هه‌ولێر: مامۆستا عه‌لی باپیر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك مامۆستاو زانای ئاینیی كۆده‌بێته‌وه‌

2,706

هه‌ولێر: مامۆستا عه‌لی باپیر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك مامۆستاو زانای ئاینیی كۆده‌بێته‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26/8/2020 مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تیی‌، ئاماده‌ی كۆڕێك بوو كه هه‌ردوو‌ نووسینگه‌ی هه‌ولێرو ده‌ورووبه‌ری هه‌ولێری ناوه‌ندی زانایان‌و بانگه‌وازی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ئاماده‌ی كردبوو به‌ناو و نیشانی: (گرنگترین ئه‌ركه‌كانی مامۆستایان‌و زانایان له‌م قۆناغه‌دا) بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان‌و زانایانی ئاینیی شاری هه‌ولێرو ده‌ورووبه‌ری هه‌ولێر.

 

له‌سه‌ره‌تادا مامۆستا عه‌لی باپیر تیشكی خسته‌ سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی گۆڕه‌پانی هه‌رێمی كوردستان‌و عێڕاق به‌گشتیی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌دۆخی نا له‌باری ته‌ندروستیی‌و قه‌یرانی دارایی هاوڵاتییان كردو، هیوای خواست كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته‌ كۆتایی به‌و باره‌ نه‌هه‌مواره‌ بێنن‌و ده‌ست له‌ گه‌نده‌ڵیی‌و قۆرخكاریی هه‌ڵبگرن‌و، چاكسازییه‌كی ڕیشه‌یی دوور له‌ مووچه‌و قووتی مووچه‌خۆران ده‌ست پێبكه‌ن، مامۆستا عه‌لی باپیر ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ئاوا به‌رده‌وام بێ، خه‌ڵك ناچاره‌ داوای مافی خۆی بكات‌و خۆپێشاندان بكات ئه‌وكاته‌ كێشه‌كان زیاتر ده‌بن‌و هیچ ئاسۆیه‌كی ڕوونیش نامێنێ‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم جگه‌ له‌ ملكه‌چ بوون بۆ چاكسازییه‌كی ڕیشه‌یی‌و ڕاسته‌قینه‌.

 

هاوكات ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕۆل‌و كاریگه‌ریی مامۆستایان‌و زانایان له‌ په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كاندا له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وكاتانه‌ی كه‌ گه‌نج‌و لاوه‌كانمان ڕووبه‌ڕووی لادانی فیكریی‌و ئایدۆلۆژیا ده‌بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ك مامۆستا عه‌لی باپیر جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ مامۆستایان‌و زانایانی ئاینیی وریای پێگه‌و كه‌سایه‌تیی خۆیان بن‌و هه‌رده‌م وه‌ك پێشه‌نگ بمێننه‌وه‌و، هۆشیارانه‌ترو چاوكراوه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو پێشهاته‌كاندا بكه‌ن.

 

 هه‌روه‌ها ئه‌میری كۆمه‌ڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ماوه‌ی (30) ساڵی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست كه‌سانێكه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خه‌می دین‌و ژینی خه‌ڵكیان نه‌خواردوه‌و، ته‌نها له‌خه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیاندا بوون‌و به‌مه‌ش وڵات تووشی جۆره‌ها قه‌یران بوو.

 

له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر باسی له‌وه‌ش كرد زۆرجار حیزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم هه‌وڵیانداوه‌ مامۆستایانی ئایینی به‌كاربێنن بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌وشێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌ی كه‌ له‌سه‌ری ڕۆیشتوون، به‌ڵام هه‌ر مامۆستایه‌كی ئایینی بچێته‌ ژێر ئه‌و ئه‌جێندایه‌وه‌ سه‌ره‌نجام پێگه‌و پله‌و پایه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ چوو.

به‌شێك له‌ وتاری مامۆستا عه‌لی باپیر:

هه‌ولێر: مامۆستا عه‌لی باپیر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك مامۆستاو زانای ئاینیی كۆده‌بێته‌وه‌https://alibapir.net/?p=7283&…

Posted by ‎راگەیاندنی مەکتەبی مامۆستا عەلی باپیر‎ on Wednesday, August 26, 2020

لێدوان
Loading...