بەبۆنەی (18)مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامیی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پەیامێك بڵاودەكاتەوە:

7,301

بەبۆنەی (18)مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامیی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پەیامێك بڵاودەكاتەوە:

 

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمدلله، وصلى الله تعالى وسلم وبارك على رسول الله محمد، وآله المهتدين بهداه، من الصحب والأزواج والقرابة والتابعين لهم بإحسان إلى يوم اللقاء.

 

بەڕێزان!

بەپێویستم زانی لەم شەوو ڕۆژە موباڕەكانەی كۆتایی ئەم مانگی ڕەمەزانەدا، بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەژدە (18) ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆمەڵی ئیسلامییدا: (31/5/2001)ز، پەیامێك ئاڕاستەی سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامیی بكەم، تێكڕای خوشكان‌و برایان، بە سەروو و خوارەوە، بەڵام سەرەتا بەچاكی دەزانم،  سێ‌ قسەی كورت ئاڕاستەی تێكڕای خەڵك‌و جەماوەری كوردستان بكەم، چ لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان، چ دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا:

یەكەم:

خوا “سبحانە وتعالی” بەخششێكی زۆر گەورەی بەئێمەی مسوڵمان پێ‌ بەخشیوە، كە كردووینی بە بەشێك لە ئۆممەتی پێغەمبەر “صلی الله علیە وسلم”، وەك لە سووڕەتی (آل عمران)دا دەفەرموێ‌: (لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِّنْ أَنفُسِهِمْ..) -164-، واتە: بەدڵنیایی خوا چاكەیەكی گەورەی لەگەڵ بڕواداراندا كردوە، كە لەنێوخۆیاندا خۆیان پێغەمبەرێكی بۆ ناردوون.

بۆیە پێویستە قەدری ئەو نیعمەتەی خوا بزانین، وەك لە ئایەتی ژمارە (3)ی سووڕەتی (المائدة)دا خوا دەفەرموێ‌: ( الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا)،  واتە: ئەمڕۆ ئایینەكەتانم بۆ تەواو كردوون، چاكەی خۆم بە تەواویی لەگەڵدا كردوون‌و، ئیسلامیشم بە بەرنامە بۆ پەسند كردوون.

بەڵێ‌، پێویستە ئێمە وەك خەڵك‌و جەماوەری كوردستان، ئەو نیعمەتی ئیمان‌و ئیسلامە باش قەدر بگرین‌و، سوپاسی خوای لەسەر بكەین، چونكە خوا وەك یاسایەكی گەردوونیی خۆی لە ژیانی بەشەردا ڕایگەیاندووە: هەرچاكەو نیعمەتێكی خوا، سوپاسگوزاریی لەسەر بكرێ‌، خوا زیادی دەكا: (وَإِذْ تَأَذَّنَ رَبُّكُمْ لَئِن شَكَرْتُمْ لَأَزِيدَنَّكُمْ)، إبراهيم -7-، واتە: پەروەردگارتان ڕایگەیاند، ئەگەر “لەسەر چاكەكانم” سوپاسم بكەن، بۆتان زیاد دەكەم.

ئیسلام گەورەترین نیعمەتە لە بوون (وجود)داو، ئێمە وەك گەلی كوردی مسوڵمان، زۆر بەهرەمەند بووین لە ئیسلام‌و، دەتوانین زۆر زیاتریش لێی بەهرەمەند بین، هەم بۆ ژیانی دنیامان، هەم بۆ دواڕۆژمان. ئنجا هەمووشمان لەبەرانبەر ئیسلامدا بەرپرسیارین‌و، پێویستە هەوڵبدەین هەرچی زیاتر، هەموو لایەكمان زیاتر لە ئیسلام تێبگەین، ئیسلامی بەرجەستە لە قوڕئان‌و سوننەتدا، ئنجا لەدوای زیاتر لێ‌ تێگەیشتنیشی، هەوڵ بدەین زیاتر تێیدا پێبگەین، چونكە بێگومان دینداریی‌و مسوڵمانەتیی، تەنیا بە لێتێگەیشتنەوە، جێی خۆی دەگرێ‌‌و بەتێداپێگەیشتنیشی، مرۆڤـ لێی بەهرەمەند دەبێ‌.

