به‌رهه‌می نوێ/ به‌رگی دووه‌می مه‌وسووعه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌نێوان وه‌حیی و واقیعدا

4,110
  • 283
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    283
    Shares

به‌رهه‌می نوێ

به‌رگی دووه‌می مه‌وسووعه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌نێوان وه‌حیی و واقیعدا ئێستا له‌بازاڕه‌

كتێبی دووه‌م

هێڵه‌ گشتییه‌كانی ڕێبازی جه‌ماوه‌ری مسوڵمانان 

 

پێناسەو بەسەرهاتی پەیدابوونی ئەم مەوسووعەیە

 خوێنەری سەنگین و شیرین!

ئەم مەوسووعەیەی: (بیركردنەوەی ئیسلامیی لەنێوان وەحیی و واقیعدا) كۆی ئەو چل و نۆ (49) دەرسەیە كەبەندە لەنێوان ڕۆژانی: (21/10/2016) تاكو (5/5/2017)دا، پێشكەشی كۆمەڵێكی بژاردە لە براو خوشكانم كردوون، لەخولێكدا كە (ناوەندی ڕاهێنان و گەشەپێدان) كردبوویەوەو سەرجەم دەرسەكانیش لە كەناڵی تایبەتی بەندە لە یویتوب:

 دانراون

شایانی باسیشە كە كۆی ئەو چل و نۆ دەرسە، لەلایەن برای دڵسۆزم كاك (قاسم سەلام)ەوە هێنراونە سەركاغەزو تایپ كراون و، پاش چاو پێداگێڕانەوەی وردی خۆم، دووبارە هەڵەچن كراونەتەوە، تاكو بەم ئاكامە گەیشتوون كە دەیبینی، بۆیە بەپێویستی دەزانم لەناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینمی عەرز بكەم و، لەخوای بەخشەریش داواكارم بەباشترین شێوە پاداشتی بداتەوە.

هەڵبەتە لەمێژیشە گەیشتوومەتە ئەوقەناعەت و بڕوایە، كە كێشەی گەورەی مسوڵمان و هۆكاری بنەڕەتیی دواكەوتوویی و پەرێشانییان لەم ڕۆژگارەدا، بریتیە لە كەمتەرخەمیی و كرچ و كاڵیی و پاشان بەجێماوییان لەبواری هزرو بیركردنەوەداو، سەرەنجام بەهەڵە تێگەیشتن، بگرە زۆر جار سەرەوبن تێگەیشتنیان، لەزۆر بابەت و مەسەلەی دین و ژین!

بۆیەش بەپێویستم زانی لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەل لەوبارەوە بكەم، كە سەرەنجام ئەو بابەتەی لێ هاتەدی، كە هیوام وایە كەلێنێكی باش لەوبوارەدا بگرێ و، هۆكاری بەرچاو ڕوونبوونەوەیەكی باشی مسوڵمانان بێ لەوبارەوە.

ئنجا بەمەبەستی ئاسانتر بەهرە لێوەرگیرانی ئەم مەوسووعەیە، هەرچەندە هەرپێنج تەوەرەكەی پێكەوە پەیوەستن، بەڵام بەباشم زانی هەمووی بەپێنج كتێب چاپ و بڵاوبكەینەوە، هەرتەوەرەی لەكتێبێكی سەربەخۆدا.

لەخوای بە بەزەیی و بەخشندەش داواكارم پیت و پێزێكی شایستە بخاتە ئەم مەوسووعەیەوە، بەهەر پێنج كتێب و تەوەرەكەیەوەو، ئەوئامانجەی بۆی لەبەرچاو گیراوە، بەباشترین بیهێنێتەدی.

