ڕاگه‌یانراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

5,107

ڕاگه‌یانراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30/8/2020 به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له‌شاری سلێمانیی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌…

بسم الله الرحمن الرحیم

پاش زیاتر لە چارەكە سەدەیەك لە دەستەڵاتی خۆماڵی لەهەرێمی كوردستان، بەداخەوە بەهۆی خەراپی بەرێوەبردنی حوكمداریی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتیی‌و یەكێتییەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیران‌و مەینەتییەكانی سەرهاوڵاتییان ڕوو لە هەڵكشانەو لە لێواری تەقینەوەدایە، دەستەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە پێناو وەدەستهێنانی بەرژەوەندییە شەخسیی‌و حیزبییەكان نەیانتوانیوە ڕێگریی لەئەنجامدانی گەندەڵیی‌و بەهەدەردانی سەروەت‌و سامانی گشتیی بكەن‌و چاكسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدەن، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیریی سیاسیی‌و كۆمەڵایەتیی‌و ئابوریی‌و تەواوی ئاڵۆزییەكانی هەرێمی كوردستانەو بەرپرسیاری یەكەم لەئاڵۆزییەكان‌و خەراپی باروگوزەرانی خەڵكی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارن.

كۆمەڵی ئیسلامی بەردەوامە لەسەر هەڵوێستی چەسپاوی خۆی كە لەسەری ناسراوەو پێناسەی كۆمەڵی ئیسلامییە كە پشتگیرو داكۆكی كاری داخوازییەكانی جەماوەری ستەمدیدەی گەلی كوردستانە.

هەڵوێستە سیاسییەكانمان‌و ڕۆڵی فراكسیۆنەكانمان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان‌و بەغداد ئەو راستییە دەسەلمێنن‌و، گەلەكۆمەكردن لە پەرلەمانتارمان‌و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە كۆمەڵ لەبەرەی خەڵكەو داكۆكیی لەداخوازییەكانیان دەكات‌و لەوپێناوەشدا باجی داوە، كۆمەڵ هەموو ڕێگایەكی مەدەنیی‌و دیبلۆماسی لە بەردەمیدا كراوەیەو دەیگرێتەبەر لەپێناو سووككردنی باری قورسی سەرشانی هاوڵاتییان‌و دەربازكردنیان لەو قەیرانە بەرفراوانەی بۆیان خولقێنراوە.

گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەشێوازی مەدەنیی بەمافی ڕەوای هاوڵاتییان دەزانین‌و پشتیوانی لێ دەكەین، دوور لە توندووتیژیی‌و هەڵكوتانە سەر شوێنەگشتیەكان.

جێگای خۆیەتی لایەنی دەستەڵات لەبەرانبەر هاوڵاتییانی ناڕازیی‌و خۆپیشاندەر توندوتیژیی بەكارنەهێنێ‌و خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی ئازارو زیندانیكردن نەكاتەوەو، هەر لێرەشەوە داواكارین ئەوهاوڵاتییانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لەشوێنە جیاوازەكان دەستگیر كراون ئازاد بكرێن.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی چالاكیی‌و هەڵوێستەكانی فراكسیۆنی لە پەرلەمانی كوردستانی بەرز پێناسەكردو هەنگاوەكانی بەخەباتی ڕاستەقینەی كاری پەرلەمانی وەسفكردو پشتگیریی خۆی بۆ فراكسیۆنەكە دەربڕیی.

لەسەر پرسی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامییش بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ دەبوو كۆنگرەی چوارەم ببەسترایە، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناو بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی ئەندامان‌و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بەستنی كۆنگرە لەوادەی خۆیدا ئەنجامنەدراو هەركات بارودۆخی پەتاكە مەترسییەكانی كەم بوویەوە لەنزیكترین كاتی گونجاودا كۆمەڵ كۆنگرەی خۆی دەبەستێت.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی

٣٠ /٨ ٢٠٢٠

ڤیدیۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌:

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30/8/2020 به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له‌شاری سلێمانیی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا…

Posted by ‎راگەیاندنی مەکتەبی مامۆستا عەلی باپیر‎ on Sunday, August 30, 2020

لێدوان
Loading...