به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

3,176

 

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیر په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

بسم اللە الرحمن الرحیم

جەماوەری بەڕێزو خۆشەویستی مسوڵمانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، السلام علیکم ورحمة اللە وبرکاتە…
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ ساڵی (١٤٤١)ی کۆچی، لەناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرم لەهەموو لایەک دەکەم، لەخوای پەروەردگار داواکارم تەمەنی هەموو لایەکمان پڕ بەرەکەت بکات، وە خوا بەلوتف و کەڕەمی خۆی ئەم ڕۆژە بگێڕێ بە مایەی تەبایی و شادومانی و دڵخۆشی هەموو لایەک.
هەر بەو بۆنەشەوە لەخوای پەروەردگار داواکارم هەموو ئەوانەشی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەست داوە، هەموو ئەوانەی لەبازنەی ئیمان و ئیسلامدان، خوا بەلوتف و کەڕەمی خۆی لێیان خۆش بێ و، بەپلەکانی بەهەشتییان بگەیەنێ، وە خوا شیفای ئەوانەش بدات، کە تا ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گرفتارن، ئەوانەش کە سەلامەت بوون تا ئێستا، خوای پەروەردگار یارمەتیمان بدات، زیاتر هۆکارەکانی خۆ پاراستن لەو نەخۆشی و پەتایە ڕەچاو بکەین، بۆ ئەوەی پارێزراوو سەلامەت بین، چونکە بێگومان نەخۆشی تاقیکردنەوەیەکی خوایە بۆ مرۆڤەکان، ئەم پەتایەش دیارە کە حاڵەتێکی جیهانی پەیدا کردوە، بەڵام ئەوانەش کە زیاتر لەخۆ وریان و، زیاتر خۆ دەپارێزن، وە ڕێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ دەکەن، بەپێی سیستەمێک کە خوا (سبحانە وتعالی) دایناوە لەژیانی بەشەردا، چ لە بەرانبەر ئەو پەتایە، چ لەبەرانبەر هەر نەخۆشی و پەتایەکی دیکە، مرۆڤ ئەگەر خۆ لەهۆکارەکانی نەخۆش بوون بپارێزێ، دیارە سەلامەت دەبێ، وە بێگومان وەک گوتم نەخۆشیش تاقیکردنەوەو گرفتاری و بەڵایە، مرۆڤ دەبێ خۆی لێ بپارێزێ.

هەر بەو بۆنەیەشەوە ڕوو دەکەمە هەموو خەڵکی مسوڵمانی هەرێمی کوردستان و، دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش، وە هەرکەسێک دەنگی ئێمەی پێ دەگات، دەڵێم: ئەم بۆنەیەی جەژنی قوربان بۆنەیەکی گرنگە، ئێمە لەئیسلامدا دوو جەژنی دینیمان هەن، هەڵبەتە جەژن و بۆنەو یادی دیکە زۆرن، بەڵام دوو ڕۆژمان وەک جەژن و دروشمێکی دینداری مسوڵمانان تێیاندا جەژن و خۆشی و شادی دەگێڕن، یەکەمیان: جەژنی مانگی ڕەمەزانە، کە دوای گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان دێ، ئەوی دیکەشیان جەژنی قوربانە، کە لەدوای جێبەجێکردنی زۆربەی خوا پەرستیەکانی حەج، لەلایەن ئەو حاجیانەوە کە بە نوێنەرایەتی مسوڵمانانەوە دەچن، لە بەلەدی حەڕام خواپەرستیەکان ئەنجام دەدەن، بەو بۆنەشەوە ئەم ڕۆژە دەکرێ بەڕۆژی شادی و خۆشی، من داوا لەهەموو لایەک دەکەم کە ئەم ڕۆژە وەک هەلێکی زێڕین بقۆزینەوە، بۆ قووڵکردنەوەی تەبایی و ئاشتەوایی، چ لە چوارچێوەی خێزان، چ لەچوارچێوەی گەڕەک و گوندو شار، وە چ لەچوارچێوەی کۆمەڵگاکەمان بەگشتی، بێگومان ئیسلام دینی تەبایی و هاوکاری و پێکەوەژیانە، دینی دەستبار بۆیەکدی گرتن و بەزەیی بەرانبەر بەیەکدی نواندنە، دینی هەموو ئەو بەها بەرزانەیە، بۆیە ئێمە کاتێک ناوی مسوڵمانەتی پڕ بەپێستمان دەبێ، وە ناوەکەمان لێ خەسار نابێ، کە نێوەڕۆکێکی بەوشێوەمان هەبێ، کە ناوەکەمان لێمان دەخوازێ، بەتایبەت لەڕووی مامەڵەی کۆمەڵایەتی و، خۆ ڕازاندنەوە بەڕەوشت و ئەدەب و بەها بەرزەکانەوە.

