به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر پایامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

3,981

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر پایامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

 

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر پایامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و، له‌به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ومانگه‌دا هه‌رچی زیاتر، كات له‌خزمه‌ت قوڕئاندا به‌سه‌ر به‌رین به‌خوێندنه‌وه‌ی و تێوه‌ڕامانی و لێتێگه‌یشتنی و له‌به‌ركردنی.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: ئه‌م مانگی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵمان له‌بارودۆخێكی کۆڕۆناویی سه‌خت و دژواردا “كه‌ دنیای داگرتوه‌” دێ، ئنجا ئه‌مه‌ش ده‌بێ پاڵنه‌رمان بێ بۆ هه‌رچی باشتر خۆپاك و چاككردن و له‌خوا نیزیكبوونه‌وه‌، چونكه‌ بێگومان له‌كووره‌ی به‌ڵاو گرفتاریی و مه‌ینه‌تییه‌كاندا، نه‌فسی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌ردو ئاسنیش بێ، نه‌رم ده‌بێ و حاڵه‌تی بوغڕایی و له‌كه‌وڵی خۆ ده‌رچوونی، نامێنێ.

سه‌باره‌ت به‌كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌مانیش مامۆستا عه‌لی باپیر ڕایگییاند: مادام بەپێی زانیاریی وەزارەتی تەندروستیی مەترسیی پەتای کۆڕۆنا لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زۆر كەم بووبێتەوە، یان نەمابێ، هەرچی زووترە دەرگای مزگەوتەکان “ئەگەر بە چەند مەرجێکیشەوە بێ” بکرێنەوە

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر:

 

مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكی زێڕینە، با باشترین بەهرەی لێوەربگرین

بسم الله الرحمن الرحیم

يَا أَيُّهَا الّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلّكُمْ تَتَّقُونَ -183-، البقرة

   جه‌ماوه‌ری مسوڵمانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رشوێنێكی دیكه‌ كه‌ ده‌نگمان پێی ده‌گات!

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی پڕ پیت و پێزی ڕه‌مه‌زان، ئه‌م چه‌ند قسه‌یه‌م له‌خزمه‌تتاندا هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان گه‌وره‌ی مانگەکانی ساڵه‌و، خوای كارزان هه‌ڵیبژاردوه‌ بۆ تێدا دابه‌زاندنی قوڕئان: (شَهْرُ رَمَضَانَ الّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ…) البقرة -185-، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ومانگه‌دا هه‌رچی زیاتر، كات له‌خزمه‌ت قوڕئاندا به‌سه‌ر به‌رین به‌خوێندنه‌وه‌ی و تێوه‌ڕامانی و لێتێگه‌یشتنی و له‌به‌ركردنی و…هتد.

پێغه‌مبه‌ری خواش “صلی الله علیه وسلم” له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا (جبریل) قوڕئانی پێ ده‌ور ده‌كرده‌وه‌ “هه‌رچه‌نده‌ به‌شه‌و و ڕۆژیش هه‌ر سه‌رگه‌رمی قوڕئانی بەرزو بەپێز بووه‌” وه‌ك (بخاري:6) هێناویه‌تی.

بۆیه‌ وا په‌سنده‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ له‌نوێژی ته‌راویحی ڕه‌مه‌زاندا، هه‌رشه‌وه‌ی جوزئێك قوڕئان بخوێندرێ و، له‌ماوه‌ی مانگه‌كه‌دا هه‌موو قوڕئان ته‌واوبكرێ، نه‌ك به‌په‌له‌ پڕووزه‌و وه‌ك ڕاونران، نوێژه‌كان ئه‌نجام بدرێن!

دووه‌م: ئه‌م مانگی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵمان له‌بارودۆخێكی کۆڕۆناویی سه‌خت و دژواردا “كه‌ دنیای داگرتوه‌” دێ، ئنجا ئه‌مه‌ش ده‌بێ پاڵنه‌رمان بێ بۆ هه‌رچی باشتر خۆپاك و چاككردن (تزکیة)و له‌خوا نیزیكبوونه‌وه‌، چونكه‌ بێگومان له‌كووره‌ی به‌ڵاو گرفتاریی و مه‌ینه‌تییه‌كاندا، نه‌فسی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌ردو ئاسنیش بێ، نه‌رم ده‌بێ و حاڵه‌تی بوغڕایی و له‌كه‌وڵی خۆ ده‌رچوونی، نامێنێ.

سێیه‌م: زۆر گرنگه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕۆژووبوونی جه‌سته‌و ڕواڵه‌تمان له‌خواردن و خواردنه‌وه‌، ناخ وڕووحیشمان به‌ڕۆژووبێ و، خۆمان بپارێزین نه‌ك هه‌ر له‌گوناهو خراپه‌ی ڕواڵه‌تیی، بگره‌ له‌گوناهه‌ ده‌روونیی و په‌نهانه‌كانیش وه‌ك: بوغزو كینه‌و دڵڕەقیی و خۆبه‌زلگریی و خۆپه‌سندیی و حه‌سوودیی…هتد، وه‌ك خوا فه‌رموویه‌تی: (وَذَرُوا ظَاهِرَ الْإِثْمِ وَبَاطِنَهُ…) الأنعام -120-، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌بێ ئاگایی (غفلة) و قسه‌و ڕه‌فتاری پووچ (لغو)و كات به‌فیڕۆدانی به‌به‌لاشیش، وەک خوای پەنهانبین لە وەسفی بڕواداران دا فەرمویەتی: (وَالّذِينَ هُمْ عَنِ اللّغْوِ مُعْرِضُونَ) المؤمنون -3-.

