ئه‌ڵمانیا: بۆ كوردانی ئه‌و وڵاته‌، سیمینارێك بۆ مامۆستا عه‌لی باپیر سازكرا

620

ئه‌ڵمانیا: بۆ كوردانی ئه‌و وڵاته‌، سیمینارێك بۆ مامۆستا عه‌لی باپیر سازكرا

شه‌وی 23/11/2017 له‌به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا جڤاتی كورد له‌به‌رلین سیمینارێكی بۆ مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ساز كرد كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كوردانی ئه‌وێ‌ به‌شداربوون له‌ژێر ناو و نیشانی: (كێشه‌كانی كورد به‌گشتیی‌و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت).

مامۆستا عه‌لی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆڕەکەیدا کێشە سەرەکییەکانی گەلی کوردستانی بۆ نەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی گەڕاندەوەو ھۆکاری سەرەکی نەبوونی قەوارەی سیاسییشی بۆ نا تەبایی‌و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردیی گێڕایەوە.

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە سەرەتای کۆڕەکەیدا گوتی: گەورەترین کێشەی گەلی کورد لەسەر ئاستی ناوچەکە، بریتییە لە بێ قەوارەیی، بێ قەوارەیی واتە خاوەنی ئیرادەو ئیدارەی خۆنەبوون، واتە چارەنووسی خۆت بە دەستی خۆت نەبێت، لە ھەر کوردێک بپرسی ئەگەر خاوەن ویژدانێکی زیندوو و عەقڵێکی تەندروست بێت‌و ئیرادەی خۆی لە دەست نەدابێت لە وەڵامدا دەڵێت گەورەترین کێشەی گەلی کورد ئەوەیە کە ئیمە وەکو گەلانی دونیا مامەڵەمان لەگەڵدا ناکرێت، لەسەر نەخشەی سیاسیی بوونمان نییە، بە ھیچ زمانێک لە نەخشەی سیاسیی ناوی کوردستان وەک نیشتمان نییە، کە لانی کەم نیشتمانی ٣٠ بۆ ٤٠ ملیۆن کەسی تێدا دەژیت کە ئەمە ستەمێکی مێژوویی گەورەیە لە گەلی کورد کراوە.
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان باس لە ھۆکارەکانی نەب

وونی بێ قەوارەیی گەلی کوردی کردو ڕایگه‌یاند: ھەڵبەته‌ چەند ھۆکارێک ھەن، دەتوانین بڵێین ھەڵکەوتەی جوگرافییمان وابووە کە ئەو وڵاتەی ئێمە ھەر لەکۆنەوە لە سەردەمی یۆنان‌و فارسەوە شەڕگە بووە، ھەروەھا دەتوانین بڵێین پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی گەلی کوردو دواکەوتوویی گەلی کورد ھۆکارێکی دیکە بوونە، بەڵام گەورەترین ھۆکاری بێ قەوارەیی گەلی کورد بریتییە لە ناتەبایی‌و پەرتەوازەیی خۆمان بووە ھەر بەھۆی پەرتەوازەیی نێوماڵی کوردی بوو لە ساڵی ١٩١٦ پەیمانی سایکس – پیکۆ ھاتە ئاراوە کە نیشتمانی ئیسلامیی دابەشکردو لەگەڵیشدا نیشتمانی کوردی دابەش کرا.

ھەروەھا گوتی: لەدێر زەمانەوە خاڵی لاوازی ئێمە نەبوونی ئامانجێکی گشتگیرو کۆکەرەوە ھۆکاری پەرتەوازەیی نێوماڵی کوردیی بووە، ئەمە کاریگەری ھەبووە لەوەی ھەرکەسێک بەدۆڵێکدا بڕوات‌و کەس بەڕبه‌ی کەس نەپێوێ‌و کەس لە بەڕی کەس نەخێوێ، دەشزانین کە شۆڕش کراوە ھەر لەسەردەمی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، سمایل خانی شکاک، بارزانیی لە باشوورو ھەروەھا یەزدان شێخ لە رۆژھەڵاتی کوردستان، ڕەنگە ئەمانە ئامانجێکی ئەوەیان نەبووبێت کە ھەموو کورد کۆبکاتەوە، ھاوشێوەی سەردەمی میرنشینەکان.

لەبارەی چارەسەری کێشەکانی گەلی کورد ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، گوتی: دەبێت ئێمە پێداچوونەوە بە بیرو بۆچوونمان بکەینەوەو پاشان پێداچوونەوە بە ھەست‌و نەست‌و دڵ‌و دەروونی خۆمان بکەینەوەو دوایی پێداچوونەوە بە ئاکارو ھەڵسوکەوتمان بکەینەوە.

هه‌وره‌ها مامۆستا عەلی باپیر لە کۆڕەکەی لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا دەڵێت: ئەو بیرو بۆچوونە ھەڵەیەی کە کەسێک پێی وابێت تاکە کەسێک بریکاری نەتەوەیەک بێت جا ھەر کەسێک بێت، لە ڕاستیدا نە ناوی کەسێک دەھێنم‌و نە مەبەستیشم لێی کەسێکی دیاریکراوە، کەسێک پێی وابێت نەتەوەیەک بریتییە لە کەسێک‌و بۆی ھەبێت بەناوی نەتەوەیه‌كدا بڕیار بدات‌و بۆی ھەبێت بە پێشیان بکەوێت جا ئەگەر ھات‌و ئەگەر نەھات، ئەمە بۆچوونێکی ھەڵەیە، چونکە ھیچ کاتێک نەتەوەیەک بریتی نییە لە کەسێک، ئەم نەتەوەیە لەچەند تاکێک پێکھاتووە ھەر تاکێک لەم نەتەوەیە ڕێزو حورمەتی خۆی ھەیە خوا عەقڵی بە ھەموویانداوە، دەرفەت ھەیە تاکێک یان حزبێک، خێلێک یان بنەماڵەیەک ئەم بیرکردنەوەی ھەبێت، بەڵام سەیرو سەمەرە ئەوەیە کەسێک ئەو جۆرە بیرکردنەوانەی ھەبێت‌و نەتەوەیەکەش بەدوایداکەوێت‌و لێی بێدەنگ بێت، جا ئەم بیرو بۆچوونە دەبێت بگۆڕێت.

لێدوان
Loading...