مامۆستا عەلی باپیر جارێكی دیكه‌ بابه‌تێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆڕۆنا ده‌نووسێ و بڵاوده‌كاته‌وه‌

4,034

مامۆستا عەلی باپیر جارێكی دیكه‌ بابه‌تێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆڕۆنا ده‌نووسێ و بڵاوده‌كاته‌وه‌

مامۆستا عەلی باپیر جارێكی دیكه‌ بابه‌تێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆڕۆنا ده‌نووسێ و بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌ناو و نیشانی: (نۆ هۆشداریی له‌مه‌ڕ كۆڕۆنا)، له‌به‌شێكی بابه‌ته‌كه‌دا هاتوه‌: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌،‌ به‌هه‌موولایه‌ك ده‌كرێ، هه‌موولایه‌ك مه‌به‌ستم تاك تاكی هاوڵاتییانه، ‌به‌بێ هه‌ڵاواردن، چونكه ئه‌گه‌ر‌ له‌سه‌د (100) كه‌س یه‌كێكیان كه‌مته‌رخه‌م بێ، هه‌موویان گیرۆده ده‌بن.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌رهۆكارێكه‌وه‌ تووشی ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بن، به‌چاوی ڕێزو سۆزه‌وه‌ ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك تۆمه‌تبار یان تاوانبار.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌دا مامۆستا عه‌لی باپیر ده‌ڵێ: ڤایرۆسی كۆڕۆنا “كه‌ هێنده‌ ورده‌ به‌چاو نابینرێ” دنیای ڕاته‌كاندو مرۆڤایه‌تیی ڕاچڵه‌كاندو هه‌ژاندو، به‌تریلیۆنان دۆلار زیانی له‌ئابووریی زلهێزانداو، سه‌رجه‌م حوكمڕانانی دنیای هێنایه‌ سه‌رخه‌ت، شتێكی شووره‌یی و دواكه‌وتووانه‌یه،‌ نكووڵیی لێبكرێ و ته‌فسیری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی بۆ بكرێ “وه‌ك جه‌نگی بایۆلۆجیی!”

 

بسم الله الرحمن الرحیم

 

نۆ هۆشداریی له‌مه‌ڕ كۆڕۆنا

به‌ڕێزان!

له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا مه‌ترسی ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌سه‌رتاسه‌ری دنیاو له‌وڵاتی ئێمه‌شدا، ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانم به‌پێویستم زانی جارێكی دیكه‌ش، له‌دوو توێی (9) هۆشدارییدا، چه‌ند قسه‌یه‌كی دڵسۆزانه‌تان بۆ بكه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ ده (10)‌ سه‌رنجه‌كاندا ده‌بنه‌ (19)، چونكه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر به‌هۆی چوار قسه‌ی خێری منه‌وه‌، كه‌سانێك له‌مه‌ترسیی ئه‌و په‌تایه‌‌ بپارێزرێن و سه‌لامه‌ت بن و، نه‌یانكه‌م، گوناهبار ده‌بم:

 

یازده‌: مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌گه‌رنا هه‌میشه‌ هاوسه‌نگیی و خه‌تی نێوه‌ڕاست گرتن (الإتزان والتوسط) هه‌ق به‌مرۆڤ ده‌پێكێ، بۆیه‌ش خوا فه‌رموویه‌تی: (وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا…) البقرة -143-، ئنجا هه‌ست ده‌كه‌م له‌بواری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌تایه‌دا، كه‌سانێك گیرۆده‌ی زێده‌ڕۆیی و كه‌سانێكیش گرفتاری كه‌مته‌رخه‌میی بوون، كه‌ بێگومان زۆر شڵه‌ژان و دڵه‌ڕاوكه‌و، به‌هه‌موو پژمین و كۆكینێك ڕاچڵه‌كین، زێده‌ڕۆیی (إفراط)ه‌و، گوێ نه‌دان به‌ڕێنماییه‌كانی پزیشك و پسپۆڕانی ته‌ندروستیش، كه‌مته‌رخه‌میی (تفريط)ه‌.

 

دوازده‌: به‌پێی فه‌رمایشتی خوا: (…وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ…) البقرة -195-، واته‌: به‌ده‌ستی خۆتان خۆ مه‌فه‌وتێنن، هه‌ركه‌س كه‌مته‌رخه‌م بێ له‌خۆپاراستنداو، گوێ به‌ئامۆژگاریی پزیشك و پسپۆڕه‌كان نه‌دات، با دڵنیابێ به‌ئه‌ندازه‌ی زیان پێگه‌یشتنی گوناهباره‌و، ئه‌گه‌ر پێشی بفه‌وتێ، حوكمی خۆكوشتن (إنتحار)ی هه‌یه‌، چونكه‌ مردن هه‌ر مردنه‌و، كوشتن هه‌ر كوشتنه‌ به‌هه‌ر ئامڕازێك بێ، وه‌ك گوتراوه‌: {چ گورگ بتخوات، چ سوار بتبات}.