 

سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ ، أَشْهَدُ أَنْ لا إِلهَ إِلَّا أَنْتَ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتْوبُ إِلَيْكَ

  

10/ی ڕەجەب/1439ك

27/3/2018ز

هەولێر

  

ڕێخۆشكردن و نەخشەی گشتیی

  

پڕۆسەی كارلێك (تفاعل)ی عەقڵ و هۆشی مسوڵمانان لەگەڵ وەحیی خوای پەروەردگارو واقیعێكدا، كە تێیدا دەژین، ئەو كارلێكە، هەمیشە هۆكاری گەشە كردن و بەرەو پێش چوونیان و بەزیندووێتی مانەوەی كۆمەڵگاكانیان بووە، بە پێچەوانەشەوە: لێك دابڕانی عەقڵ و هۆشی مسوڵمانان، لە تێوەڕامانی وەحیی و چاك تێگەیشتنی واقیع، هەمیشە هۆی مردووێتیی و وەستان و بەرەودوا چوونەوەیان بووە، وەك ئێستا دەبینین.

ئەم واقیعەی ئێستا مسوڵمانانی تێدان، بەرهەمی ئەوەیە كە مسوڵمانان – بە شێوەیەكی گشتی- باش نەیانتوانیوە عەقڵ و هۆشی خۆیان بخەنە كار، لە تێوەڕامانی وەحیی و لە سەرنجدانی واقیعدا، بۆیە من وەك هەوڵ و هەنگاوێك لەم بوارەدا، بە پێویستم زانی ئەم بابەتە لە (49) ئاڵقەدا پێشكەش بكەم، لەژێر ناوونیشانی: {بیركردنەوەی ئیسلامیی لەنێوان وەحیی و واقیعدا}و، سەرجەم ئەم بابەتەش دەكەین بە پێنج تەوەرە:

تەوەری یەكەم: ڕوونكردنەوەی چەمك و چییەت و سەرگوزشتەو سەرچاوەكان و گرنگیی بیركردنەوەی ئیسلامیی.

ئەم تەوەرەش لە چوار بەشی سەرەكیی پێك دێ:

بەشی یەكەم: پێناسەی بیركردنەوەی ئیسلامیی و چەند وشەیەكی دیكەی نیزیكی.

 

بەشی دووەم: سەرنج دانێكی مێژوویی لە بیركردنەوەی ئیسلامیی لەنێوان وەحیی و واقیعدا.

بەشی سێیەم: سەرچاوەكانی بیركردنەوەی ئیسلامیی.

بەشی چوارەم: گرنگیی و پێویستیی بیركردنەوە (تفكّر) لە ئیسلامدا.

تەوەری دووەم: هێڵە گشتییەكانی ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان.

ئەم تەوەرەش لە سێ بەشی سەرەكیی و (51) كورتە باس پێكهاتوە:

بەشی یەكەم: تایبەتمەندییە گشتییەكان، (20) تایبەتمەندیی.

بەشی دووەم: تایبەتمەندییە عەقیدەییەكان، (17) تایبەتمەندیی.

بەشی سێیەم: تایبەتمەندییە ڕەوشتییەكان، (14) تایبەتمەندیی.

تەوەری سێیەم: تەوژمە فیكرییە سەرەكییەكانی مێژووی مسوڵمانان.

   كە سەرجەم بیست (20) تەوژمی جۆراو جۆرمان لێ هەڵبژاردوون و، لەبیست بەشدا خستووماننە ڕوو.

1- خەواریج.

2- موڕجیئە.

3- جەبرییە.

4- قەدەرییە.

5- جەهمییە.

6- موعتەزیلە.

7- شیعە.

8- ڕافیزە.

9- ناصیبە.

10- ئەهلی حەدیس.

11- ئەشعەرییەكان.

12- ماتوریدییەكان.

13- باطینییەكان.

چواردە (14) گرووپیشمان لە باطینییەكان باسكردوون.

14- فەلسەفەو فەیلەسووفەكان.

15- تەصەووف و صۆفییەكان.

16- مەزهەبە فیقهییەكان.

17- وەهابییە.

18- سەنووسییە.

19- مەهدییە.

20- جامیعەی ئیسلامییە.

تەوەری چوارەم: پایەكانی بیركردنەوەی ئیسلامیی.

ئەم تەوەرەش لە پێنج بەشی بنەڕەتیی پێكهاتوە:

بەشی یەكەم: بوونناسیی (علم الوجود- ontologu).

بەشی دووەم: ئیمان و عەقیدە.

