به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر  په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

3,716

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر  په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

 

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتوه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندییدار ده‌یه‌وێ دووچاری سزای خوا نه‌بێ، با گوێ بۆ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بگرێ‌و به‌ده‌میانه‌وه‌ بچن‌و پشتگوێیان نه‌خه‌ن، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بسم الله الرحمن الرحیم

 

ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندام‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كان‌و چه‌ند سه‌رنجێك

یه‌كه‌م:

سه‌ره‌تا ڕوو ده‌كه‌مه‌ تاك تاكی ئه‌و توێژه‌ به‌ڕێزه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌و پێیان ده‌ڵێم: با هه‌میشه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌دڵتاندا دره‌وشاوه‌بێ‌، كه‌ چییه‌ت‌و جه‌وهه‌ری مرۆڤـ له‌ ڕووح‌و ناخیدا شێرراوه‌ته‌وه‌، نه‌ك له‌ جه‌سته‌و ڕواڵه‌تیدا، وه‌ك شاعیر ده‌ڵێ‌: (عليك بالروح فاستكمل فضائلها، فأنت بالروح لا بالجسم أنسان) بۆیه‌ هه‌وڵبده‌ن هه‌رچی زیاتر ناخ‌و ڕووحتان به‌هۆی ئیمان‌و كرداری باشه‌وه‌، پاك‌و چاك بكه‌ن ئه‌وكاته‌ گرفتی جه‌سته‌یی زیانتان لێنادات.

 

دووه‌م:

هه‌ركه‌سێك عه‌قڵ‌و ویژدانی هه‌بێ‌، به‌هۆی جه‌سته‌و ئه‌ندامه‌كانییه‌وه‌ خۆی به‌سه‌ر كه‌سدا بانادات‌و شانازیی ناكات، چونكه‌ عه‌یبه‌ مرۆڤـ خۆی به‌شتێكه‌وه‌ هه‌ڵبكێشێ‌، كه‌ خوای به‌خشه‌ر پێیداوه‌و، هیچ ئازایه‌تیی خۆی تێیدا نیه‌، هه‌روه‌ها بابای عاقڵ‌و به‌ویژدان به‌هۆی گرفتی جه‌سته‌ییشه‌وه‌، به‌كه‌م ته‌ماشای كه‌س ناكات‌و وشه‌و ته‌عبیرێكیش به‌كارناهێنێ‌، مایه‌ی ناڕه‌حه‌تیی بێت! وه‌ك خوا فه‌رموویه‌تی: (…وَلَا تَلْمِزُوا أَنفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ…) الحجرات -11-.

 

سێ‌یه‌م:

له‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگاو دامه‌زراوه‌ حكوومیی‌و ماحكوومییه‌كان پێویسته‌ به‌پێ‌ی توانایان بوارو ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و توێژه‌ به‌ڕێزه‌ بڕه‌خسێنن‌و ئاسانكارییان بۆ بكه‌ن، كه‌ ڕۆڵی خۆیان له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا بگێڕن.

 

چواره‌م:

پێویسته‌ هه‌رچی زووترو جیددییتر حكوومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندییداره‌كان ئاوڕێكی باش له‌و توێژه‌ به‌ڕێزه‌ بده‌نه‌وه‌، له‌ڕووی ژیان‌و گوزه‌ران‌و ته‌ندرووستیی‌و په‌روه‌رده‌و…هتده‌وه‌، نه‌ك ناچاریان بكه‌ن خۆپێشاندان بكه‌ن‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕن به‌و گرفته‌ جه‌سته‌ییانه‌شه‌وه‌ كه‌ هه‌یانن!

 

پێنجه‌م:

هیوادارم هه‌ركام له‌ حكوومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و كه‌رتی گشتیی‌و كه‌رتی تایبه‌تیی پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی باشتر له‌شارو شارۆچكه‌كاندا له‌ڕووی جاده‌و شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌، كه‌ ئه‌و توێژه‌ به‌ڕێزه‌ باشترو ئاسانتر هه‌ڵس‌و كه‌وت‌و جم‌و جۆڵ‌و چالاكیی خۆی ئه‌نجام بدات.

 

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم:

با ئه‌وه‌ بۆ به‌رپرسانی وڵات ببێته‌ عیبڕه‌ت كه‌ خوای دادگه‌ر گله‌یی له‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی موحه‌ممه‌د “صلی الله علیه‌ وسلم” كردوه‌ به‌هۆی ڕووگرژكردن‌و چاك گوێ‌ نه‌گرتنیه‌وه‌ بۆ بابایه‌كی نابینا: (عَبَسَ وَتَوَلّى . أَن جَاءَهُ الْأَعْمَى) العبس -2,1-.

كه‌واته‌: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ‌ دووچاری سزای خوا نه‌بن به‌جیددیی گوێ‌ بۆ ئه‌و توێژه‌ بگرن‌و ڕێزیان لێبگرن‌و به‌ده‌میانه‌وه‌ بچن.

عـه‌لـی بــاپــیر

6/ ڕه‌بیعی دووه‌م/1441

3/12/2019

هـه‌ولـێـر

Comments
Loading...