چواره‌م: بێگومان خودی به‌ڕۆژووبوون و خۆ گرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌، خواپه‌رستییه‌كی گه‌وره‌و گرنگه‌و، به‌ڕۆژوو بوون له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا، یه‌كێك له‌پێنج پایه‌و دروشمه‌كانی مسوڵمانه‌تیی هه‌رتاكێكی مسوڵمانە، به‌ڵام خوای میهره‌بان و به‌خشه‌ر، پێیڕاگه‌یاندووین كه‌ ئامانج و حیكمه‌تی ڕۆژووگرتن په‌یدابوونی پارێزكاریی (تقوی)یه‌: (كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلّكُمْ تَتَّقُونَ) البقرة -183-.

هیچ گومانیشی تێدانیه‌ كه‌ چه‌مك و واتای پارێزكاریی، وێڕای خۆپاراستن له‌گوناهو خراپه‌ ڕواڵه‌تیی و په‌نهانه‌كان و، خۆ بژاركردن له‌ خووخده‌ نزم و په‌سته‌كان و، خۆڕازاندنه‌وه‌ به‌ ئاكارو خه‌سڵه‌ته‌ به‌رزو په‌سنده‌كان، خۆپاراستن لە دەردو نەخۆشییەکانیش دەگرێتەوەو، بەدڵنیایی یەکێک لە بەرهەمەکانی ڕۆژووگرتن تەندروست (صحة الجسم) بوونە، بەڵام، ئەم بەرهەمە، بەڕۆژووگرتنی شەرعییانەی ڕاست دێتەدی و، ئەو کەسەی ئێوارەو پارشێو بە زیادەوە قەرەبووی ژەمی نیوەڕۆ دەکاتەوە، زۆر نیزیکە لە جیاتی ساغ بوون، بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە تووشی دەردو نەخۆشیی ببێ!

پێنجەم: هەروەها مانگی ڕەمەزان مانگی بەخشین و خێرو چاکەی ماددیی و مەعنەوییە، وەک دایکمان عائشة “خوا لێی ڕازی بێ” لە بارەی پێغەمبەری خواوە  “صلی الله علیه وسلم” گوتوویەتی: پێغەمبەری خوا سەخییترین و بەخشەرترین کەس بوو بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا، کە جبریل پێی دەگەیشت، کە لە هەموو شەوەکانی ڕەمەزاندا قوڕئانی لەگەڵ دەور دەکردەوە، وەک: (بخاري:٦و مسلم:2308) هێناویانە.

شەشەم: لە ڕاستییدا ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزانیش وەک سەرجەم ئەرکە شەرعییەکانی دیکە، بەڵێ خواپەرستییەکە بۆ خوا ئەنجامی دەدەین، بەڵام ئەوە خۆمانین لێی بەهرەمەند دەبین، هەروەک چۆن بە تاوان و لادانیش بەس خۆمان زەرەرمەند دەبین: (مَنْ عَمِلَ صَالِحًا فَلِنَفْسِهِ ، وَمَنْ أَسَاءَ فَعَلَيْهَا…) الجاثیة -15-، بێگومانیش دروستکراوەکانی خوای پەروەردگار زۆر له‌وه‌ بچووکترن کە بە چاکەکانیان سوودی پێبگەیەنن، یان بە خراپەکانیان زیانی لێبدەن!

حەوتەم: خوای میهرەبان یارمەتیمان بدات هەموولایەک بتوانین ئەم مانگە موباڕەکە، لەم بارودۆخە هەستیارو دژوارە کۆڕۆناوییەدا، کە بە ویستی حەکیمانەی خوای کاربەجێ بەسەر خەڵکی دنیادا سەپێنراوەو، دیاریش نیە کەی کۆتایی دێ!  بکەینه‌ وێستگەیەکی گرنگی تەمەنمان، بۆ هەرچی زیاتر تێگەیشتن و پێگەیشتنمان، چونکە هیچ کاممان نازانین کەی کۆتایی بەم ژیانە دنیاییەمان دێ و، گڵۆڵەی تەمەنمان دەپێچرێتەوەو بەرەومەنزڵگای ژیانی ئەبەدیی دەکەوینە ڕێ، خوای بەبەزەیی و بەخشەربین فەرمویەتی: (يَا أَيُّهَا الّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللّهَ وَلْتَنْظُرْ نَفْسٌ مَا قَدَّمَتْ لِغَدٍ) الحشر -18-،  واتە: ئەی بڕوادارینە! پارێز لە خوا بکەن و با هەرکەسە سەرنج بدات! چی بۆ سبەینێ “کە قیامەتە” پێشخستوە؟.

هیواداریشم مادام بەپێی زانیاریی وەزارەتی تەندروستیی مەترسیی پەتای کۆڕۆنا لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، زۆر كەم بووبێتەوە، یان نەمابێ، هەرچی زووترە دەرگای مزگەوتەکان “ئەگەر بە چەند مەرجێکیشەوە بێ” بکرێنەوە، کە سەرچاوەی نوورو خێرو بەرەکەتن و شوێنی ئۆخژن و ئۆقره‌یی و ئارامیی ڕووح و جه‌سته‌كانه‌…

#مامۆستا_عه‌لی_باپیر

                                                                                 برای دڵسۆزتان: عەلی باپـیر

                                                                                       30/شعبان/ 1441 كـ

                                                                                          23/4/2020ز

                                                                                            هه‌ولـێـر

 

 

گرافیك

لێدوان
Loading...