هه‌ولێر: به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیر، ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆبۆوه‌

3,959

هه‌ولێر: به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیر، ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆبۆوه‌

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26/4/2020 ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵ، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌ره‌تا هیوای خواست تاعه‌ت‌و ڕۆژی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌مسوڵمانان به‌گشتیی‌و، مسوڵمانانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی قبووڵ بكات‌و، پیرۆزبایی هاتنی ئه‌م مانگه‌ش له‌هه‌موولایه‌ك پیرۆزده‌كات.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی عێڕاق به‌گشتیی‌و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیی باس‌و خواسی لێوه‌كرا، كه‌ ئێستا ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی خراپی حوكمڕانیی ئه‌م وڵاته‌ی تووشی قه‌یرانی دارایی‌و سیاسیی بووه‌و، هاوڵاتییان پێوه‌ گرفتاربوون‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ی درووست كردبوو، سوپاس بۆ خوا كه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌عێڕاق‌و هه‌رێمی كوردستان كه‌متر بوو و، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی پابه‌ندی هاوڵاتییان به‌گشتیی به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌رز نرخاند.

هاوكات ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی به‌پێویستی زانی كه‌ سوپاس‌و پێزانینی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ حكوومییه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كان بكات كه‌ ماندووبوون‌و دڵسۆزانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئه‌ركیان كێشا له‌وماوه‌یه‌داو، ئێستاش له‌م قۆناغه‌دا “كه‌ حاڵه‌ته‌كان به‌ره‌و نه‌مان چوون” ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی داوا ده‌كات به‌پێ‌ی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌په‌له‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بدات.

هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی سوپاسی كۆی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كرد سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندییان به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵ بدات بژێوی هاوڵاتییان به‌گشتیی‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌تیی دابین بكات.

 

ڤیدیۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌:

لێدوان
Loading...