پرسه‌نامه‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی (د. مصطفى خرم دڵ)ه‌وه‌

3,678

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پرسەنامەیەكی ئاڕاستەی خانەوادەی د. موستەفا خرم دڵ دەكات

بەبۆنەی كۆچی دوایی د. موستەفا خرم دڵ، زانای پایەبەرزی خۆرهەڵاتی كوردستان، مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پرسەنامەیەكی ئاڕاستەی خانەوادەو دۆستانی كۆچكردوو كرد، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

پرسه‌نامه‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی (د. مصطفى خرم دڵ)ه‌وه‌


بسم الله الرحمن الرحیم

مِّنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ ۖ فَمِنْهُم مَّن قَضَىٰ نَحْبَهُ وَمِنْهُم مَّن يَنتَظِرُ ۖ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا

به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی زانای ناودارو پایه‌به‌رزی كورد (د. مصطفى خرم دڵ)ه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیی له‌خێزان‌و خزمانی‌و نیزیكانی‌و سه‌رجه‌م مسوڵمانانی كوردستان به‌گشتیی‌و كوردستانی ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) به‌تایبه‌ت ده‌كه‌م‌و له‌خوای به‌خشه‌رو میهره‌بان داواكارم لـێ‌ی خۆشبێ‌‌و له‌به‌هه‌شته‌ ڕازاوه‌و نه‌بڕاوه‌كانی خۆیدا نیشته‌جێ‌ی بكات‌و، له‌جیهانی به‌رزه‌خدا به‌دیداری پێغه‌مبه‌ری خاته‌م (موحه‌ممه‌د) “صلی الله علیه‌ وسلم”و هاوه‌ڵانیی‌و زاناو پێشه‌وایانی ئیسلامی شاد بكات.
بێگومان له‌ده‌ستدانی زاناو پێشه‌وایه‌كی پایه‌به‌رز‌و خزمه‌تگوزاری وه‌ك (د. مصطفى) مایه‌ی خه‌م‌و په‌ژاره‌ی زۆره‌ بۆ هه‌ر دڵسۆزێكی ئیسلام‌و مسوڵمانان له‌كوردستان‌و غه‌یری كوردستانیشدا، چونكه‌ كۆچی دوایی كه‌سایه‌تییه‌كی ئاوا ناوازه‌و هه‌ڵكه‌وتوو، كه‌لێنێك په‌یدا ده‌كات، به‌ئاسانیی پڕناكرێته‌وه‌.
شایانی باسیشه‌ جه‌نابی دكتۆری ڕه‌حمه‌تیی خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌می نایابه‌ له‌نووسراو و وه‌رگێڕراو، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مانه‌ گرنگترینیان بن:
1- وه‌رگێڕانی ته‌فسیری (في ظلال القرآن)ی (سید قطب) بۆ فارسیی.
2- ته‌فسیری قوڕئان به‌كوردیی به‌ناوی: (شنه‌ی ڕه‌حمه‌ت).
3- ته‌فسیری قوڕئان به‌فارسیی (تفسیر نور).
4- ته‌فسیری قوڕئان به‌ عه‌ڕه‌بیی (التفسیر المقتطف).
5- وه‌رگێڕانی (المفصل في أحكام المرأة والبيت المسلم)ی (د. عبدالكریم زیدان) بۆ فارسیی.
دووباره‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی له‌سه‌رجه‌م نیزیكانی (د. مصطفی) ده‌كه‌م‌و خوا ئارامیی‌و ئۆخژنیان به‌سه‌ر دڵ‌و ده‌رووندا بڕێژێ‌‌و، به‌باشتریش پاداشتیان بداته‌وه‌و، ته‌وفیقی وه‌فادارییشیان پێ‌ بدات به‌رانبه‌ر به‌ مامۆستای ڕه‌حمه‌تیی‌و ڕێبازه‌كه‌ی‌و، به‌هره‌وه‌رگرتن له‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌و شوێنه‌واره‌كانی.

عه‌لی باپـیـر
2/شه‌ووال/1441كـ
25/5/2020ز

لێدوان
Loading...