بەشی سێیەم: تێڕوانینەكان (التصورات).

بەشی چوارەم: بەهایەكان (القیم).

بەشی پێنجەم: پێوەرەكان (الموازین).

تەوەری پێنجەم: چەند پرسێكی فیكریی هەنووكەیی جۆراو جۆر.

ئەم تەوەرەش لە دە (10) بابەت پێكهاتوە، كە هەركامیان لەبەشێكی سەربەخۆدا دەخەینەڕوو:

بەشی یەكەم: پەیوەندیی نێوان وەحیی و عەقڵ، تەواوكارییە.

بەشی دووەم: شەریعەتی چەسپاوو ژیان و گوزەرانی گۆڕاو!

 

بەشی سێیەم: ڕەوایی: فرەیی فیكریی و سیاسیی و ئایینی (مشروعیة التعددیة الفكریة والسیاسیة والدینیة).

بەشی چوارەم: هاووڵاتێتیی نامسوڵمانان لەنێو كۆمەڵگای ئیسلامییدا: ماف و ئازادییەكانیان.

بەشی پێنجەم: مافی چارەنووس و ئیدارەی خۆ بەدەستەوەبوونی نەتەوەكان.

بەشی شەشەم: ڕاوێژ (شوری)ی ئیسلام و دیموكڕاسی، خاڵی هاوبەش و جیاوازیان.

بەشی حەوتەم: ئافرەت و خێزان و گۆڕانكارییەكانی دنیا.

بەشی هەشتەم: تەوژم و لایەنە ئیسلامییە هاوچەرخەكان.

بەشی نۆیەم: بنەما گرنگەكانی: تەبایی و یەكڕیزیی و هاوكاریی تەوژم و لایەنە ئیسلامییەكان.

بەشی دەیەم: بنچینە سەرەكییەكانی دیندارییەكی ساغ و مسوڵمانەتییەكی ڕاست و دروست.

  

تەوەری دووەم

 

هێڵە گشتییەكانی

ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان

 

 پێشەكی ئەم كتێبە

 

 

خوێنەری بەڕێز!

ئەم كتێبی دووەمە لەمەوسووعەی: {بیركردنەوەی ئیسلامیی لەنێوان وەحیی و واقیعدا} تەوەری دووەمی بابەتی فراوانی {بیركردنەوەی ئیسلامیی…} دەگرێتە خۆی كە بریتیە لە:

{هێڵە گشتییەكانی ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان} (الخطوط العامة لمنهج جمهرة المسلمین).

شایانی باسیشە ئەم كتێبە وێڕای {دەستپێكێكی گشتی} لە سێ بەشی سەرەكیی و، پەنجاو یەك (51) باس (مبحث) پێك دێ، بەم جۆرەی خوارێ:

بەشی یەكەم: تایبەتمەندییە گشتییەكانی ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان (الخصائص العامة لمنهج جمهرة المسلمین) كە سەرجەم بیست (20) تایبەتمەندیی گشتییمان هێناون، لە ژێر ناوونیشانی بیست باس (مبحث)دا.

بەشی دووەم: تایبەتمەندییە ئیمانیی و عەقیدەییەكانی ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان (الخصائص الإیمانیة والعقدیة لمنهج جمهرة المسلمین)، كە لە ژێر ناوونیشانی حەڤدە (17) باس (مبحث)دا، حەڤدە تایبەتمەندیی ئیمانیی و عەقیدەیی بەرنامەو ڕێبازی جەماوەرو زۆرینەی ڕەهای مسوڵمانانمان خستوونە ڕوو.

بەشی سێیەم: تایبەتمەندییە ئاكارییەكانی ڕێبازی جەماوەری مسوڵمانان (الخصائص الخلقیة لمنهج جمهرة المسلمین)، لەم بەشەشدا لەژێر ناوونیشانی (14) باس (مبحث)دا چواردە ئاكارو ڕەوشتی گرنگ و بنەڕەتیی جەماوەری مسوڵمانانمان خستوونە ڕوو.

