هه‌ولێر: كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆبوونه‌وه‌

5,815

هه‌ولێر: كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆبوونه‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/6/2020 مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له‌ مه‌كته‌بی تایبه‌تی خۆی له‌شاری هه‌ولێر پێشوازیی كرد له‌ كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و وه‌فدێكی یاوه‌ریی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌راندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تێیدا ئاماده‌بوون، سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا، دۆخی خراپ‌و ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌و هه‌رێمی كوردستان قسه‌و باسی له‌باره‌وه‌ كرا.

هاوكات هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخ‌و گوزه‌رانی ناهه‌مواری خه‌ڵك‌و فه‌رمانبه‌ران مایه‌ی نیگه‌رانیی قووڵه‌و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هه‌رچی زووه‌ ڕێگاچاره‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ بدۆزنه‌وه‌، له‌پێناو ده‌ربازكردنی هه‌رێم له‌ فه‌وتان‌و له‌ناوچوون.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كرا، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌و شه‌فافانه‌ ئیداره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت‌و كێشه‌كانی بودجه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بده‌ن، هه‌روه‌ك كاریان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان نه‌كردووه‌و نوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك نه‌بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌رده‌وام بارودۆخی سیاسیی‌و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ڕوو له‌ داڕمان بێت.

بۆیه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی چاك بكاته‌وه‌و ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازكردنی خه‌ڵك له‌ نه‌هامه‌تیی‌و، قه‌یرانی دارایی درێژخایه‌ن بدۆزێته‌وه‌.

 

ڤیدیۆی هه‌واڵ

کۆبوونەوەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد

Posted by ‎راگەیاندنی مەکتەبی مامۆستا عەلی باپیر‎ on Monday, June 29, 2020

لێدوان
Loading...