مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

8,272

مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌ لادانی پارێزبه‌ندیی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران به‌گشتیی‌و، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی به‌تایبه‌تی مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیره‌:

بسم الله الرحمن الرحیم

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتیی

به‌پێویستم زانی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ند سه‌رنجێك بخه‌مه‌ڕوو:

1- له‌لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و عێڕاقیش به‌بارودۆخێكی زۆر هه‌ستیارو دژواردا ڕه‌ت ده‌بن، كه‌ پێویستیمان به‌ هه‌رچی زیاتر پاراستنی ته‌بایی‌و یه‌كڕیزیی هه‌یه‌و، گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌م هه‌ل‌و مه‌رجه‌دا كه‌ خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ر چاوه‌ڕێ‌ی چاره‌سه‌ركرانی گرفت‌و كێشه‌كانی گوزه‌رانیان ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی لابردنی پارێزبه‌ندیی (حصانه‌) له‌سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێك شتێكی سه‌یرو نالۆژیكییه‌!

2- بێگومان هیچ كه‌س نكووڵیی له‌جێ‌به‌جێ‌كردنی یاسا ناكات‌و ئێمه‌ش گرفتاری پێشێلكرانی یاساین، به‌ڵام یاسا نابێ‌ به‌ بانێكه‌و دوو هه‌وا پیاده‌بكرێ‌‌و وه‌ك لاستیك به‌كه‌یفی خۆت به‌ره‌ولای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتی بكێشێ‌‌و، ئه‌گه‌ر زانیت قازانجته‌ په‌نای بۆ به‌ری‌و، ئه‌گه‌ر زانیشت بۆت باش نیه‌ پێشێلی بكه‌ی!

3- ئێمه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ لابردنی پارێزبه‌ندیی په‌رله‌مانتاران نه‌بووین‌و نابین، مادام به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتن‌و قسكه‌كردنه‌وه‌ بێ‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ مانای بێده‌نگ كردنی په‌رله‌مانتارانه‌و په‌كخستنی گرنگترین كاروچالاكییانه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ گرتن‌و چاودێریی كردنی حكوومه‌ت‌و دام‌و ده‌زگاكانه‌.

4- لێره‌وه‌ش زۆر سوپاس‌و ده‌ستخۆشیی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ هاوده‌نگه‌كانیش ده‌كه‌م، كه‌ كه‌ ئاماده‌نه‌بوون مل بده‌ن بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێموایه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی به‌سومعه‌ی په‌رله‌مان‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌مان‌و خودی خۆیشی گه‌یاندو، درزێكی سیاسیی گه‌وره‌ی په‌یداكرد.

5- جێ‌ی سه‌رسوڕمانیشه‌ كه‌ پارتی دوێنێ‌ گوێ‌ی به‌داواكاریی حه‌وت فراكسیۆنی جۆراوجۆری په‌رله‌مان نه‌دا، بۆ چاوپێداگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵ‌و هه‌نگاوه‌ی، ئایا ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌هه‌موو كه‌س‌و لایه‌نێك “به‌حه‌ق یان ناحه‌ق” له‌م وڵاته‌دا زیاتر به‌هره‌مه‌نده‌ نه‌ده‌بوو به‌ته‌نگ پاراستنی ته‌بایی‌و یه‌كڕیزییه‌وه‌بێ‌؟!.

6- هیواداریشم هیچ كه‌س گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ژێر زه‌خت‌و فشاردا ده‌ستبه‌رداری هه‌ڵوێسته‌ مه‌بده‌ئییه‌كانی بێت، به‌تایبه‌ت وه‌ده‌نگ هاتن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی‌و به‌رگریی له‌چینی هه‌ژارو نه‌دار.

7- كاك سۆران عومه‌ریش كادیرێكی دڵسۆزو كارای كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌و، هیچ كات لاریی نه‌بووه‌ له‌ ئاماده‌بوون له‌به‌رده‌م دادگادا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ دادگاییه‌كی دادگه‌رانه‌و بێ‌ غه‌ره‌ز بكرێ‌.

 

برای دڵسۆزتان: عه‌لی باپیر
7/5/2020
14/ ره‌مه‌زانی/1441

لێدوان
Loading...