كەواتە: بە تێكڕا (20+17+14=51) پەنجاو یەك تایبەتمەندیی و نیشانەی جیاكەرەوەی ڕێبازو بەرنامەی زۆرینەو جەماوەری مسوڵمانان، لە هەموو بوارەكانی: بوونناسیی و، ئیمان و عەقیدەو، خواپەرستیی و پارێزكاریی و، ڕەوشت و ئاكارو، كۆمەڵایەتیی و، حوكم و سیاسەت و …. هتددا، لەم كتێبەدا خراونە ڕووو، تیشكی وەحیی و عەقڵ، یان شەریعەت و حیكمەتیان خراونەتە سەر.

بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوەش بگوترێ: كە هەموو ئەو تایبەتمەندییە فیكریی و ئیمانیی و عەقیدەیی و ڕەوشتیی و كۆمەڵایەتیی و سیاسییانەی لەم تەوەری دووەمەی بابەتی: (بیركردنەوەی ئیسلامیی لەنێوان وەحیی و واقیع)دا، خستووماننە ڕوو، مەرج نیە یەك یەكیان تەنیا لە زۆرینەو جەماوەری مسوڵمانان (جمهرە المسلمین)دا بوونیان بووبێ و هەبێ و، تاقم و گرووپە داهێنەرو لادەرەكان بەگشتیی، لێیان بێبەش بن! بەڵكو بەگشتیی كەم و زۆر لە تێكڕای مسوڵمانانی ئەهلی قیبلەدا بوون و هەن، بەڵام تێكڕایان و بەشێوەیەكی شایستەو پێویست، تەنیا لەو زۆرینەو جەماوەرەی مسوڵماناندا بوون و هەن، كە شوێنكەوتووی پێغەمبەری كۆتایی (محمد) (صلی اللە علیە وسلم) و، هاوەڵە دڵسۆزو بەڕێزەكانی بە گشتیی و، چوار جێنشینە ڕاشیدەكانی (أبو بكرو عمرو عثمان و علی)و، بنەماڵەو خزمانی ڕاست و ساغیی، بوون، خوا لە هەموویان ڕازی بێ.

بە دڵنیاییش ئێمەی مسوڵمان لەم ڕۆژگارەدا، لە هەموو كاتێك زیاتر حەوجێی ئەوەین كە هەرچی زیاتر ئەو ڕاستە شەقام و ڕێبازو بەرنامە تێرو تەواوەی پێغەمبەری خوا (محمد) (صلی اللە علیە وسلم) و پێشینی چاك (السلف الصالح)مان، لە هاوەڵان و خزمانی دڵسۆزو بەڕێزو ڕاست و ساغ و شوێنكەوتووانی ڕەسەنیان، لەسەری بوون و، بەپێی وی بەڕێوە چوون، لەبەر چاومان ڕوون و درەوشاوەو ئاچووغ و ئاشكرا بێ، چونكە ئیسلام و مسوڵمانان – لەم ڕۆژگارەدا – وێڕای پیلان و نەخشەی جۆراو جۆری ناحەزانی دەرەكیی، لەگەڵ چەندان بیرۆكەو بۆچوونی لادەرانەو نامۆو ڕیزپەڕی نێوخۆییشدا دەستەو یەخەن.

خوا بە لوتف و بەزەیی و بەخششی بێ سنووری خۆی، سەرپەرشتییمان بكات و ئاگادارمان بێت و، لەلادان و خلیسكان لە ڕاستە شەقامی پێغەمبەرەكەی (محمد) (صلی اللە علیە وسلم) هاوەڵان و خزمانی بەڕێزو دڵسۆزی بەگشتیی و، بەتایبەت خەلیفە ڕاشیدەكانی و، خۆ بەدەستەوەدانمان بۆ ڕێچكەو كوێرە ڕێیەكان و، بیرۆكەو بۆچوونەكانیان، بمانپارێزێ.

 

سبحانك اللهم وبحمدك، أشهد أن لا إله إلاّ أنت، أستغفرك وأتوب إليك.

 

11 رجب 1438ك

28/3/2018


  • 283
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
    283
    Shares
Comments
Loading...