هەموو لایەكیش لەبەرانبەر ئیسلامدا بەرپرسیارین، چونكە خوای پەروەردگار لە هەموو دواندنەكاندا، ڕوو دەكاتە ئەهلی ئیسلام بەگشتیی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا)، ئەی ئەوانەی بڕواتان هێناوە! كەواتە: هەموو ئەوانەی كە بەتەمان لەڕۆژی دواییدا لە بەهەشت‌و پاداشت‌و ڕەزامەندیی خوا بەهرەمەند بن، پێویستە لە دنیاشدا خەمی ئایین‌و بەرنامەكەی بخۆن، كە بەدڵنیایی ئایین‌و بەرنامەكەیشی هەر لە قازانج‌و خێرو بەرژەوەندیی مرۆڤەكاندایە، ئەگەرنا خوا “سبحانە وتعالی” بێنیازە لەجیهانییان (…فإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ) آل عمران -97-.

دووەم:

بە نسبەت لایەنە سیاسییەكانەوە، بەپێویستمزانی ئەوەیان بیر بخەمەوە، كە ئێمە لە ڕابردوودا هەردەستكەوتێكمان بووبێ‌، بەهۆی تەبایی‌و پێكەوە هاوكاریی كردن بووە، تەبایی‌و پێكەوە هاوكاریی كردنیش بناغەكەی بریتیە لە دادگەریی‌و، زۆربەی ناكۆكییەكان لەوەوە سەرهەڵدەدەن، كە لایەنێك یان چەند لایەنێك، بیانەوێ‌ هەموو شتێك بۆخۆیان قۆرخ بكەن‌و، تەنیا حیسابی خۆیان‌و دەوروبەریان بكەن‌و، خەڵكی دیكە نادیدە بگرن، كاتی ئەوە هاتوە: لەو قاوغ‌و قەپێلكە تەسكانە بێینە دەرو، بێینە نێو فەزای فراوانی نیشتیمان‌و نەتەوە پەروەریی، كاتی ئەوە هاتوە كە چاومان هەموو لایەك ببینێ‌‌و، گوێمان دەنگی هەموو لایەك ببیستێ‌‌و، دڵمان جێی خۆشەویستیی‌و خەمخۆریی‌و پەرۆشیی بۆ هەموو لایەك تێدا ببێتەوە، با واز لە ماڵ ماڵۆكێنە بێنین‌و، كۆتایی بە گوریسپچڕكێنە بێنین، ئەم وڵاتە هی هەموو لایەكە، نازو نیعمەتەكانی كە خوا تێیدا داناون، بۆ هەموو لایەكی داناون، نەك تەنیا بۆ چەند ماڵێك، یان بۆ چەند حیزب‌و لایەنێك: (هُوَ الَّذِي خَلَقَ لَكُم مَّا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا…) البقرة -29-، كاتی ئەوە هاتوە دەرس لە ڕابردووی تاڵمان وەربگرین، چیدیكە ڕابردووی تاڵ دووبارە نەكەینەوە، بەشێوەیەك لە شێوەكان، بەتایبەت كە ئێمە بەرەو گۆڕانكاریی گەورە گەورە دەچین، هەڕەشەی گەورە گەورە لەسەر ناوچەكە هەن بەگشتیی‌و، بەتایبەتیی لەسەر عێڕاق‌و هەرێمەكەمان، ئنجا ئەوەش كە گرەنتی (ضمانة)ی سەركەوتنی ئێمە دەكا، بەسەر كێشەكاندا، “پاش پشتیوانی خوا عزوجل” تەنیا تەبایی نێو خۆمانە، تەباییش لەسەر بناغەی دادگەریی نەبێ‌ هەرگیز بنیات نانرێ‌.

سێ‌یەم:

