مامۆستا عه‌لی باپیر سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ده‌زگای به‌خشین‌و، سۆمای چاوان‌و، فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ده‌كات

3,261

مامۆستا عه‌لی باپیر سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ده‌زگای به‌خشین‌و، سۆمای چاوان‌و، فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌ند و ئۆڕگانه‌كانی ده‌كات

 
له‌نامه‌یه‌ك دا مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان سوپاسنامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌رسێ ده‌زگای به‌خشین‌و، سۆمای چاوان‌و، فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ده‌كات، كه‌ له‌ڕابردوودا ڕۆڵ‌و كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌ یارمه‌تییدانی هه‌ژاران‌و لێقه‌وماوان به‌ دروستكردنی خانوو و، پێدانی مووچه‌ به‌ بێ باوكان‌و…هتد،
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نا‌مه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیره‌:
 
بسم الله الرحمن الرحيم
 
سوپاس‌و پێزانین بۆ ده‌زگای به‌خشین‌و، سۆمای
چاوان‌و، فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ
 
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ارْكَعُوا وَاسْجُدُوا وَاعْبُدُوا رَبَّكُمْ وَافْعَلُوا الْخَيْرَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) -77- الحج
به‌ڕێزان !
بارودۆخی ته‌نگ‌و تاڵ‌و پڕگرفتاریی ئێستامان له‌ كه‌س شێرراوه‌ نیه،‌ به‌ تایبه‌ت بۆ خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌دارو ئاتاج، بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی سوپاس‌و پێزانین‌و قه‌درزانیی له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ پێشكه‌شی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ بكه‌م، به‌ تایبه‌ت و، به‌گشتییش هی تێكڕای مه‌ڵبه‌ند و ئۆڕگانه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا، هه‌ركامیان ڕۆڵێكی گرنگ‌و به‌رچاوی گێڕاوه‌ له‌ گه‌یاندنی هاوكاریی خه‌ڵكی خێرخواز، به‌كه‌سانی شایسته‌ (مستحق) له‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و، تا ڕادده‌یه‌ك ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌بێ جیاوازیی‌و تێخوێندنه‌وه‌ی پاشخانی سیاسیی، به‌م شێوه‌یه‌ی خوارێ:
 
یه‌كه‌م: ده‌زگای به‌خشین:
1- دروستكردنی (150) خانوو له‌ ماوه‌ی (11) ساڵی ڕابردوودا.
2- دروستكردنی سێكته‌ری ته‌ندروستیی، كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ سلێمانیی‌و، سێ كۆمه‌ڵگای پزیشكی له‌ شاره‌كانی: هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدو كه‌لار‌و چه‌مچه‌ماڵداو، ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ (500) كه‌سدا، خۆی ده‌نوێنێ.
3- ته‌نیا له‌ مانگی كه‌ره‌نتینه‌دا له‌: (17/03/2020) تاكو (22/04/2020)، ده‌زگای به‌خشین زیاتر له‌ (8000) سه‌به‌ته‌ی خۆراكی به‌سه‌ر هه‌ژارو هه‌تیوان‌و كه‌مئه‌نداماندا دابه‌شكرده‌.
4- له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا بڕی: حه‌و سه‌دو حه‌فتاو پێنج ملیۆن‌و حه‌و سه‌دو سێ هه‌زار (775,703,000) دیناری له‌ چه‌ندان كارو پڕۆژه‌ی جۆراوجۆردا دابه‌شكردوه‌، وه‌ك: دروستكردنی خانوو، سه‌به‌ته‌ی خۆراك، كورسی شه‌حن، دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی منداڵانی بێ باب، دابه‌شكردنی جل‌و به‌رگ، هاوكاریی نه‌خۆش…هتد.
5- به‌خشین پێش جه‌ژنی قوربان هه‌ڵسا به‌ ئه‌نجامدانی: دابه‌شكردنی: (2740) سه‌به‌ته‌ی خۆراك‌و، مووچه‌ی (689) منداڵی بێ باب، له‌ جه‌ژنی قوربانیشدا (677) ئاژه‌ڵی گه‌وره‌و گچكه‌ی كردنه‌ قوربانیی: (99) ڕه‌شه‌ وڵاخ‌و (578) ئاژه‌ڵی ورد.
 
