مامۆستا عه‌لی باپیر ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت و كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌لاغێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

4,085

مامۆستا عه‌لی باپیر ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت و كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌لاغێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/10/2019 مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كورستان له‌شاری هه‌ولێر ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌ككه‌می لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بوو…

لەکۆتایی کۆبونەوەکەشدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە ئەمەی خوارەوه‌ دەقەکەیەتی:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/10/2019 له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سكرتێرو سه‌رۆك‌و نوێنه‌رانی حیزبه‌ به‌شداره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبۆ‌وه‌.
له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ هه‌ستیاریی ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ناوچه‌كه‌و عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان پیایدا تێده‌په‌ڕێت‌و به‌مه‌به‌ستی بیروڕا گۆڕینه‌وه‌و یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر داوای فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ڕێكخرا.
ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ بریتی بوون له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ناوخۆییی هه‌رێمی كوردستان‌و، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ‌و، گرفت‌و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌و، كاریگه‌رییه‌كانی جموجۆڵی سه‌ربازیی له‌ سووریاو، لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا.
ده‌رباره‌ی دۆخی ناوخۆییی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر پێویستیی به‌رده‌وامیی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌وری به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ش‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان وه‌ك باڵاترین دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووریی‌و یاسایی‌و نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان‌و چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌ن‌و پێكهاته‌كان، به‌ گونجاوترین شوێن دانا كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامیی پێ بدات.
ئاماده‌بووان هاوده‌نگ بوون كه‌ ئه‌رك‌و مافه‌ نیشتمانییه‌كان هی هه‌موو لایه‌ن‌و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌و ده‌بێ ئه‌و ئه‌رك‌و مافانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هاونیشتیمانیبوون پیاده‌ بكرێت‌و هه‌مووان به‌ ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سته‌ڵاته‌وه، له‌مه‌دا به‌شداربن‌.
ده‌رباره‌ی بارودۆخی سه‌رتاسه‌ری عێڕاق‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ به‌ په‌سه‌ندی زانی كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تواناكانیان یه‌ك بخه‌ن‌و به‌ یه‌ك گوتار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێڕاق گفتوگۆ بكرێت بۆ زامنكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ بابه‌ته‌كانی بودجه‌و چاره‌سه‌ری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌پێی ده‌ستوورو سه‌رجه‌م مافه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێگای گفتوگۆیه‌كی جیددیی‌و دامه‌زراوه‌یی، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ پێكهێنانی فیدراسیۆنی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران‌و یه‌كخستنی هه‌موو تواناكان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمارو حكوومه‌تی فیدراڵیی‌و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ پێویست زانیی.
كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی له‌ پێویستیی عێڕاق به‌ سه‌قامگیریی‌و ڕه‌چاوكردنی دۆخی هه‌ستیاری ناوچه‌كه‌و داوا ڕه‌واكانی هاووڵاتیان‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژیی‌و پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كرده‌وه‌.
ده‌رباره‌ی بارودۆخی سووریاو ئاڵۆزییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردو به‌ په‌سه‌ند زانرا سیاسه‌تێكی واقیعیانه‌ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل‌و خاكی هه‌رێمی كوردستان تیایدا پارێزراو بێت‌و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌موو توانا سیاسیی‌و دیپلۆماسییه‌كانیان بخه‌نه ‌گه‌ڕ بۆ هه‌رچی زووتر كۆتاییهاتن به‌ شه‌ڕو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ ڕێگاچاره‌ی ئاشتییانه‌و گفتوگۆ كه‌ زامنی مافه‌كانی ته‌واوی پێكهاته‌كانی سووریا بێت.
لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌:
– پارتی دیموكراتی كوردستان
– یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
– بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
– كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان
– یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان
– هاوپه‌یمانیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی
– پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی
– حیزبی سۆشیالست دیموكراتی كوردستان
– حزبی شیووعیی كوردستان
– بزووتنه‌وه‌ی ئاشووری
– به‌ره‌ی توركمانی
– پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستان
– پارتی چاكسازیی توركمانی
– ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری
– لیستی میلله‌ت
– لیستی ئه‌رمه‌ن

ڤیدیۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌:

 

Comments
Loading...