانی‌و كتێبه‌كانی سوننه‌تدا خه‌ریكم‌و ده‌یان كتێب‌و به‌رهه‌می جۆراوجۆرم له‌ زۆربه‌ی بواره‌كانی زانسته‌كانی شـه‌ریعه‌تدا پێشكه‌ش كردوون.
شایانی باسیشه‌ كه‌ ئه‌و بیست‌و دوو مانگ زیندانیی كرانه‌م له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ – له‌ (10/7/2003 تاكو: 28/4/2005) – ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌و گرنگ بوو، بۆ زیاتر پێدا قووڵبوونه‌وه‌ی كتێبی خوا تبارك و تعالـی، وه‌ بۆ په‌یدابوونی تێگه‌یشتنی تایبه‌ت له‌ باره‌ی زۆرێك له‌ ئایه‌ته‌كانی یه‌وه‌، ئه‌م ڕاستییه‌ش له‌ كتێبی: (الإسلام كما یتجلَّی فـي كتاب الله تعالـی)دا زۆر دره‌وشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته‌ ناڵێم‌و هیچكه‌سیش بۆی نیه‌ بڵـێ‌: كه‌ ئه‌م ته‌فسیره‌ی من تێروته‌واوه‌، چونكه‌ وێڕای سنوورداربوونی تواناو بڕستم له‌ به‌رانبه‌ر كتێبی له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ ڕه‌ها (مطلق)و بێسـنوور (لا محدود)ی خوادا، نه‌شـمویستوه‌ كه‌ زۆر به‌ملاولادا بچم‌و بچمه‌ نێو هه‌ندێك ورده‌كارییه‌وه‌، كه‌ یان من تێیدا پسپۆڕو شاره‌زا نیم، یان خوێنه‌ر پێویستی پێی نیه‌، له‌ كاتێكدا ده‌یه‌وێ‌ له‌ قوڕئان تێبگات‌و بزانێ‌ خوا تبارك وتعالـی ڕاسته‌وخۆ چی پێ‌ فه‌رمووه‌؟!
ئنجا هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم پڕ به‌ دڵ سوپاسی ئه‌و برا گه‌نجه‌ ڕووح سووك‌و گورج‌و گۆڵ‌و دڵسـۆزه‌ بكه‌م (حه‌زی نه‌كرد ناوی بهێنم)، كه‌ هه‌ڵسـا به‌ نووسینه‌وه‌و هێنانه‌ سه‌ر كاغه‌زو، پاشان تایپكردن‌و دوایی پێدچوونه‌وه‌و هه‌ڵه‌گیریی، سه‌رجه‌م ئه‌م زنجیره‌ ده‌رسه‌، كه‌ له‌ ئه‌سـڵدا له‌ شێوه‌ی وتار (محاضرة‌)دا پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها هه‌ڵسـا به‌ (تخریج)ی سه‌رجه‌م ده‌قه‌كانی سوننه‌ت، له‌ سه‌رچاوه‌ متمانه‌ پێكراوه‌كانه‌وه‌و، زه‌حمه‌ت‌و ماندووبوونێكی زۆری به‌م به‌رگی یه‌كه‌مه‌وه‌ – كه‌ سه‌رجه‌م سووڕه‌تی (البقرة) ده‌گرێته‌ خۆی – كێشـاوه‌، خوا به‌ باشـتـرین شێوه‌ پاداشتی بداته‌وه‌و، هـه‌ر صاڵح‌و ساغ‌و سه‌لامه‌ت‌و سه‌ربه‌رزبێ‌، له‌ خوای به‌رزو بێ‌هاوتاش داواكارم ئه‌و جۆره‌ گه‌نج‌و لاوانه‌ له‌ كوڕان‌و كچان له‌نێو گه‌له‌كه‌ماندا زۆر بكات.
شایانی باسیشه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌م ته‌فسـیـره‌ماندا باسی به‌ش (جز‌ء)ه‌كانی قوڕئان‌و دابه‌شكردنه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك: – (حزب) – ناكه‌ین، چونكه‌ هه‌ر سووڕه‌تێك بۆخۆی شتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و سه‌رجه‌م ئایه‌ته‌كانی وه‌ك ئاڵقه‌كانی زنجیرێك پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستن‌و، ئاشكراشه‌ كه‌ دابه‌شكرانی سه‌رجه‌م قوڕئان بۆ سی (30) به‌ش (جز‌و) و شه‌ست (60) (حزب)، شتێكه‌ له‌لایه‌ن زانایانه‌وه‌ كراوه‌، بۆ ئاسانكاریی خوێندنی قوڕئان، دیاره‌ ئێمه‌ له‌ دابه‌شكردنی به‌رگه‌كانی ئه‌م ته‌فسـیره‌شـدا دیسان حیساب بۆ به‌شه‌كان (أجزا‌ء)ی ناكه‌ین‌و به‌ گوێره‌ی سووڕه‌ته‌كان به‌رگه‌كانی دیاری ده‌كه‌ین.
دوا قسـه‌شم ئه‌وه‌یه‌ كه‌:
ئه‌م ته‌فسیره‌ – وه‌ك پێشـتر گوتمان – له‌ ئه‌سڵدا به‌شێوه‌ی ده‌رس‌و وتار پێشكه‌ش كراوه‌، به‌ڵام دواتر خۆم دووجار به‌ وردیی پێیدا چوومه‌وه‌و به‌پێی پێویست ده‌ستكارییم كردوه‌، دیاره‌ هه‌موو ده‌رسێكیش به‌ناوی خواو ستایشی خوا “عز وجل” ده‌ستی پێكردوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌رسه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌مان لابردوه‌، بۆ زۆر دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌و، ئه‌و (خطبة‌ الحاجة‌)یه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م پێشكه‌ییه‌وه‌ هاتوه‌، له‌جیاتی سه‌ره‌تای سه‌رجه‌م ده‌رسـه‌كانه‌.
سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ الْعِزَّةِ عَمَّا يَصِفُونَ، وَسَلامٌ عَلَى الْمُرْسَلِينَ، وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ.
عه‌لی باپیر
دووشه‌ممه‌ 25 رجب 1432
27/6/2011
هه‌ولێر