بێگومان دەزانم کە ڕێکارو هۆکارەکانی خۆپارێزی لە کۆڕۆنا وایان کردوە، کە هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتیەکان و سەردان و هاموشۆی جەژن وەک جاران نەبێ، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ بەهۆی ئامڕازەکانی پەیوەندیەوە، بەتایبەت بە تەلەفۆن، ئەم کەلێنە باش پڕ بکاتەوە، مرۆڤ دەرفەتێکی باشتری دەست دەکەوێ بیر بکاتەوە، وە دۆست و خزم و کەسێک کە پێویستە بەسەری بکاتەوە، یەکدی بەسەر بکەنەوە.

هەر لێرەشەوە جارێکی دیکە ڕوو دەکەمە هەموو خەڵک و جەماوەر: با زۆر وریا بین، بەداخەوە کە دەڵێم: لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا لاسایی کردنەوەی کوێرانەی خوە خراپەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا زۆرە، لەڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا شتی باش زۆرە، چ لەڕووی ڕەوشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چ لەڕووی فیکری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو هەڵسوکەوت کردن، شتی باش زۆرە، بەڵام بەداخەوە! ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی ئێمە، بەتایبەت چینی تازە پێگەیشتوومان، ئەو پەندەمان بەسەردا دەچەسپێ، کە دەڵێ: تەیری گول عاشقی داری ژەقنەمووتە، کەسانێک بەسەردان دەچن بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەوێوە لەجیاتی شتە باشەکانیان بهێننەوە، هەندێک عادەت و نەریتی خراپ دەهێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی، هەروەها کەسانێک لێرەوە کە سەرسام و  موعجەبن بە ڕۆژ‌‌هەڵات و ڕۆژئاوا، لەجیاتی ئەوەی تەماشای شتە باشەکانیان بکەن، کە ئەوان پێیان بەرەو پێش چوون، چ لەڕووی سیاسی، چ لەرووی کۆمەڵایەتی، چ لە ڕووی ئابووری، چ لەڕووی فیکری، لەجیاتی ئەوە تەماشای شتە خراپەکانیان دەکەن.

وە لێرەشەوە من هۆشداری دەدەمە هەموو تاکێکی کۆمەڵگایەکەی خۆمان کە وریا بن! لاسایی کردنەوەی کوێرانە هیچ کۆمەڵگایەک بەهیچ شتێکی باش ناگەیەنێ، هەمیشە ئەوانەی لەشتە خراپەکاندا تەماشای خەڵک دەکەن، بەدڵنیایی بەرەو دوا دەچن، وە کۆمەڵگاکەیان بەرەو گەندەڵی دەچێ، بەداخەوە! هەندێک لەو کەناڵانەی کە بەپارەی حەڕام تەمویل دەکرێن، هەمیشە سەرگەرمی ئەوەن چۆن گەنجەکانمان زیاتر لەخشتە بەرن، لەنێوەڕۆکی مسوڵمانانەی خۆیان خاڵیان بکەنەوە، وە چۆن زیاتر دینداریان لەلا سپات بکەنەوە، وە چۆن غەریزەکانیان بجوڵێنن، ئەو غەریزانەی کە پێویست بەجوڵاندنیان ناکا، خوا (سبحانە وتعالی) تەیرو توالیشی فێرکردوە کەچۆن غەریزەکانی خۆیان تێر بکەن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی کە لەڕووی فیکری و ڕووحی ئاکارییەوە، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە خەڵکەکەمان هۆشیار بکەنەوە، دەیانەوێ خەڵکەکەمان بەنج بکەن! با وریای ئەو کەناڵانە بین، وە نیشانەیەکی گەورەی پرسیار بخەنە سەر کەناڵەکە؟! وە ئەوەشی لەپشت کەناڵەکەوەیەو تەمویلی دەکات.