دووه‌م: ڕێكخراوی سۆمای چاوان:
ئه‌م ڕێكخراوه‌ش جم‌و جۆڵ‌و چالاكییه‌كی باشی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری خزمه‌تكردنی منداڵانی بێ باب (أیتام ویتامی)دا:
1- مانگانه‌ مووچه‌ی (500) خێزانی بێ باب دابین ده‌كات، كه‌ مووچه‌كه‌یان له‌ نێوان: (50,000) په‌نجا هه‌زار دینار تاكو: (300) دۆلاردایه‌.
 
2- به‌ڕیوه‌بردنی سێ قوتابخانه‌ بۆ:
أ-كوڕان
ب-كچان
ج- دایكان.
3- دابینكردنی گۆشتی قوربانیی‌و جل‌و به‌رگ‌و كه‌ل‌و په‌لی نێو ماڵ “به‌پێی پێویست”و چاره‌سه‌ری نه‌خۆش، بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و (500) خێزانه‌.
 
سێیه‌م: فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان:
فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامییش وێڕای كاروچالاكییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی، له‌ گه‌رمه‌ گه‌رمی كه‌ره‌نتینه‌و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی كۆڕۆنادا، قۆڵی هیممه‌تیان لێ هه‌ڵماڵی‌و، چه‌ند كارێكی خێرخوازیی، گرنگیان ئه‌نجامدان وه‌ك:
1- دابه‌شكردنی (8000) سه‌به‌ته‌ی خۆراك له‌ پارێزگاكانی: هه‌ولێرو سلێمانیی‌و هه‌ڵه‌بجه‌دا.
2- گه‌یاندنی (300) سه‌به‌ته‌ی خۆراك به‌ پارێزگای دهۆك.
3- دابه‌شكردنی زیاتر له‌ (50,000) په‌نجا هه‌زار دۆلار به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئاتاجدا.
4- گه‌یاندنی هاوكاریی به‌ ئاواره‌كانی ڕۆژئاوا.
بۆیه‌ ده‌ستخۆشیی له‌ هه‌موو لایه‌كیان ده‌كه‌م‌و، خوا له‌وانیش‌و له‌و خێرخوازه‌ دڵسۆزو به‌ ڕه‌حمانه‌شی قبووڵ بفه‌رموێ، كه‌ له‌ته‌نگاناندا، وه‌ك هه‌ندێك به‌رپرس‌و سامانداری چرووك، خۆیان ناشارنه‌وه‌و ده‌به‌خشن، خوا به‌ باشترین پاداشتیان بداته‌وه‌و، له‌ ماڵ‌و سامانی حه‌ڵاڵیان بۆ زیاد بكات‌و له‌ هی حه‌ڕام‌و پیس بیانپارێزێ، كه ‌نه‌به‌ره‌كه‌تی دنیاو، نه‌ پاداشتی قیامه‌تیشی هه‌یه‌.
ده‌ستتان خۆشبێ‌و خوا پاداشتتان بداته‌وه‌، ئه‌ندامه‌ بۆ خواو بۆ خه‌ڵك دڵسۆزه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی! كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌بوونیی‌و نه‌داریی خۆتاندا، هه‌وڵده‌ده‌ن باری شانی نه‌دارو ئاتاجان سووك بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ كۆكردنه‌وه‌و گه‌یاندنی ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ ماڵ‌و سامانی به‌شێك له‌ خێرخوازانیش بێ، پێیان.
له‌ حاڵێكدا كه‌ زۆرێك له‌ به‌رپرسانی خۆبه‌سه‌ر خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ردا باده‌رو فیزو كه‌شخه‌كه‌ر، له‌ ڕۆژانی سه‌غڵه‌تیی‌و ته‌نگانه‌دا، خۆیان له‌ هه‌موو كه‌س ده‌شارنه‌وه‌و، سه‌رگه‌رمی عه‌یش‌و نۆشی حه‌ڕامانه‌ی خۆیانن، به‌ پاره‌ی خه‌ڵك‌و وڵات!
براتان: عه‌لی باپـیر
19/12/1441 ك
09/08/2020 ز

لێدوان
Loading...