بەنسبەت ئەوانەشەوە، كە مشوور دەخۆن لە كارو پڕۆژەی ئیسلامیی، تەنیا ئاماژە بەیەك مەسەلە دەكەم: جگە لە پێغەمبەری خوا “صلی الله علیە وسلم” هیچ كەسی دیكە، یەكسان نیە بە ئیسلام،  با هیچ كەس پێی وا نەبێ‌: ئیسلام لەودا یان لە گرووپ‌و دەستەكەی‌و لەمەشڕەب‌و ڕێبازەكەیدا خوڵاسە بۆتەوە، ئیسلام تەنیا پێغەمبەری خوا “صلی الله علیە وسلم” لەخۆیدا بە تەواویی بەرجەستەی كردبوو، لەدوای پێغەمبەری خوا “صلی الله علیە وسلم” هیچ كەس ناتوانێ‌ ئیددیعای ئەوە بكات، كە ئیسلام تەنیا لەودا بەرجەستە بووەو، تەنیا ئەو لە ئیسلام حاڵی بووە، تەنانەت هاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەریش “صلی الله علیە وسلم” “خوا لێیان ڕازی بێ‌”، لەنێویانیاندا چوار خەلیفە ڕاشیدەكانیش: (ئەبوبەكر و عومەرو عپمان و عەلی) “خوا لێیان ڕازی بێ‌”، ئەوانیش ڕاجییاییان بووەو جار جار مشتوموڕیان بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە دڵەكانیان پێكەوە پەیوەست بوون، ڕاجیاییەكان زیانی لە برایەتیی‌و یەكڕیزییان نەداوە.

با لەخۆمان وریا بین! ئیسلام ئایینی خوایە بۆ هەموو مرۆڤەكان، نەك تەنیا بۆ كۆمەڵێك‌و تاقمێك‌و، با ئاگاداریش بین! خوا “سبحانە وتعالی” لە دوو شوێناندا ڕوو دەكاتە ئەهلی ئیسلام، ئامۆژگارییان دەكا، كە وەك میللەتە پێشووەكان نەكەن:

 

  • لە سوڕەتی (الأنعام)دا خوا دەفەرموێ‌: (إِنَّ الَّذِينَ فَرَّقُوا دِينَهُمْ وَكَانُوا شِيَعًا لَسْتَمِنْهُمْ فِي شَيْءٍ إِنَّمَا أَمْرُهُمْ إِلَى اللَّهِ ثُمَّ يُنَبِّئُهُمْ بِمَا كَانُوا يَفْعَلُونَ) -159-.

پێغەمبەری خاتەم دەدوێنێ‌ “صلی الله علیە وسلم”، دەفەرموێ‌: بێگومان ئەوانەی ئایینی خۆیانیان بەش بەش كردو بوونە تاقم تاقم، تۆ هیچ پەیوەندییت پێیانەوە نیە، یانی: پەیوەندییان بەتۆوە نیەو، شوێنكەوتووی تۆ نین، چونكە تۆ یەك ئایین‌و بەرنامەت هێناوە، بەڵام ئەوان ئەگەر ببنە تاقم تاقم‌و، شیرو تیر لە یەك بسوون‌و، هەر كەسە بە یاری خۆی هەڵا بڵێ‌، ئەوانە لە ڕێبازی تۆ لایان داوە.

 

  • لە سووڕەتی (الروم)یشدا خوا “سبحانە وتعالی”، دەفەرموێ‌: (…وَلَا تَكُونُوامِنَ الْمُشْرِكِينَ * مِنَ الَّذِينَ فَرَّقُوا دِينَهُمْ وَكَانُوا شِيَعًا كُلُّ حِزْبٍ بِمَا لَدَيْهِمْ فَرِحُونَ) -31،32- .

واتە: وەك هاوبەش بۆخوا دانەرەكان مەبن، ئەوانەی ئایینەكەی خۆیانیان بەش بەش كرد، (هەركامێكیان لایەنێكی گرت‌و لایەنەكانی دیكەی فەرامۆش كرد)و دوایی بوونە تاقم تاقم، هەر كامێكیان بەوەی كە بۆ خۆی لەسەریەتی، پێ‌ی دڵخۆشە.

نەخێر با ئایینەكەمان بەش بەش نەكەین، بەڵێ‌ دەگونجێ‌ هەر كامێكمان لە قۆڵێكەوە خزمەتی ئیسلام بكەین، بەڵام با هەركامێكیان ئەو بوارەی كە خۆی خزمەتی تێدا دەكات، ئەو بەشەی كە توانای بەسەریدا دەشكێ‌‌و چاكتر دەتوانێ‌ ئەسپی خۆی لەو بوارەدا تاو بدا، با تەنیا ئەوە بەدین نەزانێ‌.

