بەرهەمی نوێ ى مامۆستا عهلی باپیر / ههڵوهشاندنهوهی پهڕگیریی و پووچهڵكردنهوهی بیروڕایهكانی پهڕگیران
بەرهەمی نوێ ى مامۆستا عهلی باپیر
نووسینگهی تهفسیر چاپی كردوهو بڵاوی كردهوه
ههڵوهشاندنهوهی پهڕگیریی و پووچهڵكردنهوهی بیروڕایهكانی پهڕگیران
لەپێشەكی ئەم كتێبەدا مامۆستا عهلی باپیر دهنووسێ و دەڵێ:
لە سۆنگەی ئەوەوە كە جیهانی ئیسلامیی ئێستا، زۆرێك لەو تاقمو گرووپە پەڕگیرو تێپەڕێنەرانەی تێدان، كە ڕووی گەشو هاوسەنگی ئیسلامیان بەبیر كردنەوەو ڕەفتارە كرچو كاڵە لادەرەكانیان، شێواندوەو لەبەرچاوی گەلێك كەسی نەشارەزا بە ئیسلام، بێزاندوویانە، بۆیە پاش ئیستیخارەو ڕاوێژ كردن، بەئەركی سەرشانی خۆمم زانی، كە چەند باسێك لەبارەی پەڕگیرییو تێپەڕاندن (الغلو والتطرّف)ەوە بنووسم، لەبەر ڕۆشنایی قوڕئانو سوننەتداو بەبەهرە وەرگرتن لە بەرهەمی زانایانو پێشەوایان، ئیدی سەرەنجام ئەو باسانە بوونە سێ زنجیرەی چەند ئاڵقەیی بەمجۆرەی خوارێ:
1- زنجیرەی یەكەم: پەڕگیریی: پێناسەی پەڕگیریی، پەڕگیرانو نیشانەكانیان، هۆكارەكانی پەڕگیریی، شوێنەوارەكانی پەڕگیریی، ڕێیەكانی چارەسەری پەڕگیریی. پێنج (5) ئاڵقە.
2- زنجیرەی دووەم: نابێ لادانو تاوانی پەڕگیران، بەرانبەر بە ئیسلام بمانخاتە دوو دڵییو گومان. دە (10) ئاڵقە.
3- زنجیرەی سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی بیروڕاو ڕەفتارەكانی ڕێكخراوی داعش. حەوت (7) ئاڵقە.
شایانی باسیشە: وامان پێباش بوو كە بەر لەوەی بیستو دوو (22) ئاڵقەكەی ئەو سێ زنجیرەیە، لە شێوەی كتێبدا بڵاو بكەینەوە –لە چاپی یەكەمدا هەر كام لەو سێ زنجیرەیە بە كتێبێكی سەربەخۆ بڵاو كرایەوە- ئاڵقە دوای ئاڵقە بەهەردووك زمانی كوردییو عەڕەبیی[1]، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆم لە تۆڕی كۆمەڵایەتییدا: (www.facebook.Com/alibapir) بڵاو بكرێتەوە، تاكو خێراتر بكەوێتە بەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز.
هەڵبەتە ئێستاش كە لەم چاپی دووەمەدا[2]، هەرسێك زنجیرەكە لە دوو توێی كتێبێكدا چاپو بڵاو دەكەینەوە، پاش دووبارە چاو پێداگێڕانەوەو پاڵفتە كردنەوە، ناوی زنجیرەمان بە (بەش) گۆڕیوەو بەمجۆرەی لێهاتوە:
بەشی یەكەم:
پەڕگیریی: پێناسەی پەڕگیریی، پەڕگیرانو نیشانەكانیان، هۆكارەكانی پەڕگیریی، شوێنەوارەكانی پەڕگیریی، ڕێیەكانی چارەسەری پەڕگیریی.
بەشی دووەم:
نابێ لادانو تاوانی پەڕگیران، بەرانبەر بە ئیسلام بمانخاتە دوو دڵییو گومان.
بەشی سێیەم:
هەڵوەشاندنەوەی بیروڕاو ڕەفتارەكانی ڕێكخراوی داعش.
لە خوای بەرزی مەزنو زاناو تواناش عز وجل داواكارم كە هاوكاریی مسوڵمانان بكاتو بە كتێبی خۆیو ڕێبازی پێغەمبەرەكەی {محمد “صَلّی اللّهُ عَڵیْهِ ۆسَلّمَ”} ئاشنا ترو بەرچاو ڕوونتریان بكاتو، لە تێپەڕاندنو پەڕگیریی بیانپارێزێو، جارێكی دیكە بەهۆی ڕاست تێگەیشتنەوەی مسوڵمانان لە ئایینەكەیانو، چاك پێوە پابەند بوونیەوە، خۆری بەختەوەریی ئیسلام بەسەر جیهانییاندا بدرەوشێنێتەوەو، تەمی توندو تیژییو كوشتاور تێكدان، لەسەر مرۆڤایەتیی بڕەوێنێتەوە.
سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ الْعِزَّةِ عَمَّا يَصِفُونَ
وَسَلَامٌ عَلَى الْمُرْسَلِينَ
وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ.
13 محرم 1440ك
23 ئەیلوولی 2018ز
هەولێر