ئافره‌تی مسوڵمانی كورد مافه‌ شه‌رعییه‌كانی و ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی

3,650

ئافره‌تی مسوڵمانی كورد

مافه‌ شه‌رعییه‌كانی و ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی

 

ئه‌م نامیلكه‌یه‌ -وه‌ك زۆر نامیلكه‌ی دیكه‌ی به‌نده‌- له‌ئه‌سڵدا وتارێك بووه‌ له‌كۆڕێكدا دراوه‌ كه‌ له‌ مزگه‌وتی (جیهاد)دا بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوشكان له‌ڕۆژی (12ی ره‌جه‌بی 1423) به‌رانبه‌ر به ‌(19/9/2002)دا به‌سترا بوو.

پاشان خوشكی به‌ڕێزمان خوشكه‌ (شه‌مسه‌ سه‌عید) كه‌ هه‌رخۆشی سه‌رپه‌رشتیاری كۆڕه‌كه‌ی به‌ئه‌ستۆوه‌ گرتبوو له‌كاسێته‌وه‌ هێناویه‌ته‌ سه‌ر كاغه‌زو پاشان دوای چاوپێخشاندنه‌وه‌ی خۆم و ورده‌ ده‌ستكارییه‌كی چه‌ند وشه‌و ڕسته‌یه‌كی، دووباره‌ برای به‌رێزم كاك: (وشیار سه‌نگاوی)ی به‌خه‌تێكی خۆش نووسیویه‌ته‌وه‌و ئاماده‌ی چاپ كراوه‌.

خواش به‌كه‌ڕه‌می خۆی پاداشتی به‌رزی هه‌ركام له‌ (شه‌مسه‌خان)و كاك (وشیار) بداته‌وه‌و ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش بكاته‌ مایه‌ی به‌هره‌ وه‌رگرتنی خوێنه‌ران به‌گشتی و خوشكه‌ به‌ڕێزه‌كانمان به‌تایبه‌ت.

شایانی باسیشه‌ كه‌ ئێمه‌ خوا پشتیوان بێ له‌كتێبی: (ئافره‌ت و خێزان له‌سایه‌ی شه‌ریعه‌ت)دا هه‌موو ئه‌و باس و بابه‌تانه‌ی كه‌له‌باره‌ی ئافره‌ت و خێزانه‌وه‌ بۆ ئه‌م ڕۆژگاره‌ به‌پێویستیان بزانین، ده‌یان توێژینه‌وه‌، كه‌سوپاس بۆ خوا تا ئێستا زیاتر له‌چل (40) ئاڵقه‌ی له‌ڕۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ)دا لێ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م نامیلكه‌یه‌ش كورته‌و پوخته‌یه‌كی باشی له‌باره‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی ئافره‌تی مسوڵمانی كورده‌وه‌ گرتۆته‌ خۆی، بۆیه‌ به‌چاكمان زانی كه‌وه‌ك پێشه‌كی و نۆبه‌ره‌یه‌كی ئه‌و كتێبه‌، جاری ئه‌م نامیلكه‌یه‌ بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.

چونكه‌ ڕاستی به‌هه‌موو قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌ڵێم كه‌ ئافره‌تانی مسوڵمان له‌كوردستان و سه‌رجه‌م وڵاتانی دیكه‌ی ئیسلامیش دا دووجار دووچاری سته‌مدیده‌یی (مظلومية)و به‌شخوراویی (بخس الحق) بوونه‌: جارێكیان: به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی پیاوانه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر دابینكرنی حه‌ق و مافه‌ شه‌رعییه‌كانیان دا، كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر جاریش ئه‌م كه‌مترخه‌مییه‌ به‌هۆی بێ ئاگایی له‌شه‌ریعه‌ته‌وه‌و په‌روه‌رده‌ بوونێكی هه‌ڵه‌وه‌، به‌هه‌ڵوێستێكی ڕه‌واو شه‌رعیش دابنرێ و له‌سه‌ر ئیسلام و شه‌ریعه‌تیش حیساب بكرێ!!

دووه‌میان: له‌لایه‌ن ئه‌و ته‌وژمه‌ عه‌لمانیی و غه‌رب زه‌ده‌یه‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ ئافره‌تی مسوڵمانی كورد له‌دین و ڕه‌وشت و قیه‌م و ڕه‌سه‌نایه‌تی مسوڵمانه‌تی و كوردایه‌تی خۆی دووربخاته‌وه‌و، به‌زۆری زۆرداری به‌مه‌ره‌دی ئافره‌تی داماوو بێ ده‌ره‌تانی ڕۆژئاوای به‌رێ، كه‌ هه‌ركه‌سێك خاوه‌نی هه‌ست و نه‌ستێكی مسوڵمانانه‌و ویژدانێكی ساغ و زیندوو بێت به‌زه‌یی و په‌رۆشی ده‌جوولێ و گریانی دێت بۆ حاڵ و باڵی تفت و تاڵی ئافره‌تی ڕۆژئاوایی، خێزان لێهه‌ڵوه‌شاوو سروشت تێكدراو سه‌رگه‌ردان!

به‌ڵام خوا پشتیوان بێ هۆشیاریی و بێداریی مسوڵمانان به‌ گشتی و خوشكانمان به‌تایبه‌ت، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌ربازبوونیان له‌ هه‌ردووك چۆرتم و گرفته‌كه‌و سه‌ره‌نجام ئافره‌تی مسوڵمانی كوردستان، هه‌م هه‌قه‌ شه‌رعییه‌كانی ده‌ست ده‌خات و، هه‌م ئه‌ركه‌كانیشی جێبه‌جێ ده‌كات، وه‌ له‌ئاكام دا كارێك ده‌كات كه‌ پارێزگاریی له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی ئیسلامیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی بكات و له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكیشه‌وه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌خۆی ڕازی بكات و خۆی له‌ئاگری دۆزه‌خ پارێزراو و سه‌ڵامه‌ت و به‌هه‌شتیش بۆخۆی مسۆگه‌ر و حه‌ڵاڵ بكات.

 

26ی رمضان 1423

1/12/20002

ئه‌حمه‌داوا

لێدوان
Loading...