ئیسلام بوونناسییە، ئیمان‌و عەقیدەیە، دوای ئەوە عیبادەت‌و پەرستشەكانە، تەقواو تەزكیەیە، ڕەوشت‌و بەها بەرزەكانە، بواری كەسێتییە، ئەدەب‌و ڕەوشتە كۆمەڵایەتییەكانە،  دوای ئەوەش بەڕێوەبردنی كۆمەڵگاو وڵاتە: ئابووریی سیاسەت، ئیدارە، ئیسلام هەموو ئەو ڕەهەندانە دەگرێتەوە، كە ژیانی مرۆڤ پێك دێنن، با ئاوا تەماشای ئیسلام بكەین‌و، هەر كامێكیشمان بە ڕێزو خۆشەویستییەوە لەگەڵ بەرانبەرەكانیدا مامەڵە بكات‌و، با هەر كامێكمان ئەوەی كە بۆخۆی لەسەریەتی، تەنیا ئەوە بە دین نەزانێ‌، دین ئەوەیە كە لە قوڕئان‌و سوننەتدا بەرجەستەیەو، مسوڵمانان بە هەموویان ئەهلی ئیسلام‌و ئۆممەتی پێغەمبەر “صلی الله علیە وسلم” پێك دێنن.

ئنجا دێینە سەر ئەو پەیامەی كە دەمەوێ‌ بە خەڵكی كۆمەڵی ئیسلامیی بە گشتیی ڕابگەیەنم:

بەڕێزان!

ئەمڕۆ: (31/5/2019) هەژدە (18) ساڵ تێدەپەڕێ‌ بەسەر بنیاتنان‌و ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامییدا، لە (31/5/2001).

دوای هەژدە (18) ساڵ، كە ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان دەدەینەوە، دەبینین كۆمەڵی ئیسلامیی هەورازو نشێوی زۆر سەختی بڕیون، ڕەنگە لە هەموو قۆناغە سەختەكان دژوارتر ئەوەبێ‌، كە لە ساڵی (2003)زدا، بەماوەیەكی كەم دوای ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامیی، (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای قەسرێ‌و چوار لەهاوەڵانی)مان لە بازگەی تاسڵووجە لـێ‌ شەهید كران بەناهەق،  دواتر سارۆخ باران كراین، نیزیكەی: سەد (100) كەسمان لە برایان لـێ‌ شەهیدو بیریندار بوون، خوا بە شەهیدی وەرگرتبن، تووشی ناڕەحەتی زۆر بووین، دوای ئەوەش بەندە لەگەڵ سێ‌ لە برایانی سەركردایەتیی بەناهەق، لەلایەن ئەمریكاوە، وێڕای دە (10) لە پاسەوانەكان، گیراین‌و، هەروەها ژمارەیەك خەڵكی قیادیی‌و كادیرمان لەخوشك‌و برایان لەلایەن ئەمەریكاوە لەبەغداد گیران، دواتر لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد خەڵكێكی زۆر لە كادیرو ئەندامانی ئێمە گیران بە ناهەق‌و، ناڕەحەتیی‌و نسكۆی زۆرمان بەسەر هاتن، كە یەكێك لەو ناڕەحەتییە بەئازارانە، كوژرانی مامۆستا (موحەممەد سەنگاویی) بوو لەبەغداد، كە ئەوكاتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو.

دوایی ئەوەبوو كە خوا “سبحانە وتعالی” دەرووی خێری لە بەندەو هاوەڵەكانم كردەوەو، سەربەرزانە لێی دەرچووین‌و، هیچ شتێكمان لەسەر سابیت نەبوو، دەركەوت كە ئێمە بە تۆمەتی ناڕەوا گیرا بووین، هەروەها وردە وردە ئەندامانیشمان كە یەكێتیی‌و پارتیی گرتوویانن، بەردران.

ئنجا كۆمەڵی ئیسلامیی لە هەموو قۆناغەكاندا لەگەڵ خەڵك‌و جەماوەری هەرێمی كوردستان بووە، چ دەرفەتی بووبێ‌ لە حكوومەتدا بەشداربووبێ‌، كە چەند جارێك بەشدار بووە، چ دەرفەتی نەبووبێ‌‌و، ئۆپۆزسیۆن بووبێ‌، كاتێك كە ئۆپۆزسیۆن بووین، بە نەفەسی خۆمان، بە نەفەسێكی شەرعییانە، بە بەها بەرزەكانی ئیسلامەوە، ئۆپۆزسیۆنیەتییمان كردوەو، كاتێك كە لە حكوومەتیشدا بووین، لە هەموو پێگەكانەوە خزمەتمان پێكەش بە خەڵك‌و جەماوەر كردوەو، خەڵك‌و جەماوەر بە گشتیی ڕۆڵی ئەندامانی ئێمەیان بەرز نرخاندوە.