 

سێزده‌: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌،‌ به‌هه‌موولایه‌ك ده‌كرێ، هه‌موولایه‌ك مه‌به‌ستم تاك تاكی هاوڵاتییانه، ‌به‌بێ هه‌ڵاواردن، چونكه ئه‌گه‌ر‌ له‌سه‌د (100) كه‌س یه‌كێكیان كه‌مته‌رخه‌م بێ، هه‌موویان گیرۆده ده‌بن، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا “صلی الله علیه وسلم” بێنینه‌وه‌ یاد كه‌ (بخاري: 2493) هێناویه‌تی و باسی سواربووانی كه‌شتییه‌ك ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كیان كونێكی تێبكات، تێكڕاو وێكڕا نغرۆ ده‌بن و ده‌خنكێن، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێگریی لێ بكه‌ین.

 

چوارده‌: ڕاستییه‌كی واقیعیی و سه‌لمێنراوێكی زانستییه،‌ كه‌ حاڵه‌تی ڕووحیی و ده‌روونیی، ڕۆڵێكی یه‌كجار كاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌، به‌ هه‌ردووك باری ئه‌رێنیی و نه‌رێنیی (إيجابي و سلبي)دا، بۆیه‌ پێویسته‌ كارله‌سه‌رخۆمان بكه‌ین كه‌ له‌ڕووی مه‌عنه‌ویی و ده‌روونییه‌وه‌، هێمن و دامه‌زراو و نه‌له‌خشاو بین و، دووربین له‌ هه‌ڵپه‌هه‌ڵپ و دڵه‌ڕاوكه‌و بێ ئۆقره‌یی، واته‌: با وانه‌بین كه‌ (له‌ترسی مردنێ بمرین)و هێنده‌ له‌ده‌روونه‌وه‌ تێشكاوبین، خۆمان زه‌مینه‌ی نه‌خۆشكه‌وتن خۆشبكه‌ین و، هه‌ركات تووشی بووین، پێش وه‌خته‌ خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دابێ و، هیچ به‌رگه‌ی نه‌گرین!

 

دڵسۆزانه‌ش به‌سه‌رجه‌م براو خوشكانم ده‌ڵێم: كاریگه‌رترین هۆكاری دڵنیایی و نه‌له‌خشاویی، ئیمان و په‌یوه‌ندیی توندو تۆڵ و گه‌رم و گوڕه‌ له‌گه‌ڵ خوادا، وه‌ك خوای په‌نهانبین فه‌رموویه‌تی: (الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) الرعد -28-، واته‌: ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه‌و دڵیان به‌یادی خوا ئۆقره‌ ده‌گرێ، ئه‌ها! ته‌نیا به‌یادی خوا دڵان داده‌سكنێن و هێمن ده‌بن!

 

پازده‌: پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌رهۆكارێكه‌وه‌ تووشی ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بن، به‌چاوی ڕێزو سۆزه‌وه‌ ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك تۆمه‌تبار یان تاوانبار! چونكه‌:

 

یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ مافیانه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ چ مافی ئیمانیی، چ مافی نیشتیمانیی، یان لانی كه‌م ئینسانیی.

دووه‌م: ئه‌گه‌ربێت و به‌شێوه‌ی نادروست و دوور له‌ڕووحی برایه‌تیی و سۆزو په‌رۆش، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌دا بكه‌ین، دوور نیه‌ كه‌سانێك ئه‌و ده‌رده‌ش بگرن، له‌به‌ر مامه‌ڵه‌ی ناشایست، خۆیان حه‌شار بده‌ن، تاكو به‌ر له‌ ئازاری ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نه‌كه‌ونه‌ به‌رسزاو ئازاری ده‌وروبه‌رو نه‌كرێنه‌: {گولی (گه‌ڕیی) نێو ئاوایی!}.