 

چۆنیه‌تی و نه‌خشه‌ی ته‌فسیركردنی سووڕه‌ت و ئایه‌ته‌كان

 

ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه‌ من دامناوه‌ بۆ ته‌فسیـركردنی قوڕئان، بۆ حه‌وت قۆناغ دابه‌ش بووه‌، به‌مجـۆره‌:
1- پێناسه‌كردنی سووڕه‌ته‌كه‌ یان ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئایه‌ته‌، كه‌ ده‌رسه‌كه‌ پێكدێنن، به‌ كورتیی ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ چ بابه‌تێك ده‌دوێن‌و ته‌وه‌ره‌كانیان چین؟!
2- نووسین‌و خستنه‌ڕووی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئایه‌ته‌ كه‌ ده‌ویسـتـرێ‌ له‌و ده‌رسه‌دا بتوێژرێنه‌وه‌.
3- مانای وشـه‌ به‌ وشـه‌ی ئایه‌ته‌كان به‌كورتیی و پوختیی.
4- شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی حه‌وجێی شیكردنه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاترن‌و، سـاغكردنه‌وه‌ی مانا بنه‌ڕه‌تییه‌كـه‌یان.
5- باسكردنی هۆی هاتنه‌ خـواره‌وه‌ (سبب النزول)، ئه‌گه‌ر هـه‌بێ‌.
6- مانای گشتی ئایه‌ته‌كان، واته‌ ته‌فسـیـركردن‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌و به‌گشـتی.
7- خسـتنه‌ ڕووی مه‌سه‌له‌ گرنگـه‌كـان، واته‌ هــه‌ر مه‌سـه‌له‌یه‌ك كه‌ نه‌گونجـابێ‌ وه‌ك پێویست تیشــكی بخرێتــه‌ سه‌ر، له‌م قۆناغی حه‌وته‌مه‌دا ده‌یتوێژینه‌وه‌و بۆی قه‌ره‌بوو ده‌كـه‌ینه‌وه‌، جا چ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نی فیكرو عه‌قـیده‌وه‌ هــه‌بێ‌، چ به‌ لایه‌نی حوكـم‌و سـیاسـه‌ته‌وه‌، چ به‌لایـه‌نی سـیـڕه‌و مێـژووه‌وه‌، … هـتد.

 

 

له‌وبه‌شانه‌ی خواره‌وه‌ كلیك بكه‌، بۆ ده‌ستخستنی ته‌فسیره‌كه‌ به‌ pdf

 

ته‌فسیری قوڕئانی به‌رزو به‌پێز

 

سووڕه‌تی: (الفاتحة و البقرة)

به‌رگی یه‌كه‌م

 

 

سووڕه‌تی: (آل عمران)

به‌رگی دووه‌م

 

 

ته‌فسیری سووڕه‌تی: (النسا‌ء)

به‌رگی سێ‌یه‌م

 

ته‌فسیری سووڕه‌تی: (المائدة)

به‌رگی چواره‌م

 

 

ته‌فسیری سووڕه‌تی: (الأنعام)

به‌رگی پێنجه‌م

 

ته‌فسیری سووڕه‌تی: (الأعراف)

به‌رگی شه‌شه‌م

 

ته‌فسیری سووڕه‌تی: (الأنفال)

به‌رگی حه‌وته‌م

 

چاوه‌ڕوانی به‌رگه‌كانی تریش بن

 

 

 

 

 

 

 

 

 


  • 49
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    49
    Shares
Comments
Loading...