 

بەڕێزان، برایان‌و خوشكان!

ئێمە تا ئێستا (3) كۆنگرەمان بەستوون‌و، ئێستا بەرەو بەستنی كۆنگرەی چوارەم دەچین، ئنجا لێرەوە ڕوو دەكەمە هەموو براو خوشكانی بەڕێزو دەڵێم:

براو خوشكانی بەڕێز! ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامیی سەربەرزین بە ئیسلام‌و شانازیی بەوەوە دەكەین، كە لەسەر ڕێبازو ڕێ‌‌و شوێنی پێغەمبەری خاتەم (محمد)ین “صلی الله علیە وسلم”، ئەگەر خەڵكی دیكە ئاڵای دیكەی لەسەر خۆی بەرز كردۆتەوە، بە كوێرە ڕێیەك‌و بە ڕێچكەیەكدا دەڕوا، ئێمە بە ڕاستە شەقامی خواو پێغەمبەری خوادا “صلی الله علیە وسلم” دەڕۆین‌و، شانازییش دەكەین بە ئیسلام‌و ڕێبازەكەی پێغەمبەرەوە “صلی الله علیە وسلم”، بۆیە دەبێ‌ زۆر وریا بین‌و ئاگامان لەخۆمان بێ‌، دەبێ‌ هەوڵبدەین لە ئاستی بەرزی ئیسلامدا بین، لە ئاستی بەرزی ئەو ئاڵایەدا بین: (لا الە الا الله محمد رسول الله): لەبوونناسیی‌و ئیمان‌و عەقیدەماندا، لە پەرستش‌و خواپەرستییەكانماندا، لە ڕەوشت‌و ئاكاری شەخسیی‌و خێزانیی‌و كۆمەڵایەتییماندا، لە ئەدەب‌و هەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكانماندا، لە هەڵوێستە سیاسییەكانماندا، دەبێ‌ هەوڵبدەین لەو ئاستە بەرزەدا بین.

ئنجا پێموایە كە پێویستییمان بە چاو بەخۆدا گێڕانەوەی باش هەیە، لە هەموو ئەو ڕووانەوە كە ئاماژەم پێیانداو، پێویستە زیاتر خۆمان پێ‌ بگەیەنین، زیاتر تێبگەین‌و، زیاتر پێبگەین، زیاتر حاڵیی بین‌و، حاڵیی بوونەكەش لە خۆماندا بكەینە حاڵ، {وەك لەكتێبی (هەڵسەنگاندنێكی كاری ئیسلامیی)دا باسمان كردوە}، كە هیوادارم بەوردیی بیخوێننەوەو تێوەی ڕامێنن.

ئەمەش ئاماژەیەكی خێرا بەحەوت بنەمای گرنگ:

یەكەم:

 ئیسلام دەریایەكی پڕ لە گەوهەرە، فەرمایشتی خوای پەروەردگار (قوڕئان)و ڕێبازەكەی پێغەمبەر “صلی الله علیە وسلم” ئەوە نیە، كە كاتی خۆی هەرچی پێویست بووە، لەبارەیانەوە گوترابێ‌! بەڵكو دوو سەرچاوەن بەردەوام هەڵدەقوڵن، بۆیە پێویستە بەردەوام لێیان بەهرەمەند بین، چونكە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە تازەكان، دەبێ‌ بگەڕێینەوە بۆ قوڕئان‌و سوننەت، هەڵبەتە بەهرەش وەردەگرین لە كەلەپوور‌و ئیجتیهادو بۆچوونی زانایانی پێشین‌و، دوعای خێریان بۆ دەكەین‌و، ڕێزو حورمەتمان بۆ هەموویان هەیە، بەڵام بە تەئكید “بەتایبەت لە بواری گۆڕاوەكان (متغیرات)دا”، پێویستیمان بەوە هەیە بەردەوام بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی زوڵاڵی وەحیی بەرجەستە لە قوڕئان‌و سوننەتدا.

