پانۆڕامای سەردانەكەی مامۆستا عەلی باپیرو وەفدی یاوەریی بۆ بەغدای پایتەخت

4,067

پانۆڕامای سەردانەكەی مامۆستا عەلی باپیرو وەفدی یاوەریی بۆ بەغدای پایتەخت

ڕاپۆرت

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 3/4/2019 وه‌فدێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تیی‌، له‌ڕێگای فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت به‌ڕێكه‌وتن‌و له‌گه‌ڵ سەرۆكایەتییەكانی عێڕاق‌و، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانیی كۆبۆوە.

لەكۆی دیدارەكاندا مامۆستا عەلی باپیر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە گرنگ نیە كێ‌ حوكم دەكات، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كێ‌ خزمەتی خەڵك‌و جەماوەر دەكات‌و لەپێناو بنەبڕكردنی گەندەڵیی‌و حوكمڕانیی ڕەشید كار دەكات.

سەردانی سەرۆك كۆماری عێڕاق دەكات

لەسەرەتای گەشتەكەیاندا بۆ بەغدای پایتەخت، وەفدە باڵاكەی كۆمەڵی ئیسلامیی گەیشتنە كۆشكی سەلام‌و لەلایەن د. بەرهەم ئەحمەد صاڵح سەرۆك كۆماری عێڕاق بەگەرمی پێشوازییان لێكرا.

شاندەكەی كۆمەڵی ئیسلامیی پێكهاتبوون لە: (موحەممەد حەكیم‌و ڕێبوار حەمەد ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسیی‌و، سەلیم كۆیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی‌و، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی فراسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق‌و، هاوژین عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی بانگەوازو بەڕێوەبردنی كۆمەڵی ئیسلامیی).

لەسەرەتای دیدارەكەدا مامۆستا عەلی باپیر بەبۆنەی دەست بەكاربوونی وەك سەرۆك كۆماری عێڕاق پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ئەحمەد صاڵح كردو، هیوای خواست كە لەكارەكانی سەركەوتوو بێت‌و بتوانێ‌ نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان‌و پێكهاتەكانی عێڕاق بكات‌و بەپێ‌ی دەستووری فیدڕاڵ پارێزگاریی لە مافەكانی گەلی كورد بكات.

لەبەرانبەریشدا سەرۆك كۆماری عێڕاق سوپاسی سەردان‌و پشتیوانییەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی كردو، ئاماژەی بەڕۆڵی كاریگەریی نوێنەرانی كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد كە بەردەوام داكۆكیی كارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كورد بوون.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەل‌و مەرجی نێوخۆی كوردستان‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا كرا، لەوبارەیەوە وەفدی باڵای كۆمەڵی ئیسلامیی هیوای خواست، كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەخزمەنكردنی خەڵك‌و جەماوەری هەرێم سەركەوتوو بێت.

هەروەها لەپێناو بەدەست هێنانی مافی خەڵك‌و مووچەخۆران لەگەڵ بەغدا پابەندی دەستوورو ڕێككەوتنامەكانی نێوانیان بێت.

هەرلەكۆبوونەوەكەدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی (هاوژین عومەر)ی وەك ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار بە د. بەرهەم ئەحمەد ناساند.

سەردانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق دەكات

وێستگەی دووەمی دیدارو كۆبوونەوەكانی وەفدی كۆمەڵی ئیسلامیی، سەردانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بوو، كە تیایدا لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدیی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوە.

لەدیدارەكەدا پاش پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق، مامۆستا عەلی باپیر جەختی كردەوە، كە دەبێت كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان ناوەندو هەرێم چارەسەر بكرێن لە سەر هەڵدانەوەی دووبارەی كێشەو گرفتەكان ڕێگریی بكرێت، تا بەزیان بەسەر هاوڵاتییانی هەرێم نەشكێتەوە، چونكە گەلی كورد وەكو دۆستی خۆی  بەزەرەر بۆ هاوڵاتییانی هەرێم بشكێتەوە، چونكە گەلی كورد وەكو دۆستی خۆی لە سەرۆك وەزیرانی ئێستا دەڕوانێت.

هەروەها ئەمیری كۆمەڵ هیوای خواست كە د. عاد عەبدولمەهدیی لەجێ‌بەجێ‌كردنی بەرنامەی كابینەكەی‌و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی سەركەوتووبێت.

لایخۆشییەوە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق لەبەرانبەر دڵسۆزیی‌و بەخەمەوەبوونی كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتییان سوپاسی هەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیرو كۆمەڵی ئیسلامیی كردو هیوای بەردەوامیی ئەم جۆرە سەردانان‌و كۆبوونەوانەشی خواست.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق‌و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كۆبوونەوە

هەرلەدرێژەی دیدارو كۆبوونەوەكاندا، مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی‌و وەفدی یاوەری سەردانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقیان كردو لەلایەن د. موحەممەد حەلبووسیی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران‌و حەسەن كەریم جێگری یەكەم‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگەرمی پێشوازییان لێكرا.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پاش پیرۆزبایی هیوای خواست كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەركردنی یاساو چاودێریی كردنی حكوومەت ڕۆڵی كارای خۆی ببینێت.

هاوكات مامۆستا عەلی باپیر داوای كرد سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕۆڵی زیاتر لە چارەسەری كێشەو گرفتەكان لەنێوان هەولێرو بەغدا ببینێت.

لەبەرانبەردا موحەمممەد حەلبووسیی سوپاسی سەردانەكەی وەفدی باڵای كۆمەڵی ئیسلامیی كردو ڕۆڵی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزنرخاند.

سەردانی سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانیی دەكات

هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ بەغدای پایتەخت مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی‌و شاندەكەی یاوەری، سەردانی سەید عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانیی كرد.

لەدیدارەكەدا باس لە پەیوەندیی دێرینیی نێوان كۆمەڵی ئیسلامیی‌و ڕەوتی حیكمە كراو، هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوكردنی ئەو پەویەندییە كردەوە.

هەروەها گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاق بەگشتیی‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی قسەو باسیان لێوەكرا.

لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا مامۆستا عەلی باپیر تێڕوانینی كۆمەڵی ئیسلامیی لەبارەی چۆنیەتی حوكم كردن لەعێڕاق‌و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و ڕایگەیاند: گرنگ نیە كێ‌ حوكم دەكات، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كێ‌ خزمەتی خەڵك‌و جەماوەر دەكات‌و، لەپێناو بنەبڕكردنی گەندەڵیی‌و حوكمڕانیی ڕەشید كار دەكات.

 

به‌وێنه‌:

Comments
Loading...