لێرەشەوە جارێکی دیکە روو دەکەمە بەرپرسانی ئەم وڵاتەوە، کە بەداخەوە بەهۆی هەندێک هەڵەی کوشندە کە هەندێک لەبەرپرسەکانمان ئەنجامیان داوە، هەرێمەکەمان زۆر پووکاوەتەوە، زۆر بچووک بۆتەوە، وە ئەگەر لەسەر ئەو بیرکردنەوە هەڵەیەی کە ئەم هەرێمەی پێ ئیدارە دراوە بەردەوام بن، وڵاتەکەمان زیاتر دەپووکێتەوە، زیاتر بچووک دەبێتەوە، کێشەو گرفتەکانی نێو خۆمان، هەروەها لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ زیاتر دەبن، جێی خۆیەتی کە ئەم ڕۆژە بکرێتە ڕۆژێک بۆ بەخۆدا چوونەوەو، چاو بەخۆدا گێڕانەوەو ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمان، بیربکەینەوە کە چ شتێک ئێمەی بە ئێرە گەیاندوە، لەماوەی بیست و هەشت ساڵی ڕابردوودا بەوشێوە ئیدارەدانە سەقەتەی کە ئەم وڵاتەمان پێ ئیدارە داوە، کە ژێرخانێکی ئابووریمان نیە، بەرهەمی خۆماڵیمان نیە، بەداخەوە کە جووتیاران و کەسانێکمان هەن کە خۆماندوو دەکەن بەبەرهەمی خۆماڵیەوە، بەڵام هەندێک دەوڵەمەندی شەریکە دز لەگەڵ هەندێک لەبەرپرسەکان، بەرهەمی دیکە دێنن، بەرهەمە خۆماڵیەکە ئەو قیمەت و بەهایەی نابێ، خەڵک پشت ساردو دڵ سارد دەبێ لە کاسبی و ڕەنجدانی تا بەرهەمی خۆماڵی بخاتە نێو بازاڕەوە، جێی خۆیەتی کە ئەو بەرپرسانەی تا ئێستا ئەم وڵاتەیان بەوشێوە ئیدارە داوە، هەڵوێستەیەکی باش بکەن، بیرێکی باش لەخۆیان بکەنەوە، وە پەند لەهەڵەکان وەربگرین، بەشێوازێک ئەوەی کە وڵاتی ئێمەی وا لێکردوە، کۆمەڵگاکەمانی نائومێد و دڵسارد کردوە، ئەوانە بگۆڕین و لابەرین، وە خۆمان بەو ڕەوشت و ئاکارە سیاسیە ڕاست و ڕێکانە بڕازێنینەوە، کە زیاتر مایەی پەیدا بوونەوەی متمانەی خەڵک بن، بە کۆی پڕۆسەی سیاسی و، بەکۆی ئەزموون و قەوارەکەمان، وە چی دیکە کارێک نەکەین، کەخەڵک نائومێد بێ و دڵ سارد بێ، وە خەڵک بیربکاتەوە لەشتێک کە سەرەنجام خۆشی و وڵاتەکەشمان هەمووی لێ زیانبار بێ.

جارێکی دیکەش جەژنی هەموو لایەک موبارەک بێ، خوا بەلوتف و کەڕەمی خۆی هەموو لایەک لەو دەردو بەڵاو پەتایە بپارێزێ، وە خوا بەلوتف و کەڕەمی خۆی دەروویەکی خێرمان لێ بکاتەوە، وامان لێ بکات کە هەڵوەستەیەکی جددی بکەین، هەڵەکانمان راست بکەینەوە، خۆمان لە خراپەکان بژار بکەین، لە چاکەکان زیاد بکەین.

والسلام علیکم ورحمة اللە وبرکاتە.

 

لێدوان
Loading...