دووەم:

پێویستە بەردەوام چاو بەخۆماندا بگێڕینەوە: بۆ خۆبژاركردن لەهەر هەڵسوكەوتێك، هەر بیرو بۆچوونێك، هەر كردارو ڕەفتارێك، كە ئیسلام پێی ڕازی نیە، دەبێ‌ بەردەوام خۆمان بپشكنین، ئەوەی كە ئەهلی تەصەووف‌و تەزكیە دەیڵێن، زۆر تەعبیرێكی جوانە: (التخلية من الرذائل والتحلية بالفضائل) خۆ بژاركردن لە سیفەتە نزم‌و پەسندەكان‌و، خۆ ڕازاندنەوە بە سیفەتە بەرزو جوانەكان، لە هەموو بوارەكاندا، لە هەموو هەڵسوكەوتەكاندا، دەبێ‌ بەردەوام لەچاوبەخۆدا گێڕانەوەو خۆهەڵسەنگاندندا بین، بەتەرازووی ئیسلام.

سێ‌یەم:

با ئاگامان لە یەكڕیزیی‌و تەبایی‌و دۆستایەتیی نێو خۆمان بێ‌، بە برایان‌و خوشكانەوە، دەبێ‌ زۆر ئاگامان لەخۆمان بێ‌‌و مافەكانی برایەتیی‌و دۆستایەتیی لەگەڵ یەكدیدا جێ‌بەجێ‌ بكەین‌و، لە پشت پەردەی ڕەشەوە تەماشای یەكدی نەكەین‌و، لەیەكدی لە بەهانە نەبین.

چوارەم:

دەرەوەی بازنەی خۆمان (كۆمەڵ) وریا بین‌و بەو ڕەوشت‌و بەهاو ئاكارە بەرزو جوانانە مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكەین، كە شایستەی مرۆڤی مسوڵمانن‌و شایستەی خەڵكێكی مسوڵمانن‌و، شایستەی كەسانێكن، كە بەدوای ڕێبازی پێغەمبەری خاتەم “صلی الله علیە وسلم” دەكەون.

پێنجەم:

بەڕێزان! ئێمە كۆنگرەمان لەپێشە، هەڵبەتە كۆنگرە وێستگەیەكی گرنگە‌و دەبێ‌ وەرچەرخانی تێدا بكەین، گوڕمان خواردووەتەوە، “خوا پشتیوان بێ‌”، لە سەركردایەتیی قسەمان لـێكردوە، كە دەبێ‌ ئێمە لەو كۆنگرەیەدا وەرچەرخانێكی باش بكەین.

شەشەم:

ئێمە ئامانجەكان‌و پڕەنسیپەكان چەسپاون، بەڵام ئامڕازو شێوازەكانی كار، گۆڕاون‌و دەبێ‌ بەردەوام بیانگۆڕین‌و، ئاشكرایە هەر ئامڕازو شێوازێك، هەر شێوەیەك لە هەڵس‌و كەوت، بزانین كاتی بەسەرچووە، یاخود شێوازێكی لەوە باشترو چاكتر هەیە، (الحكمة ضالة المؤمن)، دەبێ‌ كام شێوازو ئامڕاز باشترو كاریگەرترەو، باشتر ئامانج دەپێكی، ئەوە بێنین‌و گۆڕانكاریی ئەنجام بدەین، نابێ‌ جموود بكەین لەسەر شێوازەكانی كارو، دۆگما بین لەبواری ئامڕازو شێوازەكاندا، بەڵكو دەبێ‌ عەقڵی خۆمان تەواو ئازاد بكەین، بەڵام با زۆر دەستگرتوو بین، بەمەبدەئو ئامانجە شەرعییەكانمانەوەو، بەبێ‌ ئەوە مەعنایەك بۆ دیندارییمان نامێنێتەوە، بەتایبەت ئەو  بیست‌و پێنج (25) خاڵەی كە كاتی خۆی كۆمەڵی ئیسلامیمان لەسەر بنیاتنان: (بنەما شەرعییەكان‌و هێڵە گشتییەكانی كۆمەڵێكی ئیسلامیی ڕەسەن).

