مامۆستا عه‌لی باپیر پێشوازیی له‌ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی پێشووی كۆمه‌ڵ ده‌كات‌

3,116

هه‌ولێر: مامۆستا عه‌لی باپیر پێشوازیی له‌ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی پێشووی كۆمه‌ڵ ده‌كات‌و، ئه‌وانیش به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رخه‌ری كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ده‌بن

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5/2/2020 مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له‌ مه‌كته‌بی تایبه‌تی خۆی له‌شاری هه‌ولێر پێشوازیی كرد له‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تیی پێشووی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، كه‌ پێكهاتبوون له‌ مامۆستایان (نازم عه‌بدوڵڵاو، حاجی قاسم موسته‌فاو، حاجی دڵشاد گه‌رمیانیی‌و، حاجی عه‌بدوڕه‌حمان ئه‌حمه‌دو، غازی حه‌مه‌دئه‌مین‌و، عه‌بدولحه‌مید جه‌لال‌و، تۆفیق كه‌ریم)، كه‌ وه‌ك زۆر له‌برایانی دیكه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كاروانی ڕابوونی ئیسلامیی‌و ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌و، له‌وكاروانه‌دا هه‌ورازو نشێوی زۆریان بڕیوه‌.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا مامۆستا عه‌لی باپیر خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانه‌كیان ده‌ربڕیی‌و ڕایگه‌یاند: كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی شانازیی ده‌كات به‌كه‌سانی وه‌ك ئێوه‌ بۆ پێشخستن‌و ده‌وڵه‌مه‌نتركردنی كاری ئیسلامیی‌و كاروانی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵ به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا، كه‌ ناوچه‌كه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێت‌و له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریی گه‌وره‌دایه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ به‌یارمه‌تیی خواو هه‌وڵ‌و هیممه‌تی هه‌موولایه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌كۆنگره‌ی چواره‌مدا، كه‌ له‌داهاتوویه‌كی نیزیكدا ده‌به‌سترێ‌ۆ گۆڕانكاریی ئیجابیی تێدا ئه‌نجام بدرێ‌‌و، به‌نه‌فه‌سێكی تازه‌و پڕئومێده‌وه‌ كۆتایی پێ‌بێ‌.
له‌به‌رانبه‌ردا برایان سوپاسی مامۆستا عه‌لی باپیریان كرد له‌پێشوازیی گه‌رمی‌و متمانه‌ی زۆری به‌وان‌و به‌ڵێنیشیان دا كه‌ هه‌میشه‌ به‌شێكبن له‌و كاروانه‌ ئیسلامییه‌، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و پشتیوانێكی به‌هێزی جێ‌به‌جێ‌كردنی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی كۆمه‌ڵی ئیسلامیین‌و سه‌رخه‌ری كۆنگره‌ ده‌بن‌و، له‌وپێناوه‌شدا ئه‌سپی خۆیان تاوده‌ده‌ن.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدالستار مه‌جید ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی‌و، حه‌سه‌ن بابه‌كر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ ئاماده‌ بوون.

ڤیدیۆی هه‌واڵ:

 

لێدوان
Loading...