 

شازده‌: خۆزگه‌ هه‌موولایه‌كمان ئه‌م حاڵه‌ته‌ نائاساییه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆی ڕه‌خساندووین، وه‌ك هه‌لێك قۆزتبامانه‌وه‌، بۆ زیاتر بۆلای خوا گه‌ڕانه‌وه‌ “به‌پابه‌ندیی زیاتر به‌ به‌رنامه‌كه‌یه‌وه‌” كه‌ بێگومان هه‌ركه‌س وابكات، له‌جیاتی زه‌ره‌رمه‌ندبوون، له‌ كۆڕۆنا به‌هره‌مه‌ند ده‌بێ و، بۆی وه‌خێر ده‌گه‌ڕێ، چونكه‌ به‌دڵنیایی ئێمه‌ له‌م سه‌رزه‌وییه‌ میوانین و بۆ تاقیكردنه‌وه‌ (إمتحان) لێره‌ دانراوین: (الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا…) الملك -2-، ئیدی دره‌نگ یان زوو هه‌رده‌بێ ئه‌م ژیانه‌ كاتییه‌ به‌جێ بهێڵین و، مردن په‌كی له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆڕۆنا نه‌كه‌وتوه‌! كه‌واته‌: بابزانین چۆن و به‌ چ هه‌گبه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چینه‌وه‌ خزمه‌ت خوا!

 

حه‌ڤده‌: جێی خۆیه‌تی زلهێزان په‌ندو عیبڕه‌تێكی گه‌وره‌ له‌م په‌تا ڤایرۆسییه‌ وه‌ربگرن و، له‌ئه‌سپی له‌خۆبایی بوون (غرور) بێنه‌ خوارو، چیدیكه‌ به‌هۆی ته‌كنۆلۆژیای به‌رهه‌می زانستێكی دوور له‌ئیمان و، حیسابی خواو قیامه‌ت تێدانه‌كراوه‌وه‌، له‌كه‌وڵی خۆیان ده‌رنه‌چن و پێیان وانه‌بێ: خۆیان هه‌مه‌كاره‌ی دنیان و، نه‌ پێویستییان به‌خه‌ڵكه‌ و نه‌ حه‌وجێی خوان!

 

هه‌ژده‌: ده‌بێ وریابین و دڵنیابین كه‌ هیچ كام له‌ پشت به‌خوا به‌ستن (التوكل علی الله)و ده‌ست به‌هۆكارانه‌وه‌ گرتن (الأخذ بالأسباب) دژو پێیچه‌وانه‌ی یه‌كدی نین، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری یه‌كدین و، یه‌كه‌میان كاری دڵ و ده‌روونه‌و، دووه‌میشیان كاری جه‌سته‌یه‌و، له‌ڕووداوی بابای ئه‌عڕابییشدا ده‌رسێكی مه‌زن هه‌یه‌، كه‌ به‌سواری حوشترێكه‌وه‌ هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا “صلی الله علیه وسلم”و گوتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا! ئایا حوشتره‌كه‌م وازلێ بێنم و پشت به‌خوا ببه‌ستم؟ فه‌رمووی: حوشتره‌كه‌ت ببه‌سته‌وه‌و پشتیش به‌خوا ببه‌سته‌، (رواه الترمذي: 2517 وابن حبان في صحيحه: 2549، وصحَّحه المناوي).

 

كه‌واته‌: با هیچكه‌س به‌بیانووی پشت به‌خوا به‌ستن و ئیمان به‌هێزبوونه‌وه‌، ڕه‌چاوكردنی هۆكاران پشتگوێ نه‌خات، هه‌روه‌ها با هیچ كه‌سیش به‌هۆی ده‌ست به‌هۆكاران گرتنه‌وه‌، لای خواو ئیمان و هێزی مه‌عنه‌ویی فه‌رامۆش نه‌كات.

 

نۆزده‌: دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا “كه‌ هێنده‌ ورده‌ به‌چاو نابینرێ” دنیای ڕاته‌كاندو مرۆڤایه‌تیی ڕاچڵه‌كاندو هه‌ژاندو، به‌تریلیۆنان دۆلار زیانی له‌ئابووریی زلهێزانداو، سه‌رجه‌م حوكمڕانانی دنیای هێنایه‌ سه‌رخه‌ت، شتێكی شووره‌یی و دواكه‌وتووانه‌یه،‌ نكووڵیی لێبكرێ و ته‌فسیری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی بۆ بكرێ “وه‌ك جه‌نگی بایۆلۆجیی!” به‌ڵكو با وه‌ك خۆی بیبینین و مامه‌ڵه‌یه‌كی شه‌رعییانه‌ی ژیرانه‌و زانستییانه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌م نۆزده‌ سه‌رنج و هۆشدارییه‌ش هه‌ر له‌و پێناوه‌دان و، هیوادارم ئه‌و ئامانجه‌ بپێكین.

 

 

دڵسۆزی هه‌موولایه‌ك: عه‌لی باپـیـر

18/ ڕه‌جه‌ب/1441كـ

13/3/2020ز

هه‌ولێر

Comments
Loading...