حەوتەم:

خوا پشتیوان بێ‌ دەبێ‌ لەم كۆنگرەیەدا كارێك بكەین، كە كۆمەڵی ئیسلامیی زیاتر پەل‌و پۆ باوێ‌‌و فراوانتر بێ‌‌و كارێكی وا بكەین، كە ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم كۆمەڵی ئیسلامییەی ئێمە قەتیس كرابێ‌ لە نێو بازنەیەكی تەسكداو، خەڵك‌و جەماوەر لە پەیامەكەی، لەو بەها بەرزانەی كە هەڵیگرتوون، مەحڕووم بووبێ‌‌و، دیوارو نێوانمان خرابێتە بەین لەگەڵ خەڵك‌و جەماوەر، دەبێ‌ ئەو دیوارو نێوانانە هەڵبگرین، ئنجا ئەگەر پاشگری (ئیسلامیی) ئەو كۆسپەیە، دەبێ‌ لایبەرین، هەروەها هەرشتێك بووبێتە پەرچ‌و كۆسپ لە نێوان ئێمەو خەڵك‌و جەماوەردا، دەبێ‌ لایبەرین، چونكە وەك چۆن ئۆممەتی پێغەمبەر “صلی الله علیە وسلم” بۆ هەموو مرۆڤایەتییە، ئێمەش لە ڕاستییدا هەر هی خۆمان نین، ئێمەش دەبێ‌ هی هەموو خەڵك‌و جەماوەر بین‌و، بەرپرسیارین بەرانبەر بە خەڵك‌و جەماوەرەكەمان بە گشتیی، بۆیە دەبێ‌ هەوڵبدەین بە كام شێوازو ئامڕازە خەڵك زیاتر لێمان تێدەگا، زیاتر ئاشنای پەیامەكەمان دەبێ‌، ئەوە بەكاربێنین.

ئومێدم وایە خوا پشتیوان بێ‌ هەموومان باش زەمینە سازیی بۆ بەستنی كۆنگرە بكەین‌و، بە دڵێكی پاك‌و چاك، بە عەقڵێكی ڕووناك‌و هۆشیار، بە ڕەوشت‌و ئاكارێكی بەرزو جوانەوە، بەرەو كۆنگرە بچین‌و، كۆنگرەیەك ببەستین كە كۆمەڵی ئیسلامیی تێیدا زیاتر فراوان ببێ‌‌و گەشە بكات‌و بەرەو پێشەوە بچێ‌‌و، زیاتر ببێتە جێی ئومێدو هیوای خەڵك‌و جەماوەر.

لە خوای بەخشەرو بەخشندە دەپاڕێمەوە: كە تاعەتی ئەم مانگەی، ئەوەی كە ڕابردوە لە هەموو لایەكمان بە باشترین شێوە قبوڵ فەرمووبێ‌‌و، ئەوەی كە ماویشە یارمەتییمان بدات، چاكتری بكەین، خوا یارمەتیمان بدات كە هەموو لایەكمان مسوڵمانەتیی‌و دیندارییەكی چاكترو باشتر بكەین، زیاتر جێی ڕەزامەندیی خۆی بێ‌، بۆ ئەوەی هەم ژیانە دنیاییەكەمان، ژیانێكی بەختەوەرانە بێت‌و، هەم لە دواڕۆژیشدا كە بە خزمەت پێغەمبەری خاتەم “صلی الله علیە وسلم” دەگەینەوە، ڕوومان بێ‌، بڵێین: ئێمە شوێنكەوتەی تۆ بووین‌و، بەدوای ڕێبازەكەی تۆ كەوتین، هەروەها ڕوومان بێ‌، بڵێن: ئەی خوایە! ئێمە بەندەی تۆ بووین، ئەوەش بەڵگەو شایەد، ئەوەش پەرێزو بەرهەممان!

خوا لەو كەسانەمان بگێڕێ‌، كە ئەو ڕۆژەمان لە هەموو ڕۆژان خۆشتر بێ‌، كە بەدیداری خوای پەروەردگار دەگەین‌و، بەخزمەتی دەگەین‌و، لەو كەسانەمان بگێڕێ‌ كە شایستەی ئەوە بین خوا “سبحانە وتعالی” میواندارییمان بكات لە بەهەشتەكانی خۆیدا.

وصلى الله على محمد، وعلى آله أجمعين ، والحمدلله رب العالمين.

عەلی باپـیـر

26/ ڕەمەزان/1440

31/5/2019

هەولێر

 

ده‌قی په‌یامه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر به‌ ڤیدیۆ

Comments
Loading...