ئه‌میری كۆمه‌ڵ: له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیش باشترین حكوومه‌ت به‌ئاوات ده‌خوازین

3,765

ئه‌میری كۆمه‌ڵ: له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیش باشترین حكوومه‌ت به‌ئاوات ده‌خوازین

ئەمڕۆ یەكشەممە 28/4/2019 مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەیەكی گشتیی بوو بۆ بەشێك لەئەندام‌و كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامیی لە سنووری مەڵبەندەكانی (3)ی هەولێرو (11)ی دەوروبەرو (8)ی سۆران.

لەمیانی كۆبوونەوەكەدا مامۆستا عەلی باپیر باسی لە بارودۆخی ئێستای عێڕاق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامیی كردو ڕوونیكردەوە كە پڕۆژەی كۆمەڵی ئیسلامیی هەر لەسەرەتاوە ئیسلامەتیی‌و دینداریی هاوسەنگ‌و خزمەت بوە بەخەڵكی هەرێمی كوردستان. لە هەموو بوارەكاندا هەنگاوی باشی ناوەو لەوپێناوەدا چەندین هەورازو نشێوی بڕیوەو تاڵیی‌و سوێریی زۆری چەشتوە، لەسەر ڕەسەنایەتیی خۆی ماوەتەوەو لەوبارەوە دۆست‌و دوژمن گەواهی بۆ دەدات، هەربۆیە لەسەر ئەوە سوپاسی خوا دەكەین، كە كۆمەڵ خاوەنی خەڵكێكی زۆری مەبدەئییەو بەیارمەتی خوا وەك چۆن لەڕابردوودا زاڵبووە بەسەر پیلانەكاندا، لەداهاتووشدا سەركەوتوو دەبێ‌.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا مامۆستا عەلی باپیر سەبارەت بە حكوومەتی عێڕاق‌و دەستەڵاتی ناوەند ڕایگەیاندو گوتی: عێڕاقی تازە هەر لەسەرەتاوە بەلاسەنگیی درووست بوەو حوكمی تائیفیی بەسەریدا زاڵە، لەونێوەندەشدا كورد لەبەر ململانێ‌‌و هەڵپەی ئیمتیازاتی شەخسیی‌و حیزبیی نەیتوانیوە مافەكانی بەدەست بێنێ‌.

سەبارەت بە كوردستانیش ئەمیری كۆمەڵ ڕایگەیاند: بەداخەوە لەبەر پۆست‌و مەنسەب بۆ ماوەی (7) مانگە كابینەی (9)ی حكوومەت دواكەوتوەو بێ‌ گوێدانە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پەكخرا.

سەبارەت بە هەڵوێستی كۆمەڵیش گوتی: كۆمەڵی ئیسلامیی ئەگەر بەشداریی حكوومەتیش نەكات باشتریین حكوومەت بەئاوات دەخوازێ‌، بتوانێ‌ خزمەت بەتاكەكانی گەلەكەمان بكات‌و دووربێ‌ لەگەندەڵیی‌و قۆرخكاریی، هەروەك جەختی لەوەش كردەوە كۆمەڵی ئیسلامیی بەچاكە دەڵێ‌ چاك‌و بەخراپەش دەڵێ‌ خراپ.

سەبارەت بەناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامییش مامۆستا عەلی باپیر ڕایگەیاند: ئێمە سوپاسی خوای گەورە دەكەین كە كۆمەڵ خاوەنی كەسانی بژاردەو پاكەو سوود بە كۆمەڵگا دەگەیەنن‌و فەرمان بەچاكەو ڕێگریی لە خراپە دەكەن.

هاوكات ئەوەشی ڕوونكردەوە كە كاری كۆمەڵ كارێكی خۆبەخشانەی خەڵكی مسوڵمانەو هەركەسێك كاری تێدا بكات پێویستە پابەندی یاساو بنەماو پڕەنسیپەكانی بێ‌‌و، سیاسەتی كۆمەڵیش ڕاست‌و ڕۆشنەو بۆ هەموو پێشهاتەكان هەڵوێستی ڕاشكاوانەی خۆی هەبوەو ویستویەتی دادگەریی لەناو حیزب‌و خەڵكدا بەرپا بكات‌و، هەر ئەو جۆرە تێڕوانین‌و هەڵوێستانەشە وایكردوە كۆمەڵ خاوەنی پێگەو ئیعتیباری خۆی بێ‌‌و وەك ژمارەیەكی دیار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

ڤیدیۆی هەواڵەكە:

Comments
Loading...